رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی عێراق بڕیاریدا دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026–2027 لە سەرانسەری عێراقدا بۆ رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی داهاتوو دوابخرێت، لە کاتێکدا پێشتر بڕیار بوو 20ی ئەم مانگە دەوامی فەرمی دەستپێبکات.
پەرلەمانتارێکی عێراق هۆکاری راستەقینەی دواخستنەکە بۆ نەبوونی نەختینە و چاپنەکردنی کتێبەکانی خوێندن دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەبدولکەریم عەبتان جبوری، وەزیری پەروەردە فەرمانی کردووە بە دواخستنی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026–2027 بۆ 11ی مانگی داهاتوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو دەرفەتی پێویست بدرێت بە تەواوکردنی رێکارەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەم بۆ پۆلە ناکۆتاکان، لەگەڵ ئامادەکردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی قوتابخانەکان بۆ ساڵی نوێ.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە لە دەرکردنی بڕیارەکەدا بەرزیی پلەکانی گەرما لەبەرچاو گیراوە تاوەکو سەرجەم پێداویستییە کارگێڕی و هونەرییەکان تەواو بکرێن.
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان: کێشەی دارایی هەیە و کتێب چاپ نەکراوە
لە بەرامبەردا، سوهام مونعیم، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری دیکە لە پشت دواخستنی دەوامی قوتابخانەکانە و رایدەگەیێنێت، کێشەکە پەیوەندیی بە نەبوونی بودجە و چاپنەکردنی کتێبەکانی خوێندنەوە هەیە.
سوهام مونعیم گوتی، "تاوەکو ئێستا کتێبەکان چاپ نەکراون و کێشەی زۆر لە کەرتی پەروەردەدا هەیە. بەربەستەکە لە بنەڕەتدا داراییە و پارە نییە. ئێمە وەک لیژنەی پەروەردە لەگەڵ سەرۆکوەزیران دانیشتووین و داوامان لێکردووە بە زوویی چارەسەری کێشەکە بکات، چونکە تاوەکو ئێستا پرۆگرام و کتێبە نوێیەکان لەبەردەستدا نین."
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان، لە زۆربەی قوتابخانەکان دەستکراوە بە دابەشکردنی کتێبە کۆنەکان بەسەر قوتابیاندا و گوتی، "لە پارێزگاکانی دیکە و بەتایبەت لە باشوور هەوڵمانداوە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین بەوەی کتێبی کۆن بە قوتابیان بدەین تاوەکو ئەو کاتەی چاپە نوێیەکان دەگەن. بارودۆخەکە بۆ خێزانە هەژارەکانیش سەختە کە توانای کڕینی کتێب و پێداویستییان لە بازاڕدا نییە."
سوهام مونعیم باسی لەوەش کرد کە داوایان کردووە چاپخانەی نوێ بۆ چاپکردنی کتێبەکان دیاری بکرێت و تەنانەت پەنایان بۆ شوێنە ئایینییەکان (عەتەبەکان) بردووە تاوەکو لە دابینکردنی هاوکاری و چاپکردندا یارمەتیی کەرتی پەروەردە بدەن." راشیگەیاند، "بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەبێت لەسەر ئەم دۆسیەیە، دواخستنی ساڵی خوێندنیش بۆ نزیکەی 20 رۆژ دەرفەتێکە تاوەکو ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێت پێش ئەوەی قوتابیان بچنە پۆلەکانەوە."



