رووداو دیجیتاڵ
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، دوای پێدانی گەرەنتی بۆ پاراستنی کێڵگەکان، پێویستە کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست بە وەبەرهێنان و زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە.
سەباح نوعمان رۆژی پێنجشەممە، 25-06-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵێن و گەرەنتیی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی بە کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە؛ "لە بەرامبەردا پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بە بەرهەمهێنان و زیادکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن".
گوتەبێژەکەئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو لیژنە تەکنیکییەی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، راپۆرتی خۆی داوەتە فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و ئەویش دەیگەیێنێتە لای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق".
18ی حوزەیرانی 2026 شاندە تەکنیکیەکە بە سەرۆکایەتی فەریق روکن سەعد عەلی عاتی، یاریدەدەری سوپاسالاری عێراق بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، گەیشتە هەرێمی کوردستان.
شاندەکە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و دواتر بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.
پێش ئەوەش، رۆژی 14ی حوزەیرانی 2026، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر و تەوەری سەرەکیی چۆنیەتیی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.
هەموو ئەمانەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی 03-06-2026، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوە؛ مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت، زیادکردنی بەرهەمهێنان، زیادکردنی هەناردەکردن و گەرەنتیی پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت بوو.
کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتیی پاراستنیان کردبوو بۆ ئەوەی دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر داواکەیان دەربڕیبوو.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
