رووداو دیجیتاڵ
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی بنبڕکردنی گەندەڵی رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە لەبارەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک کەسایەتیی ژن و پیاو لەسەر دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، راست نین.
ئەو روونکردنەوەیە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بە ناوی ئەو دادوەرەوە، رۆژی چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت لەبارەی دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن یان ناوھێنانی هەندێک کەسایەتیی گشتیی ژن و پیاو لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، ناڕاستن.
لە 30ی ئایاردا عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. لە 22ی حوزەیران، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی رایگەیاند، تێکڕای ئەو موڵک و ماڵانەی ئەو بەرپرسە کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت: "ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەو زانیارییە ناڕاستانە دەکەن، پێشێلی یاسا دەکەن و لە ژێر چاودێریدا دەبن و رێکاری یاسایی پێویست لەدژیان دەگیرێتەبەر".
ئەو روونکردنەوەیە دوای ئەوە بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا ناوی چەند کەسایەتییەک بڵاوکرایەوە کە گوایە لە دۆسیەی گەندەڵیی بەرپرسەکەی پێشووی وەزارەتی نەوتدا ناویان هێنراوە، لەوانە نەوار عاسم، هاوژینی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم.



