رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی پاریس و بەرلینەوە ئاسۆیەکی نوێ بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری دەکەنەوە. جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت و ببێتە مەیدانی ململانێ.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتارێکی ڤێدیۆیی عەلی زەیدیی بڵاوکردەوە.
عەلی زەیدی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی، سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات و گوتی: "پێویستە عێراق پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێتەوە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دابڕێژێتەوە. لەگەڵ پاریس دەرگای نوێی هاوکاری و وەبەرهێنان دەکەینەوە."
سەبارەت بە ئەڵمانیا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ دروستکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، پیشەسازی و زانستدا کە خزمەت بە گەشەپێدانی هەردوو وڵات بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی ئێستا بە متمانەوە سەیری جیهان دەکات و هەوڵ دەدات تواناکانی خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێکی ئابووری و هەرێمیی کاریگەر لە ناوچەکە و جیهان دا.
عەلی زەیدی، شەوی شەممە،12ـی ئەیلوولی 2026، لە رێورەسمی دەرچوونی خولێکی نوێی ئەفسەرانی کۆلێژی پۆلیس و پەیمانگەی باڵای پەرەپێدانی ئەمنی گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "رێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکی و بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان، ئێمە رژدین لەسەر هەر شتێک کە دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی گەلەکەمان بێت."


