رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێ، کێشەی حەوزەکانی ماسیی کەرکووک چارەسەر کراوە و لەمەودوا خاوەنەکانیان دەتوانن بەبێ رێگری ماسییەکانیان لە بازاڕەکانی نێو شار و دەرەوەی پارێزگاکە ساخ بکەنەوە.
مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو سەردانی عەبدولرەحیم شممەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراقم کرد و کێشەی حەوزە ماسییەکانی کەرکووکمان تاوتوێ کرد و تەواوی کێشەکان چارەسەرکران."
مازن غەریب راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی کەرکووک هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پێشتر هێنان و بردنی ماسی لە بازگەکانەوە قەدەخە کرابوو، بەڵام "ئێستا بڕیارەکە هەموو حەوزە ماسییەکانی قەزا و ناحییەکان دەگرێتەوە، وەک تەق تەق، شوان، پردێ و داقووق."
سەبارەت بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، مازن غەریب گوتی: "یەکێک لە بیانووەکانی حکومەت ئەوە بوو کە ئەو حەوزانە مۆڵەتی کارکردنیان نییە لەبەر دۆخی کەمئاوی لە عێراق لە هەنگاوەکانی داهاتوومان کار بۆ ئەو کێشەیەش دەکەین، بەڵام سەبارەت بە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە ئەمڕۆوە هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نابێت و بە ئاسانی دەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن."
عەلی زیاد، خاوەن حەوزێکی ماسی لە داقووق کە لە ساڵی 2013ـەوە خەریکی ئەو کارەیە، بە رووداوی راگەیاند، پێشتر زیاتر لە 750 حەوز لە سنوورەکەیان هەبوون، بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی قەدەخەکردنەوە ئێستا کەمتر لە 500 حەوز ماونەتەوە.
ئەو خاوەن حەوزە گلەیی لە رەفتاری بازگەکان دەکات و دەڵێت: "هەر کاتێک بمانەوێت ماسی بۆ کەرکووک ببەین، لە بازگەکانی دارەمان یان چیمەن داوای پارەیەکی زۆرمان لێ دەکەن، کەسی وا هەبووە 400 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە."
عەلی زیاد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە لە بازگەکان بدەن، قازانج ناکەن، چونکە "نرخی یەک کیلۆ ماسی زیندوو تەنیا بە سێ هەزار و 800 دینار دەفرۆشرێتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)