رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی ئیلام دەڵێ، لە 24 کاژێردا زیاتر لە 19هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەی سنووریی مێرانی پارێزگاکە بۆ بەشداریکردن لە یادی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن (تاسووعا و عاشوورا) هاتووچۆیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، حەیدەر دەشتی پوور، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانی ئیلام لە رۆژهەلاتی کوردستان رایگەیاند، "لە 16ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 131 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازە سنوورییەکەوە چوونەتە شوێنە پیرۆزەکانی عێراق".
حەیدەر دەشتی پوور گوتی، "تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 19 هەزار و 808 زیارەتکار لە سنوورەکە هاتووچۆیان کردووە."
حەیدەر دەشتی پوور ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 08:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا چوار هەزار کەس لە سنووری مێران تێپەڕیون.
دوێنێ ئەحمەد کەرەمی پارێزگاری ئیلام رایگەیاند، "خزمەتگوزارییەکان وەک شوێنی حەوانەوە، نوێژکردن و راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ زیارەتکاران ئامادەکراون."
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 7 دەروازەی سنووری هەن؛ سێ فەرمی و چواری نیمچە فەرمی.
دەروازەی سنووریی مێران یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران، زیارەتکاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.




