رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەربەلا بڕیاری دا ناوی یەکێک لە قوتابخانەکانی پارێزگاکە بەناوی (هەڵەبجە) بکات، ئەوەش وەک رێزگرتن و وەفایەک بۆ ئەو هاوسۆزی و مرۆڤدۆستییەی خەڵک و دامەزراوەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە کاتی گیانلەدەستدانی قوتابی (روقییە رافد) نیشانیان دا.
عەلی مەیاحی، جێگری پارێزگاری کەربەلا، رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم دەسپێشخەرییە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانە و ئەو خەمخۆرییە گەورەیە دێت کە لە کاتی رووداوەکەدا بینرا، کە کاریگەرییەکی دەروونی و مەعنەوی گەورەی لەسەر کەربەلا، لەوانەش ناوەندە پەروەردەییەکان دروستکرد ."
عەلی مەیاحی گوتی:"ئامانج لە هەنگاوەکە قووڵکردنەوەی بەهاکانی وەفا و برایەتی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان پارێزگاکانی عێراقە، جگە لەوەی یادکردنەوەی ئەو پێگە سیمبوولی و مێژووییەیە کە هەڵەبجە لە ویژدانی هەموو لایەک هەیەتی".
پێشتر پارێزگاری کەربەلا بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو هەڵوێستە مرۆییەی خەڵکی هەڵەبجە، بڕیاری دابوو ناوی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی کەربەلا بکاتە (هەڵەبجە).
چیرۆکی رووداوەکە بۆ 9ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک منداڵێکی تەمەن 11 ساڵی دانیشتووی کەربەلا بە ناوی (روقییە رافد) لە کاتی گەشتێکی خێزانیدا بۆ ناوچەی هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتە نێو ئاوی هاوینەهەواری زەڵم و خنکا.
دوای رووداوەکە، خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕانیان دەستپێکرد کە هەشت رۆژی خایاند. دواجار رۆژی 17ی حوزەیران تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە و رۆژی 18ـی حوزەیران بە رێوڕەسمێکی فەرمی و بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی فریاکەوتن، رەوانەی زێدی خۆی لە کەربەلا کرایەوە بۆ ئەوەی لەوێ بە خاک بسپێردرێ.



