رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە عێراق گەیشتنی 41 هەزار و 700 تۆن برنجی تایلاندی راگەیاند و بڕیارە وەک بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێ.
لومە هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە عێراق، رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "بارێکی نوێی برنجی تایلاندی لە بەندەری لازقییەی سووریاوە گەیشتووە کە بڕەکەی 41 هەزار و 700 تۆنە."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمە تایبەتمەندەکانیان سەرقاڵی رێکارە تەکنیکی و یاساییەکانن بۆ وەرگرتنی بارەکە بەپێی ئەو رێنمایی و مەرجانەی دیاریکراون.
لومە هاشم موسەوی روونیکردەوە کە کۆمپانیاکە بەردەوامە لە رێکارە لۆجیستییەکان بۆ گواستنەوە و دابینکردنی ئەم بڕە برنجە و خستنە نێو پلانی دابەشکردن، تاوەکو رەوانەی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بکرێ.
حکومەتی عێراق ساڵانە لە رێگەی گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی وەک تایلاند، ڤێتنام و ئەمریکا، بڕێکی زۆر برنج هاوردە دەکات.

