رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵ و نیوێک لە پەسندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، هێشتا یاساکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و چاوەڕێی دەرچوونی رێنمایی لە ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق دەکات. سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتیش لە لێدوانێکدا بۆ رووداو دەڵێ، رێنماییەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و هیچ گۆڕانکارییەک لە بنەمای یاساکەدا ناکرێ.
یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان بە یەک پاکێج لەگەڵ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای لێبووردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر درا، بەڵام سەرەڕای جێبەجێکردنی دوو یاساکەی دیکە، هێشتا یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان جێبەجێ نەکراوە.
"رێنماییەکان لە قۆناخی کۆتاییدان"
رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، کەریم خەمیس خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق، سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا رێنماییەکان تەواو نەبوون و بە هاوئاهەنگی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین. چەند بڕگەیەک هەبوون کە پەکخرابوون، بەڵام بەم زووانە تەواو دەبن."
ئامانجی یاساکە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەیە کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی بەعس دەریکردبوون و بەهۆیانەوە دەست بەسەر نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکماندا گیرابوو، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک.
سەبارەت بە دیاریکردنی کاتێک بۆ دەرچوونی رێنماییەکان، کەریم خەسباک دەڵێ، "ناتوانین کاتێک دیاری بکەین، بەڵام زۆر نزیکە و لە قۆناخی کۆتاییدایە؛" دڵنیاییشی دا کە هیچ ئاستەنگێکی سیاسی لەبەردەم رێنماییەکان نییە و گوتی، "هیچ رێگرییەک نییە، تەنیا چەند بڕگەیەک هەبوو کە پێویست بوو ئەنجوومەن بە هاوئاهەنگی ئەمیندارییەتیی گشتی روونیان بکاتەوە."
"رێنماییەکان دەقی یاساکە ناگۆڕن"
یەکێک لە نیگەرانییەکانی خاوەن زەوییەکان ئەوەیە کە رێنماییەکان بڕگەکانی یاساکە بە زیانی ئەوان بگۆڕن، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەو گومانانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "رێنماییەکان هیچ لە یاساکە ناگۆڕن، بەڵکو رێنمایی بۆ روونکردنەوەی یاساکەیە. نە حوکمی نوێ زیاد دەکات و نە حوکمەکانی نێو یاساکەش لادەبات."
کەریم خەسباک ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونیان، رێنماییەکان رەوانەی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەن بۆ بڵاوکردنەوە و گوتیشی، "دوای دەرچوونی رێنماییەکان و بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایع)، یاساکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
دوای چەندین جار دواخستن بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە، پەرلەمانی عێراق لە 21ی کانوونی دووەمی 2025 پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان پەسندکرد و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی رێنمایی جێبەجێکردن، یاساکە جێبەجێ نەکراوە.
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:
- بڕیاری ژمارە 369ی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
- بڕیاری ژمارە 824ی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەویین.
- بڕیاری ژمارە 949ی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.




