رووداو دیجیتاڵ
رائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، ئەوەش لەسەر بنەمای دانپێدانانی بریکارێکی پێشووی وەزارەتی نەوت لە بارەی دۆسیەیەکی گەندەڵی.
سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "درەنگی شەوی رابردوو رائید جبووری لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە ماڵەکەیدا لە سەلاحەدین دەستگیر کراوە."
رائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین، بەر لە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەو پارێزگایە بووە.
یاسین داوودی رایگەیاند، پێشتر رائید جبووری لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2023 و پەرلەمانی عێراقی 2025، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی لەسەر بووە، لە لیستی بەربژێران دوورخرایەوە.
میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، دەستگیرکردنی رائید جبووری لەسەر بنەمای دانپێدانانی عەدنان جومەیلی بووە، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی.
لە 30ی ئایاردا عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
دووشەممە 22ی حوزەیران، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، تێکڕای ئەو موڵک و ماڵانەی عەدنان جومەیلی کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک.




