رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری کەربەلا دەڵێ، تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ رێوڕەسمی ماڵئاوایی و زیارەت دەهێنرێتە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و دواتر بۆ بە خاکسپاردن دەگەڕێندرێتەوە بۆ شاری مەشهەد لە ئێران.
عەلی مەیالی، جێگری پارێزگاری کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 8ی تەممووز تەرمی عەلی خامنەیی دەهێندرێتە عێراق و رێوڕەسمی ماڵئاوایی کردن لە تەرمەکەی بەڕێوەدەچێت.
جێگری پارێزگاری کەربەلا دەڵێت، هێنانی تەرمەکە تەنیا بۆ مەبەستی ئایینی و رێوڕەسمی ماڵئاواییە؛ "بۆ ماڵئاوایی و زیارەتی ئیمام حوسێن و ئیمام عەلی دەهێنرێت و دواتر دەگەڕێندرێتەوە."
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، عەلی مەیالی ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکان لە ئاستێکی بەرزدان و گوتی، "پێشوازییەکی جەماوەریی لێدەکرێت، چونکە ئەو رێبەرە و شوێنکەوتووی هەیە، شوێنکەوتووانی شیعەش بە سنوورەکانەوە نەبەستراونەتەوە."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری کەربەلا، بەرپرسانی باڵای حکومیی عێراق و ئێران لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن. گوتیشی، "لە فڕۆکەخانەی نەجەف پێشوازی لێدەکرێت و رێوڕەسمی فەرمی و پڕۆتۆکۆڵی بۆ دەکرێت."
سەبارەت شوێنی بەخاکسپاردنی، جێگری پارێزگاری کەربەلا باسی لەوە کرد، دوای رێوڕەسمی ماڵئاوایی، بۆ بەخاکسپاردن دەگەڕێندرێتەوە بۆ مەشهەد.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026 لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر نووسینگەکەی لە تاران کوژرا.




