رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خانەقینی سنووری پارێزگای دیالە، ژمارەیەک رۆشنبیر و چالاکڤان هەڵمەتێکیان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان و بەشداریکردنیان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەستپێکردووە. بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە ناوچەکەدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو هەوڵە دەردەبڕن.
کامەران ئەحمەد مەهدی جاف، ئەندامی کارای (گرووپی یەکدەنگی) و یەکێک لە رێکخەرانی هەڵمەتەکە، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە کاروباری کارگێڕی، حیزبی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکانی مادەی 140 سەخت بووە، بۆیە پێویستیان بە یەکڕیزیی هەموو لایەنە کوردستانییەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
کامەران ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، سەردانی لقی پارتی، مەڵبەندی یەکێتی، بارەگاکانی حیزبی سۆسیالیست و حیزبی شیوعییان لە خانەقین کردووە و بڕیارە سەردانی لایەنە ئیسلامییەکانیش بکەن؛ گوتیشی: "داوا دەکەین هەمووان یەکدەنگ بن و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە یەک لیست بەشداری بکەن. بۆ ئەم مەبەستە بەڵێننامەی پابەندبوونمان ئامادەکردووە و بڕیارە لەلایەن هەموو لایەنە کوردستانییەکانەوە واژۆ بکرێ."
ئەو ئەندامەی (گرووپی یەکدەنگی) باسی لەوەش کرد، هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری خەڵک لە خانەقین بەڕێوەدەبەن و واژۆ کۆدەکەنەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵ دەدەن هەڵمەتەکە تەنیا لە خانەقین نەمێنێتەوە و تەواوی ناوچەکانی مادەی 140 بگرێتەوە.
کاروان یاروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گرووپە سەردانیان کردووین و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ هەوڵەکانیان دووپاتکردووەتەوە. کورد لە ناوچەکانی مادەی 140 پێویستیی زۆری بە یەکدەنگی و یەکڕیزییە."
هاوکات ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ یەکڕیزی و یەک لیستیی لایەنە کوردستانییەکان بووە؛ گوتیشی: "پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەو دەستەبژێرە دەکەین، کارەکانیان بەرز دەنرخێنین و ئەوەی پێویست بێت بۆ سەرکەوتنی ئەو هەوڵە دەیکەین."
بەگوێرەی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی پەسندکرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێ، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 19 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە. بەشداربوونی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردندا بە لیستی جیاواز کاریگەری لەسەر دەنگی کورد لەو ناوچانە هەبووە.



