رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق داواى لە محەممەد سەمعان، پارێزگارى کەرکووک کردووە ئامادەى کۆبوونەوەیەکیان بێت. بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەکە، ئەو بانگهێشتکردنە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى کەرکووک و جێبەجێکردنى پڕۆژەکان و کێشەکانیانە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە لیژنەى (هەرێم و پارێزگاکان و پلان و کارنامەى حکومى)ى پەرلەمانى عێراق لە 9ى ئەیلوولى 2026، ئاراستەى محەممەد سەمعانی کردووە، داواى لێدەکات کە رۆژى 16ى ئەیلوول ئامادەى کۆبوونەوەی لیژنەکەیان بێت بۆ تاوتوێکردنى پرسە پەیوەندیدارەکان بە کەرکووکەوە.
11ى ئەیلوولى 2026، ئومێد بەروارى، ئەندامى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "ئەو بانگهێشتکردنەى پارێزگارى کەرکووک بۆ تاوتوێکردنى دۆخى کەرکووک و زانینى رێژەى جێبەجێکردنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکانى پەرەپێدانە، لەگەڵ زانینى کێشە و رێگرییەکانى بەرەم پارێزگاکە و چۆنێتى چارەسەرکردنیان."
بەگوێرەى نووسراوەکەى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمان، یەکێک لەو پرسانەى لەو کۆبوونەوەیەدا باس دەکرێت، پێداویستى قەزا و ناحیەکانى کەرکووکە.
بەسمان سمۆ، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشتر لەگەڵ هەموو پارێزگارەکان کۆبوونەتەوە و بڕیارە سەرجەم پارێزگارەکانى دیکەى عێراق بە جیا لە لیژنەکەیان بانگهێشت بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)
