رووداو دیجیتاڵ
عەلی عەللاق، بەفەرمی پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ جێگرەوەکەی بەجێهێشت و بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی کرایە راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری.
رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، بەفەرمی بڕیاری گۆڕینی پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێکرا و نزار ناسر لەبری عەلی عەللاق ئەو پۆستەی وەرگرت.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی باسی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە چاکسازیی بانکی کردووەتەوە بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی سەقامگیریی دارایی و ژینگەیەکی ئابووری و وەبەرهێنانی گونجاو بۆ گەشەسەندن بڕەخسێنێت.
عەلی فالح زەیدی فەرمانی دا بەوەی عەلی عەللاق بکرێتە راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری.
یەکێک لەو بەرپرسانەی کە عەلی فالح زەیدی لە 18ی حوزەیرانی 2026 بڕیاری گۆڕینیانی دا، عەلی عەللاق بوو.
لە ساڵی 2023 بەفەرمانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عەلی عەللاق کرایە پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبری مستەفا غالیب موخیف کە ئەو پۆستەی هەبوو.



