رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد، بۆ داڕشتنی دیدگەیەکی یەکگرتوو لەبارەی دۆسیەی ئەو سزادراوە بیانییانەی لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەکە لە بەغدا و بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەچوو و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومی و ئەمنی تێیدا بەشداربوون، لەوانە: خالد شوانی، وەزیری دادی عێراق؛ عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی؛ باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی؛ قاسم عەبودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی؛ زەید حۆشی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر و شۆڕش خالد، بریکاری وەزارەتی دەرەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی داواکاریی گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریش ئامادەی بوون، باس لە داڕشتنی دیدگەیەکی یەکگرتووی عێراق کراوە لەبارەی دۆسیەی راگیراو و سزادراوە بیانییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم قۆناخی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتەیانی تەواو کردووە و دۆسیەکەیان چووەتە قۆناخی دادگەییکردن.
لە 21ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی داعشی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەستپێکرد.
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستێکی یەکگرتوو پەسەندکراوە کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عێراق دەکات، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سزادراو و راگیراوانە. بڕیاردراوە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانیان بەپێی رێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانەی سزادراو و راگیراوەکان هەڵگری رەگەزنامەیانن، بکرێت.
هەروەها بڕیاردراوە مامەڵەکردنەکە پشت بە یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و بنەمای مامەڵەی هاوشێوە ببەستێت. کۆبوونەوەکە لەسەر ئەوە رێککەوتووە کە "ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوئاهەنگیی دادوەریی نێودەوڵەتی" سەرپەرشتیی هەر دەستپێشخەری و پێشنیازێک بکات کە لەلایەن ئەو وڵاتانە یان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەبارەی پێشکەشکردنی یارمەتی و هاوکاری بۆ عێراق لەم دۆسیەیەدا پێشکەش دەکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ، قۆناخی وەرگرتنی گوتەی پێنج هەزار و 704 تۆمەتباری لە ئەندامە تیرۆریستییەکانی داعش تەواو کردووە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە."
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا دۆسیەکە چووەتە قۆناخی دادگەییکردن و رایگەیاندووە: "ئەمە گۆڕانکارییەکی سەرەکییە لە یەکێک لە گەورەترین دۆسیە دادوەری و لێکۆڵینەوەییەکانی تایبەت بە داعش، کە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان بەڕێوەدەچێت."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لێکۆڵینەوەکان لە شوباتی 2026ـەوە دەستیان پێکردووە و دەرکەوتووە تۆمەتبارەکان خەڵکی 67 وڵاتی جیاوازن، "سێ هەزار و 497ـی سووری، 474 عێراقی، هەڵگری 16 وڵاتینامەی عەرەبی، هەڵگری 19 وڵاتینامەی ئەورووپی و هەڵگری 32 وڵاتینامەی دیکەشیان تێدایە."
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان بوونە هۆی ئاشکراکردنی چەندین چەکداری مەترسیدار کە پۆستی سەرکردایەتی، ئەمنی، شەرعی، سەربازی یان میدیاییان هەبووە و پەیوەندییان بە کردەوەی تیرۆریستیی نێودەوڵەتییەوە هەبووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "شەش تۆمەتبار دەستنیشانکراون کە نێویان لە دۆسیەکانی پەیوەست بە کەنیزەککردنی کچانی ئێزدی، دەستبەسەرکردن، گواستنەوە، فرۆشتن یان سەرپەرشتیکردنی سیستمی کۆیلایەتیی داعشدا هاتووە."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، هەندێک لە دەستبەسەرکراوەکان ئازادکراون، "تۆمەتبارێکی فینلەندی رادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی و تۆمەتبارێکی ئەمریکیش رادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کراوەتەوە، هەروەها حەوت دەستبەسەرکراوی عێراقیش ئازادکراون."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "رێکارەکان بۆ ئازادکردنی 457 دەستبەسەرکراوی سووری تەواو کراون کە بەڵگەی پێویستیان لەسەر نەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا کراوە بۆ رادەستکردنەوەیان."
