رووداو دیجیتاڵ
روانگەی "ئیکۆ عێراق"، رایگەیاند، لەوەتەی تەنگەی هورمز داخراوە، عێراق نزیکەی 350 ملیۆن بەرمیل هەناردەی نەوتی لەدەستداوە، کە بەهاکەی بە نزیکەی 37.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. روانگەکە داوا دەکات پڕۆژەی "شامی نوێ" وەک رێگەیەکی ستراتیژیی جێگرەوە، جێبەجێ بکرێت.
روانگەی ئیکۆ عێراق، 20ی حوزەیرانی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێش داخستنی تەنگەی هورمز لە 28ی شوباتی رابردوو، عێراق مانگانە لەنێوان 103 بۆ 107 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەکرد، بەڵام بەهۆی شەڕ لە ناوچەکە و داخستنی گەرووەکە، ئاستی هەناردەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو روانگەیە، قەبارەی ئەو نەوتەی بەهۆی داخستنی تەنگەکەوە هەناردە نەکراوە، بەمشێوەیە بووە:
- مانگی ئادار: 84,395,049 بەرمیل.
- مانگی نیسان: 93,115,870 بەرمیل.
- مانگی ئایار: 92,801,000 بەرمیل.
- مانگی حوزەیران: نزیکەی 79,600,000 بەرمیل.
ئیکۆ عێراق، روونیکردەوە، کۆی گشتیی ئەو کورتهێنانەی لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەم ماوەیەدا دروست بووە، دەگاتە 350 ملیۆن بەرمیل؛ ئەوەش بەپێی تێکڕای نرخی نەوت لەو ماوەیەدا، یەکسانە بە لەدەستدانی 37.7 ملیار دۆلار.
ئیکۆ عێراق، پڕۆژەی شامی نوێ بە "پێویستییەکی ستراتیژیی هەنووکەیی بۆ گەرەنتیی بەردەوامیی هەناردەی نەوت و دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوەی دوور لە مەترسییە جیۆپۆلتییەکییەکان" دەزانێت، بەتایبەتی کە 90%ی ئابووریی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
پڕۆژەی شامی نوێ، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە ئابووری و سیاسییە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەریەکە لە وڵاتانی عێراق، ئوردن و میسر کۆدەکاتەوە. یەکەمجار لە ساڵی 2020 لە لایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقەوە وەک چەمکێکی سیاسی و ئابووری خرایەڕوو.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەی شامی نوێ، بریتییە لە دروستکردنی بۆریی نەوتی بەسرا - عەقەبە. لە رێگەی ئەم بۆرییەوە، عێراق دەتوانێت نەوتەکەی بگەیێنێتە بەندەری عەقەبەی ئوردن و لەوێشەوە بۆ میسر و بازاڕەکانی جیهان. ئەمە وەک رێگەیەکی جێگرەوەی تەنگەی هورمز سەیر دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر هەناردەی نەوتی عێراق.
دوای ئەوەی ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لێکتێگەیشتن، تەنگەی هورمز کرایەوە کە نزیکەی 90٪ـی نەوتی عێراق بەو تەنگەیەدا هەناردە دەکرێ. سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"هێشتا هاتووچۆی کەشتییەکان وەک سەردەمی پێش شەڕ ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی هەناردەکردن لە قۆناخێکی سەرەتادایە و ئێستا کەشتییەک لە بەندەرەکانی باشوور خەریکی بارکردنی نەوتی خاوە."
پێش دەستپێکردنی شەڕ، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەکرد،"ئەگەر ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز بە تەواوی نەمێنن و هاتووچۆ ئاسایی ببێتەوە، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرز دەبێتەوە."



