رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین، هەواڵی سووتاندنی پێنج ملیۆن دۆلار لەلایەن هاوژینی عەدنان جومەیلییەوە رەتکردەوە و رایگەیاند، راست نییە.
عەمید فیراس داود سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو وێنەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە هاوژینی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، نزیکەی 5 ملیۆن دۆلاری لە تەنووری ماڵەکەیان سووتاندووە، دوورە لە راستییەوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوبووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکرێت، هاوژینی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق، پێش ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بگەنە شوێنەکە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، پێنج ملیۆن دۆلاری لە تەنووری ماڵەکەیاندا سووتاندووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین گوتی: "بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر، لەگەڵ بەرپرسی ئاسایشی ناوچەکەش قسەم کردووە و پێیڕاگەیاندم شتی وا نەبووە".
بە گوتەی عەمید فیراس داود سەلمان، "هاوژینی عەدنان جومەیلی هەر لە یەکەم رۆژی رووداوەکەوە لە ناوچەکەدا نەماوە و رۆیشتووە".
عەدنان جومەیلی، کە رۆژی 30ی ئایاری 2026 لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا، یەکێک بوو لە دەستڕۆیشتووترین بەرپرسانی کەرتی نەوت لە سەردەمی کابینەکەی سوودانیدا.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوکردەوە. دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، دەست بەسەر سامانێکی خەیاڵیی جومەیلی و گرووپەکەیدا گیراوە کە پێکهاتووە لە: نزیکەی 40 موڵک لە پارێزگاکانی هەولێر، بەغدا و سەلاحەدین، 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 3 ملیار دیناری عێراقی و کیلۆ و نیوێک زێڕ و بڕێکی زۆر چەکی سووک و مامناوەند.
یاسین محەممەد عەلی داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین پێشتر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو، عەدنان محەممەد جومەیلی کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی بێجی بووە، لە ئاستی باڵای بەرپرسانی عێراق (شیعە و سوننە) پشتیوانی لێدەکرا و پارەی پێدەدان بۆ پەردەپۆشکردنی کارەکانی و بە "حوتی نەوت" ناسرابوو.

.jpeg&w=3840&q=75)

