رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رژانی ئاوی زێرابی ماڵان و پاشماوەی چەندین نەخۆشخانە بە بێ فلتەر، رەنگی ئاوەکە لە هەندێک شوێنی کەنارەکانی دیجلە بەتەواوی رەش بووە. ئەم دیمەنە نەک هەر زیانی بە ژینگەی رووبارەکە گەیاندووە، بەڵکو بووەتە هۆی بێزارکردنی ئەو کەسانەی بۆ کار یان گەشت سەردانی رووبارەکە دەکەن.
عەبدوڵڵا عەممار، خاوەن بەلەمێکە لەسەر رووباری دیجلە، باس لە خراپیی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "بۆنێکی زۆر ناخۆش لە رووبارەکە دێت، خەڵک کە سەردەکەون (بۆ ناو بەلەمەکە) تەنگەنەفەس دەبن. ئاوەڕۆی مزگەوت و نەخۆشخانەکان، بەتایبەت شاری پزیشکی، هەمووی دەڕژێتە نێو رووباری دیجلە و بە هەموو شێوەیەک پیسیان کردووە."
هاونیشتمانیان و رێبواران کاتێک لەسەر پردی "سنەک"ەوە دەڕواننە نێو رووبارەکە، لە جیاتی چێژوەرگرتن لە دیمەنی سروشتی، کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک دەبینن، ئەمەش ناچاریان دەکات زوو شوێنەکە جێبهێڵن.
حوسێن ئەحمەد، هاونیشتمانییەکە و سەبارەت بە پیسبوونی ئاوەکە دەڵێت: "کە بینیم قێزم لێ بووەوە، گوتم من چۆن لێرە مەلە بکەم؟ چۆن خۆم بشۆم یان ئەو ئاوە بخۆمەوە کە دێتە ناو ماڵەکانمان؟ چەندینجار بانگەواز بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کراوە، بەڵام کەس چارەسەری نەکردووە."
وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاندووە کە سەرچاوەکانی پیسکردنی رووبارەکەیان دەستنیشان کردووە و نووسراوی فەرمییان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ دانانی فلتەر و کەمکردنەوەی پیسییەکان.
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی ژینگەیی، ئاماژە بە هەوڵەکانیان دەکات و دەڵێت: "لەلایەن وەزارەتی ژینگەوە گوشار هەیە لەسەر کارگێڕیی ئەمینداریەتیی گشتیی بەغدا بۆ دانانی چارەسەری بەپەلە و فلتەری دیاریکراو بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی پیسی پاشماوەکان، هەروەها پەلەکردن لە دروستکردنی ژێرخانی هێڵەکانی ئاوەڕۆ و یەکەکانی چارەسەرکردنی ئاو."
رووباری دیجلە کە بە شادەماری ئاو و کشتوکاڵی عێراق دادەنرێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو بەدەست وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوەکەیەوە دەیناڵاند، ئێستا پاشماوە و پیسی بوونەتە مەترسییەکی دیکەی گەورە لەسەر سوود و جوانییەکانی ئەم رووبارە مێژووییە.



