رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لەو مراوییانە مرداربوون کە بەم دواییە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکدا خرانە نێو رووباری دیجلەوە.
ئەمیر عەلی حەسوون، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، رۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانی وەزارەتەکە مرداربوونەوەیان لەنێوان ئەو مراوییانەدا تۆمارکردووە کە خرابوونە نێو رووبارە".
ئەمیر عەلی حەسوون گوتی: "مراوییەکان کێوی نین، بەڵکو ماڵین و راهاتوون لە ژینگەیەکدا بژین خۆراک و چاودێرییان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ دابین بکرێ".
بە گوتەی عەلی حەسوون، "ئەم باڵندانە ئەو لێهاتووییە سرووشتییەیان نییە کە بۆ مانەوە لە سرووشت و دۆزینەوەی خۆراک پێویستە، ئەمەش وای کردووە دوای ئازادکردنیان لەنێو رووبار و زۆنگاوەکان، زیاتر رووبەڕووی مەترسیی لەنێوچوون ببنەوە".
لە رۆژانی رابردوودا ئەو دەستپێشخەرییە زۆر بڵاوبوو کە تێیدا مراوی بخرێتە نێو رووبارە گەورەکانی عێراق. حەیدەر ئەکرەع، چالاکڤان نزیکەی 500 مراوی خستە نێو رووباری دیجلە و دواتر دەیان کەسی دیکە هەمان جۆرە کاریان کرد، تەنانەت لە هەندێک ناوچە کیسەڵیش خرایە نێو دیجلە.
وەزارەتی ژینگەی عێراق وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە چاودێریی زانستی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە تایبەتەکان بکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی چالاکڤانی خەمخۆر بۆ پاراستنی ژینگە کارێکی ئەرێنییە، بەڵام پێویستە بۆ هەر کارێکی لەو جۆرە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنیکیی وەزارەت بکرێ بۆ هەڵبژاردنی جۆری گونجاو لە گیانەوەر و شوێنی گونجاویش تاوەکو دوور بن لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی.
رەعد حەبیب، چالاکڤانی ژینگەیی، لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لە ویستدا نییە، بەڵکو لە کەمیی هۆشیاریی ژینگەییدایە.
رەعد حەبیب گوتی: "دەبێت سوپاسی خاوەنی دەستپێشخەرییەکان بکەین، بەڵام پێویستە ئاگاداریشیان بکەینەوە کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئاژەڵی کێوی و ئەو ئاژەڵە ماڵییانەدا هەیە کە لە کێڵگەکان و ماڵەوە بەخێو دەکرێن."
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوەش کرد، ئازادکردنی ئاژەڵی ماڵی لە ژینگەیەکدا کە بۆی ئامادە نەکراوە، دەیانخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی ئەگەر شوێنی سەلامەتیان بۆ حەوانەوە و هەلی خۆگونجاندنیان نەبێت. هەروەها رەخنەی لە نزمیی ئاستی کولتووری ژینگەیی گرت و گوتی: "زۆرینەی خەڵک جیاوازی لەنێوان جۆرە کێوییەکان و ماڵییەکان ناکەن و نازانن چ جۆرێک مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە."
.jpg&w=3840&q=75)