رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، لەگەڵ گەندەڵی لە شەڕێکی سەختدان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی گەندەڵییەکان لە خەمڵاندنی تێچووی پڕۆژەکانەوە دەستپێدەکەن.
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق کە پێنجشەممە، 27ی ئاب لە بەغدا کرا.
بە گوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی فالح زەیدی گوتوویەتی: "گەندەڵی مەترسیدارترین پرسە کە ئێستا رووبەڕووی حکومەت دەبێتەوە و حکومەتەکەی لە شەڕێکی سەختدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و وشککردنی سەرچاوەکانی".
عەلی فالح زەیدی رایگەیاندووە: "زۆربەی جار گەندەڵی لەو بڕە پارە خەمڵێندراوەوە دەستپێدەکات کە بۆ تێچووی پڕۆژەکان دیاریدەکرێ. حکومەت ئێستا پشت بە وردبینیی پێشوەختە دەبەستێت و دواتر گرێبەستەکان دەبەستێت بۆ رێگری لە بەهەدەردانی پارە".
دوای پێکهێنانی حکومەتەکەی زەیدی لە 14ی ئایار، چەند هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی ئەنجامدا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتارانی راپێچی دادگا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەندامانی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بە گرنگییان زانیوە پێداچوونەوە بەو گرێبەستە حکومییانەی پێشوو بکرێ کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە یان تێچووەکەیان زیاتر تۆمار کراوە.



