رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، لایەنە چاودێرییەکانی راسپارد بە وردی بەدواداچوون بۆ نرخی هێلکە لە بازاڕەکاندا بکەن. هاوکات چەند بڕیارێکی دیکەی پەیوەست بە دەرمان، بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی فەرمانگەکان و هێنانەوەی ئۆتۆمبێلی دیپلۆماتکارانی دەرکرد.
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و وەزیری پلاندانان بەوەکالەت، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامادە بوون.
چاودێریکردنی نرخی هێلکە
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەنجوومەنەکە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان بووە لە بازاڕدا. ئەنجوومەنەکە لایەنە چاودێرییەکانی راسپاردووە کە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ نرخی "هێلکەی خواردن" بکەن و راپۆرتی خولیی پێشکێش بکەن، تاوەکو رێگری لە گرانبوونی نرخەکەی بکرێت و بارگرانی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان دروست نەبێت.
ئاسانکاری بۆ کەرتی تەندروستی و دەرمان
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنەکە داواکاریی وەزارەتی تەندروستی پەسند کرد. بەپێی بڕیارەکە، گرێبەستەکانی کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی (کیمادیا) بۆ "بارە بەپەلەکان" هەڵاوێرد دەکرێن، بەجۆرێک بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) پێش کردنەوەی پشت بەستنی بەڵگەنامەیی، پەسندیان دەکات. ئەمەش بە ئامانجی خێراکردنی گەیشتنی دەرمانە پێویستەکانە.
بەستنەوەی ئەلیکترۆنی و کۆکردنەوەی کرێی خزمەتگوزاری
لە پێناو کەمکردنەوەی رۆتین، ئەنجوومەن بڕیاریدا ناوەندی نیشتمانیی داتا، رێکارەکانی بەستنەوەی ئەلیکترۆنی لەنێوان وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی کارەبا و شارەوانیی بەغدا تەواو بکات. ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکارییە لە کۆکردنەوەی کرێی ئاو و کارەبا و رێکخستنی رێکارەکان لە فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان.
ئۆتۆمبێلی فەرمانبەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری رەزامەندی دا لەسەر داواکاریی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی لە نێردە دیپلۆماسییەکان دەگەڕێنەوە. بەپێی بڕیارەکە، ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی رێکارەکانی دەستپێوەگرتن یان خانەنشینبوون پێش تەواوکردنی ماوەی یاسایی دەگەڕێنەوە، رێگەیان پێدەدرێت ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان بهێننەوە نێو عێراق
