رووداو دیجیتاڵ
ئەبو جەننە، تیکتۆکەر و خاوەنی چێشتخانە لە شاری مووسڵ، لەلایەن هێزێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیرکرا، بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەستگیرکردنەکە بۆ ئەوەیە لە سەرچاوەی داهاتەکەی بکۆڵنەوە.
ئەو تیکتۆکەرە رۆژی 31ی ئایاری 2026 لەلایەن هێزێکی سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکراوە.
دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەبو جەننە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی داهاتەکەی لەلایەن ئاسایشی نیشتمانییەوە لە شاری مووسڵ دەستگیرکراوە.
عەبدولڕەحمان محەممەد، ناسراو بە "ئەبو جەننە"، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی چێشتخانەیەکی تایبەت بە ماسیی برژاوە لە مووسڵ، جۆرە خواردنەوەیەکی تایبەت بە خۆی دروست کردووە و لە رێگەی تیکتۆکەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لەنێو قووتووی ئەو خواردنەوانەدا خەڵات هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیکڕن کە، 10 ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆ و 250 ئامێری تەلەفۆنی ئایفۆنە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەوەیە بزانن سەرچاوەی داهاتی ئەو خەڵاتانە لەکوێوەیە، پێشتریش لەسەر بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نەشیاو لە رێگەى تیکتۆکەوە دەستگیرکراوە و دواتر ئازاد کراوە.

