رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە سەرانسەری وڵاتدا 5 ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەش دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنم بە 400 هەزار تۆن دیاریکراوە.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی عێراق، رۆژی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە 5 ملیۆن تۆن یان کەمێک زیاتر. هەفتەی داهاتووش سەردانی هەولێر دەکەین بۆ کردنەوەی وەرزی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، حەیدەر نووری گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێت؛ بە جۆرێک 292 هەزار تۆنی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە و بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، بڕی 108 هەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلانە و بە نرخی 500 هەزار دینار وەردەگیرێت."
هەولێر: بڕە دیاریکراوەکە یەکجار کەمە
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە "یەکجار کەمە" و ئێستا لە هەوڵی زیادکردنیدان، چونکە بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 ملیۆن و 339 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراون.
کەرکووک: سیستمی وەرگرتن بۆ 10 رۆژ داخراوە
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، لە کەرکووک 420 هەزار دۆنم زەوی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدان و 550 هەزار دۆنمیش لە دەرەوەی پلانن. بەرهەمی پێشبینیکراوی ناوەوەی پلان 370 هەزار تۆن و دەرەوەی پلانیش 400 هەزار تۆنە.
هاوکات حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک رایگەیاند، رۆژانە 14 هەزار تۆن گەنم رەوانەی وەزارەت دەکەن، بەڵام "سیستمی ئەلیکترۆنیی وەرگرتن بۆ ماوەی 10 رۆژ داخراوە تاوەکو ئەو گەنمەی وەرگیراوە رێکبخرێتەوە."
نەینەوا: پێشبینی ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن دەکرێت
عەبدوڵڵا سەعید حەمۆ، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا بە رووداوی راگەیاند: "ئەو زەوییانەی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدان و پشت بە باران دەبەستن 600 هەزار دۆنمە و بەرهەمەکەی دەگاتە نزیکەی 600 هەزار تۆن، هەروەها 4 ملیۆن دۆنم زەویش لە دەرەوەی پلان چێنراون کە پێشبینی ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن بەرهەمیان لێدەکرێت."
دیالە: 210 هەزار تۆن گەنم بەرهەم دەبێت
نەزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئامارەکانی بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی، کۆی رووبەری چێنراو (ناو و دەرەوەی پلان) 305 هەزار دۆنمە و پێشبینی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 210 هەزار تۆن گەنم دەکرێت.
بەگوتەی لهێبی، دابەشبوونی وەرگرتنی گەنمەکە بەمشێوەیەیە:
- سایلۆی شارەبان: 76 هەزار و 965 تۆن.
- کۆگای عوزێم: 48 هەزار و 845 تۆن.
- سایلۆی بەنی سەعد: 84 هەزار و 301 تۆن.
کشتوکاڵی ئەنبار: حکومەت هەموو بەرهەمەکەمان وەردەگرێ
عەممار مەلووکی خەلەف، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئەنبار رایگەیاند، دروێنە لە مانگی ئایارەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا 360 هەزار تۆن رادەستی سایلۆکان کراوە. گوتیشی: "پێشبینی دەکەین بەرهەم بگاتە 500 هەزار تۆن و وەزارەتی بازرگانی پابەندە بە وەرگرتنی تەواوی بەرهەمەکە."
واست: جووتیاران گەنمی دەرەوەی پلان رادەست ناکەن
ئەرکان مەریووش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی واست بۆ رووداو باسی لەوە کرد، بەرهەمی نێو پلانیان 335 هەزار تۆن بووە و وەرگیراوە، بەڵام بۆ ئەو 200 هەزار دۆنمەی لە دەرەوەی پلانە، "جووتیارەکان ئامادە نین بەو نرخە کەمەی وەزارەت دیاریکردووە (500 هەزار دینار) گەنمەکانیان رادەست بکەن."
