رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تۆم باراک، نێردەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا، وەک لایەنێکی سەرەکی لەناو دانوستاندنەکاندا دەمێنێتەوە و هاوکات دەست بە کارکردن لەسەر پرسەکانی عێراقیش دەکات.
رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "باڵیۆز تۆم باراک لایەنێکی دانوستاندنەکان بووە لەسەر پرسی سووریا و لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە." روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، باراک "کەسێکی جێمتمانەی سەرەکییە لەسەر پرسی عێراق."
رۆژی 23ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باراکی وەک نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سووریا دیاریکرد. بەپێی راسپاردەی ترەمپ، ئەرکی باراک تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری 2026 بوو، بەڵام ئێستا ئەرکەکەی بۆ قۆناخێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "باراک بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵێکی گرنگ، نەک تەنیا وەک باڵیۆزی ئێمە لە تورکیا، بەڵکو لە کاتی بەرەوپێشبردنی هاوکارییە ستراتیژییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا و دەستپێکردنی کارەکانمان لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق."
روبیۆ جەختی کردەوە، باراک ئەندامێکی دەستبەردارنەبووی تیمی سەرۆکە و بە پشتیوانیی رەهای وەزارەتی دەرەوە کار دەکات. ئەو گوتی: "ئامادەیی بەردەوامی ئەو بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم کارە خزمەتێکی زۆر بە گەلی ئەمریکایی دەگەیەنێت و چیدیکە پڕۆسە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا بێ سەرپەرشت نامێنن."
لە کانوونی یەکەمی 2024دا، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان رژێمی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی نوێیان لە سووریا پێکهێنا، پەیوەندییەکانی واشنتن و دیمەشق چووەتە قۆناخــێکی نوێ و بەهێزترەوە.
