رووداو – بەغدا
گرژی و ئاڵۆزیی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا بەردەوامە، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە سێ خۆپێشاندەر کوژراون و 15ی دیکەش برینداربوون.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رۆژی شەممە 25-1-2020ەوە پلانیان داناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران لە تەحریر، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران؛ پەیامنێری رووداو دەشڵێ، ئەوانەی کوژراون بە فیشەک تەقەیان لێکراوە.
هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە مەیدانی تەحریر، بەهۆی ئەوەی خۆپێشاندەران بۆ پارێزگاری لە تەحریر چوونەتە وەسبە و شەڕ و ئاڵۆزییەکەش هەر لەوێیە؛ بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران بە بێتەل قسەدەکەن و هێزەکان داوادەکەن خۆپێشاندەران بکشێنەوە.
موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد گۆڕەپانی تەحریر چۆڵبکەن، ئەوانیش بەدەم داواکەیەوە چوون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خۆپێشاندەران دروشم دژی سەدر بڵێنەوە و سوورتربن لەسەر مانەوەیان لە تەحریر، بەڵام لە هەمانکاتدا کشانەوەی لایەنگرانی سەدر، دەستی هێزە ئەمنییەکانی کراوەتر کردووە لە هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەرانی تەحریر.
پلانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق وابوو، تاوەکو کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە کۆتایی بە خۆپێشاندانەکانی تەحریر بهێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە تەحریر، لەوەتەی پلانەکەشیان دەستپێکردووە جگە لە سێ کوژراو و 15 برینداری ئەمڕۆ، دوێنێش دوو کەس کوژران و 10 کەسی دیکە برینداربوون.
.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
