رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا تانکەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زیقار دەردەکەوێت ئاوەڕۆ دەکاتە نێو رووبارەوە، ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێ، رێگەپێدراوە. بەڵام وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداری دەدات و رایدەگەیێنێت، 75٪ـی ئەو ئاوە پیسە دەچێتە نێو زۆنگاوەکان کە لە لیستی کەلەپووری جیهانییدان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە کە تێیدا تانکەرێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای زیقار ئاوی پیس و ئاوەڕۆ بەتاڵ دەکاتە نێو رووبار. بە گوتەی ئەو هاووڵاتییەی دیمەنەکەی تۆمارکردووە، "ئاوی قورسە" و دەبێتە هۆی ژەهراویکردن و پیسبوونی ئاوی رووبارەکە، شۆفێری تانکەرەکەش ئاماژەی بەوە کردووە کە نووسراو و مۆڵەتی رێگەپێدراوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پێیە.
ئەنجوومەنی پارێزگا: کارێکی رێگەپێدراوە
لە بەرامبەردا، ئەحمەد خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، بەرگریی لە شێوازی کارەکە کرد و گوتی: "ئەمە ئاوی ئاوەڕۆیە، نەک ئاوی قورس، کارێکی رێگەپێدراوە و کێشەی نییە."
وەزارەتی ژینگە: لە رووی زانستی و ئاینییەوە قبووڵکراو نییە
پێچەوانەی بۆچوونی ئەنجوومەنی پارێزگا، وەزارەتی ژینگەی عێراق مەترسییەکانی ئەم دیاردەیە دەخاتەڕوو. د. نەجلە وائیلی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی زیقارمان ئاگادار کردووەتەوە کە بە زووترین کات لەم پرسە بکۆڵنەوە و زانیاریی تەواومان پێبدەن، تاوەکو لە ژێر رۆشنایی ئەنجامەکاندا رێکاری پێویست و یاسایی بگرینەبەر."
د. نەجلە وائیلی گوتیشی: "ئەمە کێشەیەکە ساڵانێکە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت. لە کاتی باراندا رێگە بە خۆیان دەدەن ئەو کارانە بکەن، لەکاتێکدا ئەمە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە؛ لە رووی ئاینی، ژینگەیی، مرۆیی و لە رووی ویژدانییەوە قبووڵکراو نییە، بەتایبەتی کە 75٪ـی ئەو ئاوە پیسە دەچێتە ناوچەی زۆنگاوەکانی زیقارەوە، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کەلەپووری جیهانی تۆمار کراون."
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگە روونیشیکردەوە کە ئەمە کێشەی زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و بەغدای پایەختیشە، بەوپێیەی تۆڕ و وێستگەکانی ئاوی باراناو لەگەڵ ئاوەڕۆدا تێکەڵ بوون و کاتێک باران دەبارێت، ئاوەڕۆ بەسەر شەقامەکاندا رۆیشتووە و راستەوخۆ دەست دەکرێت بە راکێشانی و بەتاڵکردنی بۆ نێو رووبارەکان.
د. نەجلە وائیلی جەختی لەوە کردەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە ژینگەییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنێکی باش بۆ پرسی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ لە سەرتاسەری عێراقدا و داوای کرد بە زووترین کات چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.


