رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەجلیسی هەڤبەندیی نیشتمانیی کوردستان (HEVBENDÎ) رایدەگەیێنێت، لە کاتی دەستگیرکردنیدا بە پۆلیسی تورکیای گوتووە ئەو شۆڕشگێڕێکی کوردستانە و بە زمانی کوردی گوتەی داوە. دەشڵێت، دەوڵەت ویستی بە دەستگیرکردنیان هەڤبەندی لاواز بکات، بەڵام بەهۆی پشتیوانیی بەرفراوانی کوردستانییانەوە ناچاربوون دەستبەجێ ئازادیان بکەن.
فوئاد ئۆنەن، نوێنەری پێلکورد (PÊLKURD) و ئەندامی مەجلیسی هەڤبەندیی نیشتمانیی کوردستان لە بوڵتەنی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی دەکات، وردەکاریی دەستبەسەرکردن و ئازادکردنی خۆی و 13 سیاسەتڤانەکەی دیکەی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا خستەڕوو.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هەڤبەندیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگاکانی ئامەد، روها، ئێلیهـ، ئیدر، ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ 14 سیاسەتڤان دەستبەسەرکرابوون و دواتر بە بڕیاری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد سەرجەمیان ئازادکران.
"پێم گوتن ئێوە بە یاسای دوژمنایەتی هاتوون"
فوئاد ئۆنەن باسی لە ساتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی و هەڵوێستی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش کرد و گوتی: "لە ماڵەوە هیچ بەڵگەنامەیەکم واژۆ نەکرد و وەڵامی پرسیارەکانیم نەدایەوە. پێم گوتن ئێوە بە یاسای دوژمنایەتی هاتوون، منیش بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەم. لە ئاسایش داوایان کرد باسی رابردووی خۆم بکەم، بە کورتی پێم گوتن؛ من فوئادی کوڕی مەحموودم و شۆڕشگێڕێکی کوردستانم."
ئۆنەن ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی سیاسەتڤانە دەستبەسەرکراوەکان لە ئاسایش گوتەیان نەداوە و لەبەردەم داواکاری گشتیشدا بە زمانی کوردی گوتەیان پێشکێش کردووە. گوتیشی: "وەرگێڕێکیان هێنابوو بەڵام بەداخەوە شارەزا نەبوو، بۆیە بە هاوکاریی پارێزەرەکانمان سەباحەدین کۆرکماز و محەممەد ئەمین ئاکتار گوتەکانم وەرگێڕدرانە سەر زمانی تورکی."
"مەرجەعی ئێمە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستانە"
سەبارەت بە بەرنامە و ئامانجی هەڤبەندی، فوئاد ئۆنەن جەختی لەوە کردەوە کە کارنامەکەیان لەسەر بنەمای کوردستان داڕێژراوە و گوتی: "بەرنامەی ئێمە کورت و پوختە؛ ئێمە نەتەوەیەکین و وڵاتێکمان هەیە بە ناوی شیرینی کوردستان، ئەم نەتەوەیەش لەم وڵاتەدا سەروەریی سیاسی بەدەستدەهێنێت. بەرزترین مەرجەعی ئێمە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستانە و بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان وەک مەرجەعێکی سیاسی قبووڵی دەکەین."
ئەو ئەندامەی مەجلیسی هەڤبەندی ئاماژەی بە هەڕەشەی هەندێک لە سیاسەتڤانانی تورکیا کرد کە بە ماددەی 302ـی سزاکان و زیندانی هەتاهەتایی هەڕەشەیان لێکردوون و گوتی: "پێیان گوتین ئەوەی بەسەر شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزامان هێنا بەسەر ئێوەشی دەهێنین. ئێمەش ئەو بەرەنگاربوونەوەیەمان قبووڵ کرد و گوتمان ئێمە نەوەی ئەوانین، چۆن نەیانتوانی چۆک بەوان دابنێن، ناتوانن چۆک بە ئێمەش دابنێن."
"چەکی ئێمە یەکێتی و سەربەخۆییە"
فوئاد ئۆنەن رەخنەی لە گوتاری ئاشتی و برایەتیی دەوڵەتی تورکیا گرت و گوتی: "دەوڵەتێک ئەمڕۆ سێ پارچەی کوردستانی داگیرکردبێت و باسی ئاشتی و برایەتی بکات، ئێمە دەزانین دەیەوێت گەلی کورد لە رووی هزرییەوە بێچەک بکات. ماوەی 200 بۆ 250 ساڵە شەڕی دەوڵەتانی داگیرکەر دەکەین و هیچ کاتێک لە رووی هزرییەوە بێچەک نابین، چەکی ئێمەش یەکێتی و سەربەخۆیی کوردستانە."
لە کۆتایی قسەکانیدا فوئاد ئۆنەن ئاشکرای کرد، پشتیوانیی بەرفراوانی کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوە هاوکێشەکەی گۆڕیوە و گوتی: "دەوڵەت بینی ئەم هەنگاوە زیانی پێدەگەیێنێت، بۆیە لە ئەنقەرەوە فەرمان بە داواکاری گشتیی ئامەد کرا کە دەستبەجێ ئازادمان بکەن. پەیامی ئەوان ئەوە بوو بە گرتنی چەند کادیرێک هەڤبەندی لاواز بکەن، بەڵام پەیامەکەیان پووچەڵ بووەوە و پەیامی هەڤبەندی سەرکەوت."

