رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت، دەوڵەتی تورکیا سەرنجی خۆی تەنیا لەسەر چەکدانانی پەکەکە چڕکردووەتەوە و رێکخستنە یاساییەکانی دیکەی پەیوەست بە مافەکان و چارەنووسی چەکدارانی فەرامۆش کردووە؛ دەشڵێت: "دەنگۆی گەڕانەوەی 200 گەریلا و ئەندام لە 27ـی ئەم مانگەدا دوورە لە راستییەوە."
سەزایی تەمەللی، پەرلەمانتار و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵوێستی پارتەکەی لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و یاسای چوارچێوە و پرسی زمانی کوردی خستەڕوو.
لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بەوەی ئایا لە کۆبوونەوەی 27ـی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا چەکدانانی پەکەکە پەسند دەکات، تەمەللی گوتی: "ئێستا مەحاڵە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدەینەوە، چونکە بۆ بڕیاردان دەبێت پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە تەواو بێت؛ بەڵام دۆخێکی ناڕوون هەیە. پەکەکە بە بڕیاری خۆی هەڵوەشاندەوە و لە رووبەرێکی گرنگ لە تورکیا و عێراقیش کشاوەتەوە، کەچی دەوڵەت سەرنجی تەنیا لەسەر چەکدانانە و رێکارە یاساییەکانی دیکە سستی پێوە دیارە."
سەبارەت بەوەی بۆچی دەم پارتی دەنگی بە یاسای چوارچێوە (یاسای ژمارە 7595) داوە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، تەمەللی روونیکردەوە: "ئەو یاسایە وەک هەنگاوی یەکەم بوو تاوەکو پرۆسەکە چەق نەبەستێت و بە سازانی 467 پەرلەمانتار پەسندکرا، بەو مەرجەی یاسای دیکە بەدوایدا بێن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکان؛ بەڵام بەداخەوە دەسەڵات هێشتا لەسەر بەڵێنەکانی خۆی نەوەستاوە."
لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن راستەوخۆ دوای 27ـی تشرینی دووەم، 100 ئەندامی پەکەکە لە شاخەوە و 100ـی دیکەش لە ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە تورکیا، تەمەللی رەتیکردەوە و گوتی: "ئەم ژمارانە دوورن لە راستییەوە. سەرەتا دەبێت بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەربچێت و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، ئەو کاتە یاساکە دەکەوێتە کار و بەپێی ئامادەکاریی دەستەکان بە سەرپەرشتیی جەودەت یڵماز و لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی بەڕێز ئۆجەلان و رێکخراوەکە، میکانیزمی گەڕانەوەکان دیاری دەکرێت."
هەر لە هەڤپەیڤینەکەدا تەمەللی گۆڕینی دەستووری ئێستای تورکیای بە پێویست زانی، چونکە وەک ئەو گوتی "بە عەقڵییەتی نەتەوەپەرست و رەگەزپەرستی کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 نووسراوەتەوە"، بۆیە دەم پارتی داوای دەستوورێکی دیموکراسی دەکات کە هەموو پێکهاتەکان و مافی زمانی دایک و دیموکراسیی خۆجێیی تێدا جێگیر بکرێت. هاوکات دەنگۆی سەردانیکردنی رۆژنامەڤان و زانایان بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بە پشتڕاستنەکراوە و دوور لە راستی ناوبرد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز تەمەللی، بەخێربێیت بۆ رووداو.
سەزایی تەمەللی: رۆژباش، زۆر سوپاس، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
رووداو: من دەمەوێت راستەوخۆ بە پرسیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا (مەگەکە) دەستپێبکەم. بڕیارە 27ـی مانگ مەگەکە کۆببێتەوە. ئایا لەو کۆبوونەوەیەدا چەکدانان پەسند دەکات؟
سەزایی تەمەللی: ئێستا مەحاڵە وەڵامێکی روون بۆ ئەمە بدەینەوە؛ چونکە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیارێک بدات، پێویستە پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە و تۆمارکردنی چەکەکان تەواو بکرێت. بەڵام لەم رووەوە دۆخێکی ناڕوون لەئارادایە، چونکە وەک دەزانن پەکەکە بەپێی بڕیاری خۆی هەڵوەشاندەوە و دواتریش لە هەندێک ناوچە پاشەکشەی کرد؛ نەک تەنیا لە گۆڕەپانی تورکیا، بەڵکو لە عێراقیش رووبەرێکی گرنگی چۆڵ کرد.
لەبارەی چەکدانانیش زنجیرەیەک گفتوگۆ کران؛ دەزانین لە ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و لەگەڵ یەکە جیاوازەکانی رێکخراوەکەش گفتوگۆ کراوە. ئێمە وەک دەم پارتی هیوامان خواست ئەم پرۆسەیە بە خێرایی بەرەوپێش بچێت، بەرپرسیارێتیی پێویستمان لەئەستۆ گرت و دەستپێشخەریمان کرد؛ بەڵام بۆ ئێستا سەختە بڵێین لە پرسی چەکداناندا پێشکەوتنێکی دیاریکراو و روون هەیە. بۆچی سەختە؟ چونکە دەوڵەتی تورکیا هەموو سەرنجی خۆی تەنیا خستووەتە سەر بابەتی چەکدانان و پرسەکانی دیکەی فەرامۆش کردووە. لەکاتێکدا چەک دادەنرێت، بەڵام چارەنووسی ئەوانەی چەک دادەنێن لە چوارچێوەی یاسادا چی لێدێت؟ رێکخستنە یاساییەکانی پەیوەست بەمە چی دەبن؟ لەمبارەیەوە وەک دەزانن یاسایەک دەرچوو، بەڵام ئەم یاسایە کەموکوڕیی تێدایە و بەس نییە؛ دەبوو ئەم یاسایە لەگەڵ یاساکانی دیکەدا پێکەوە دەربچێت، کەچی لە رێکخستنە یاساییەکانی دیکەدا هیچ پێشکەوتنێک نییە. بڕیار بوو لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت، کەچی تەنیا گفتوگۆی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ پارتەکاندا بەردەوامە. کەواتە جۆرێک لە سستی و هێواشی لە کارەکاندا هەیە. ئێمە گوتمان پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت تاوەکو 27ـی مانگ بگاتە ئەنجام، بەڵام بۆ ئێستا ناتوانرێت شتێکی یەکلاکەرەوە بگوترێت.
رووداو: ئێوە دەڵێن یاسای چوارچێوە کەموکوڕیی هەیە و دەبێت زۆر شتی بۆ زیاد بکرێت، بۆچی واژۆتان کرد؟
سەزایی تەمەللی: ئەو کەموکوڕییانەی هەن، لەنێو پرۆسەکەدا دەرکەوتوون، بەڵام ئەو یاسایە یاسایەکی دەستپێک بوو؛ بۆ ئەوە واژۆ کرا تاوەکو هەنگاوی یەکەم بنرێت و رێگە بۆ هەنگاوەکانی دواتر خۆش بکات، بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندکرا، واتە سازانێکی گەورەی لەسەر دروستبوو. هۆکاری دروستبوونی ئەو سازانە گەورەیەش هەر هەڵگرتنی ئەم هەنگاوەی یەکەم بوو. بۆ ئەوەی پرۆسەکە تووشی هیچ چەقبەستووییەک نەبێت، ئێمە دەستپێشخەریمان کرد، بەڵام ئەوەی لەو رۆژەشدا باسکرا و لەلایەن دەسەڵاتدارانیشەوە گوترا، ئەوە بوو کە لەدوای ئەم یاسایە، یاساکانی دیکەش بەدوایدا دێن و هەر کەموکوڕییەک کە لە جێبەجێکردندا دەربکەوێت قەرەبوو دەکرێتەوە. ئێستا لە جێبەجێکردندا هەندێک کەموکوڕی دەبینین و دەڵێین دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێن. بۆیە هەنگاوەکەی ئێمە بۆ واژۆکردنی یاساکە دروست بوو، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات هێشتا لەسەر بەڵێنەکانی خۆی نەوەستاوە.
رووداو: بەڕێز تەمەللی، هەندێک چاودێر دەڵێن، راستەوخۆ دوای راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا، واتە 27ـی مانگ، 100 ئەندامی پەکەکە لە شاخەوە و 100ـی دیکەش لە ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە تورکیا. ئایا هیچ ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئەندام و گەریلاکان کراوە؟
سەزایی تەمەللی: ئەو ژمارانەی باسیان لێوە دەکرێت دوورن لە راستییەوە و هیچ باسێکی لەو شێوەیە لەسەر ژمارە نەکراوە. ئەگەر لە 27ـی تشرینی دووەمدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەربچێت و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، ئینجا یاساکە بە شێوەیەکی کردەیی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لە چوارچێوەی ئەو جێبەجێکردنەشدا ئیدی روون دەبێتەوە کە ئەو کەسانەی لە زیندانەکانەوە، لە دەرەوەی وڵاتەوە و لە شاخەوە دێن، بە چ رێکارێکدا تێدەپەڕن. پێش هەموو شتێک دەبێت بڕیارەکەی مەگەکە دەربچێت و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوببێتەوە. کەواتە لێرەدا هێشتا هیچ ژمارە و بەربەستێک لەئارادا نییە و یاساکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت سوودی لێوەربگرێت کراوەیە. ئەوەی کە ئەم سوودوەرگرتنە چۆن رێکدەخرێت، لە داهاتوودا دەیبینین؛ چونکە بڕیاردان لەمبارەیەوە پەیوەندیی بە بەڕێز ئۆجەلانەوە لە ئیمراڵی و بە رێکخراوەکەشەوە هەیە. دەستەکانیش بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز پێکهێنراون، بەشێک لەو دەستانەش لەژێر هەماهەنگیی بەڕێز ئۆجەلاندا کار دەکەن؛ ئەو بڕیارانەی ئەوان دەیدەن دوای بڕیارەکەی مەگەکە روون دەبنەوە.
رووداو: سەرۆکی میت، ئیبراهیم کاڵن، لە کۆبوونەوەی ئۆرسامـدا گوتوویەتی بۆ سەرکردە باڵاکانی پەکەکە یاسایەکی نوێ دەردەچێت. ئایا ئەو یاسایە دامەزرێنەرانی پەکەکەش لەخۆدەگرێت؟
سەزایی تەمەللی: کەمێک لەمەوبەر باسم کرد؛ یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە کە سەرکردەکانی پەکەکە و کەجەکە ناگرێتەوە. بۆیە دەبێت زەمینە و دەرفەتێکی یاسایی دیاریکراو بۆ ئەو کەسانە و ئەو کادیرانەش بڕەخسێنرێت تاوەکو بزانن چی دەکەن و چۆن هەنگاو دەنێن، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار بدات. بەڕێز بەسێ هۆزات پێشتر لە لێدوانێکدا گوتی: "ئێمە ئیدی دەمانەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراسیدا درێژە بە خەباتمان بدەین." ئێستا ئەم کادیرانە چۆن دەتوانن لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراسیدا بەشدار بن و درێژە بە خەباتیان بدەن و زەمینەی یاسایی چۆن دەستەبەر دەکرێت؟ ئەمە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە. ئەم کەموکوڕییانە دەبێت بە دڵنیاییەوە چارەسەر بکرێن. لەکاتێکدا دەسەڵات لەمبارەیەوە بەڵێنی دابوو، لە دوایین لێدوانی ئیبراهیم کاڵنیشدا ئەمە دەبینین؛ باشە ئێوە بەڵێنتان داوە و لێدوان دەدەن، بەڵام دەسەڵات ئێوەن، فەرموون ئەوەی پێویستە جێبەجێی بکەن.
رووداو: شاندی ئیمراڵی بەردەوام هاتوچۆ دەکات، بەڵام جگە لەو شاندە هیچ کەسایەتی و گرووپی دیکە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن؟
سەزایی تەمەللی: ئێمە لە میدیا هەندێک هەواڵ دەبینین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەردانێکی پشتڕاستکراوە لای ئێمە لەئارادا نییە و لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک بە ئێمە نەگەیشتووە. لە راگەیاندنەکاندا دەگوترێت رۆژنامەڤانان یان زانایان رۆیشتوون، بەڵام بە بڕوای ئێمە هیچ لایەنێکی پشتڕاستکراوەی ئەمە نییە و ئەگەری راستبوونی زۆر کەمە.
رووداو: لە بابەتی خوێندن بە زمانی کوردیدا تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان ئێوە و دەوڵەت، یانیش لەنێوان ئۆجەلان و دەوڵەتدا سازکراوە؟ یانیش ئەمە دەمێنێتەوە تا دوای گۆڕینی دەستوور؟
سەزایی تەمەللی: هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێمە لەبارەی پرسی زمانی دایک نەکراوە. بێگومان ئێمە داواکاریی خۆمان هەیە، پرۆژەیاسامان پێشکێش کردووە، کارمان لەسەر کردووە و ساڵانێکی زۆرە خەباتی بۆ دەکەین. دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک، جێگیرکردنی زمانی کوردی وەک زمانێکی خوێندن لە پرۆگرامی خوێندن و جێبەجێکردنی مۆدێلی فرەزمانی لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئێمەن؛ بەڵام دەزانین ئێستا هیچ کارێکی لەو شێوەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە ناکرێت. دەسەڵات ئەم پرسەش بۆ داهاتوو دوادەخات و دەڵێن با سەرەتا هەنگاوەکانی دیکە بنرێن. ئیبراهیم کاڵن بیرۆکراتێک و سەرۆکی میتە، لە بازنە سیاسییەکانیشەوە ئەم جۆرە لێدوانە ئەرێنییانە دێن، بەڵام ناڵێن کەی و چۆن، بەڵکو تەنیا وەک نیازپاکی دەمێنێتەوە. سیاسەت بە نیازپاکی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە شێوەی کردەیی دەسەڵات دەکرێت. لەکاتێکدا ئێمە باسی خوێندن بە زمانی دایک دەکەین، کەچی دەبینین بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ تەنانەت تابلۆ کوردییەکانی هەندێک لە شارەوانییەکانمان لادەبرێن و بەرگەی ئەوەش ناگرن؛ ئەمەش بێگومان نیگەرانی و گومانی خەڵک زیاتر دەکات.
رووداو: من دەمەوێت پرسیارێکیش لەبارەی گۆڕینی دەستوور بکەم، ئێوە وەکو دەم پارتی ئامادەکاریتان بۆ گۆڕینی دەستوور هەیە؟ ئایا داوای گۆڕینی کام ماددانە دەکەن؟
سەزایی تەمەللی: دەستووری ئێستا، دەستووری 12ـی ئەیلوولە (کودەتای سەربازیی 1980)، بڕبڕەی پشتی ئەم دەستوورە بە عەقڵییەتی 12ـی ئەیلوول دروستکراوە؛ دەستووری عەقڵییەتێکی نەتەوەپەرست، رەگەزپەرست و تاکڕەوە، بۆیە بێگومان دەبێت بگۆڕدرێت. بۆ کۆمارێکی دیموکراسی پێویستمان بە دەستوورێکی دیموکراسی هەیە. ئێمە لە رابردوودا کارمان لەسەر دەستوورێک کردووە کە لەگەڵ چەمکی کۆماری دیموکراسیدا بگونجێت؛ پرۆژە و ستراتیجمان هەیە. داکۆکی لەوە دەکەین کە پێویستە دەستوور بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان و بە سازانێکی گەورە بنووسرێتەوە؛ دەبێت لە مافی خوێندن بە زمانی دایکەوە تاوەکو دیموکراسیی خۆجێیی لەخۆبگرێت و پەیوەندیی لەگەڵ عەقڵییەتی رەگەزپەرست و تاکڕەویی کودەتا سەربازییەکاندا بپچڕێنێت. بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە تەنیا قسە لەسەر دەستوور هەیە و راستییەکەی تەنانەت رەشنووسێکیش نییە.


