رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی رەشنووسی ئێستای بودجە "موژدەبەخش نییە و کێشەی گەورەی تێدایە"، هاوکات داوا دەکات سەرنج و تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە تێیدا لەبەرچاو بگیرێن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە موشتاق رەمەزان، بەرپرسی دێسکی عەرەبی لە تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵی ئەنجامی داوە، فەرهاد ئەترووشی رایگەیاند: "بڕیاری سیاسی هەیە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەڵام جێبەجێکردنی رووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی گەورە بووەتەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم پرسەدا "هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان مەرج دادەنێن."
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، فەرهاد ئەترووشی ئاماژەی بەوە کرد: " هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی هەر هەڵمەتێک بووم و دەبم کە دژی گەندەڵی دەکرێ،" روونیشیکردەوە پەرلەمان بەشدار بووە لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی تۆمەتبار بوون بە گەندەڵی، حکومەت رێکارەکانی گرتووەتەبەر و دەسەڵاتی دادوەرییش رۆڵی خۆی گێڕاوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:
رووداو: چۆن دۆخی سیاسیی عێراق بە گشتی هەڵدەسەنگێنیت، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا لە شەقامی عێراقیدا نیگەرانی و ترسی ئەوە هەیە لە داهاتوودا چی روودەدات؟
فەرهاد ئەترووشی: پرسی سەروەری بابەتێکی زۆر گرنگە، پێم وا نییە هیچ ناکۆکییەک لەنێوان فراکسیۆنە سیاسییەکان یان پێکهاتەکاندا هەبێت لەسەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ بێت و خاوەنی سەروەریی خۆی بێت؛ لەسەر ئەمە ناکۆکی نییە. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هێزی داگیرکەر بوون یان هێزی پشتیوان و هاوکار بوون کە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ شەڕی دژی داعش هاتن؟ ئەگەر بە داگیرکەریان بزانین، ئەوا بەڵێ دەکرێ بگوترێت "رۆژی سەروەرییە"، بەڵام لە واقیعدا ئەوان هێزی دۆست بوون و بە داوای فەرمیی حکومەت هاتبوون. ئێمە پێمان وایە ئەمە قۆناخێکی گرنگە و دەبێت لە بەرژەوەندیی عێراقدا بقۆزرێتەوە بۆ یەکخستنی نێو ماڵی عێراقی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان؛ چ کێشە دەستووری، یاسایی، سیاسی، ئابووری یان جوگرافییەکان کە پەیوەستن بە ناوچە جێناکۆکەکانەوە. دۆخی ناوچەکە و نێودەوڵەتی مایەی دڵخۆشی نییە، بۆیە پێویستە زۆر بە دانایییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێ.
رووداو: سەبارەت بە دانوستاندنەکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەو گرووپە چەکدارانەی رەتی دەکەنەوە چەک رادەست بکەن، ئەم پرسە گەیشتووەتە کوێ؟
فەرهاد ئەترووشی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێژنەیەکی پێکهێنا کە لە نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و هادی عامری پێکهاتبوو، دواتر کرایە چوارقۆڵی و هومام حەموودی بۆ زیادکرا، بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ ئەو گرووپانە. بەپێی ئەوەی دەیبیستین، بڕیارێکی سیاسی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی رووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی گەورە بووەتەوە. گرووپەکان مەرج دادەنێن. پرسەکە تەنیا چەکدانان نییە، بەڵکو پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا بڕیاری "شەڕ و ئاشتی" تەنیا لە دەستی حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە یان لایەنی دیکەش هەن کە بڕیاری خۆیان هەیە؟ زۆرینەی هەرە زۆری نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لە بڕیارەکەی حکومەت دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، ئێمەش چاومان لەوەیە بەپێی دەستوور چارەسەری ئەم دۆسیەیە بکرێت.
رووداو: ئایا هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەرەنتی ئەوە دەدەن کە جارێکی دیکە هێرش نەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان؟ بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرش بووەتەوە.
فەرهاد ئەترووشی: لە راگەیێندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و هێرشکردنە سەری قبووڵ ناکەن. ئەمە هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانیشە. هەرێمی کوردستان لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتدا هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ئۆپۆزیسیۆن، بۆیە پێویستە وەک بەشێکی پارێزراوی سیستمی فیدراڵی بمێنێتەوە. هەڵوێستی هەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە و عەقڵانی بوو کە نەچووە نێو ململانێ هەرێمییەکانەوە، ئەم هەڵوێستەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی بەغدا هەبوو؛ هەوڵمان دا قەناعەتیان پێبێنین کە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە ببێتە بەشێک لەم شەڕە. دروست نییە عێراق بۆ گۆڕەپانێک رابکێشرێ کە نە لە بەرژەوەندیی خۆی و نە لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدایە؛ ئەمە هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی وڵات. لە راستیدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر لایەنەکانی دیکە و لەنێویاندا چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەتی فیدراڵیش دروستکرد و گەیشتینە ئەم قۆناخە، بەڵام هێشتا چیرۆکەکە کۆتایی نەهاتووە. دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و نازانین دەگەینە کوێ، بۆیە دەبێت بەوپەڕی هێمنی و دانایییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکەین.
رووداو: بڕیاری یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، لە نێو پەرلەمانی عێراقدا هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بەم هەنگاوە چۆن دەبینن؟
فەرهاد ئەترووشی: هەڵوێستەکان بە گشتی ئەرێنین، بەڵام ئەوەی گرنگە هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵییە کە زۆر بەرپرسانە، گرنگ و ئەرێنی بوو، ئەمەش لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە و خزمەت بە دۆخی ئەمنیی هاووڵاتییانیش دەکات. یەکێک لە گرنگترین ئەو خزمەتگوزارییانەی دەوڵەت، لەوانەش دەوڵەتی عێراق، پێشکێشی هاووڵاتییانی دەکات، دابینکردنی ئاسایشە. هاوئاهەنگی باڵا و پتەوی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هێزە فیدراڵییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی، سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییەکانی زۆر پێویستە.
رووداو: هاوکات لەگەڵ رۆیشتنی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەند پێشێلکارییەکی ئەمنی لە دەوروبەری کەرکووک روویاندا، کێ لە پشت ئەم رووداوانەوەیە؟
فەرهاد ئەترووشی: ئەمانە تاوەکو ئێستا رووداوی تاکەکەسی و سنووردارن، رەنگە هەوڵێک بن لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە دوای کشانەوەی هاوپەیمانانیش ماون. پێویستە بە دانایی مامەڵە بکرێت و ئەو بۆشایییە ئەمنییانەی لە نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە چارەسەر بکرێ. ئاڵنگارییە گەورەکە ئەوەیە کە ئەگەری هەیە رێکخراوی تیرۆریستیی نوێ بە ناوی دیکەوە سەرهەڵبدەن، بۆیە پێویستە حکومەت ریشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
رووداو: خەڵکی عێراق بە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دڵخۆش بوون، بەڵام هەندێک پێیانوابوو خێراییەکەی کەم بووەتەوە. رۆڵی ئێوە لە پەرلەماندا بۆ پشتیوانیکردنی ئەم هەڵمەتە چییە؟
فەرهاد ئەترووشی: ئێمە لە پەرلەمانی عێراق، بەندەش بە کەسی وەک فەرهاد ئەترووشی، لەمێژە و ئێستاش پشتیوانێکی بەهێزی هەر هەڵمەتێکم دژی گەندەڵی. حکومەت رێکارە جێبەجێکارییەکان دەگرێتەبەر، بەڵام دۆسیەکان لە کۆتاییدا دەکەونە بەردەم دادگە و ئەوە دەسەڵاتی دادوەرییە بڕیار دەدات. پەرلەمان بەشدار بوو لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی تۆمەتبار بوون، حکومەت رێکارەکانی جێبەجێ کرد و دادگاش رۆڵی خۆی بینی. لەو کاتەدا پێشبینیم دەکرد رێکارەکان تەنیا لە ئاستی فەرمانبەر، بەڕێوەبەرەکان و هەندێک بریکاری وەزیردا بن، بەڵام چاوەڕوانیی شەقام ئەوەیە دەست بۆ تۆڕە گەورە و بەهێزەکانی گەندەڵی ببردرێ. پرسەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ویستی حکومەتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە بەردەستبوونی بەڵگەنامە و دۆسیە یاسایییەکان لە دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەریدا.
رووداو: دۆسیەی بودجە زۆر هەستیارە و دەنگۆی کورتهێنانی نەختینە هەیە. پەرلەمان چۆن دەتوانێت هاوکاریی حکومەت بکات بۆ پەسندکردنی؟
فەرهاد ئەترووشی: بودجە نابێتە یاسا تاوەکو پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدات. دەستوور مافی ئامادەکردنی پرۆژەیاساکەی بە حکومەت داوە، چونکە بەرپرسی داهات و خەرجییەکانە. پەرلەمانیش دەسەڵاتی گواستنەوە و کەمکردنەوەی بڕ و وردەکاریی دیکەی هەیە. یاسای بودجە پرۆسەی ئابووری و دابەشکردنی سامان بۆ یەک ساڵ رێکدەخات؛ حکومەتیش ناتوانێت لە یەک ساڵدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە دەبێت ئامانجی لەپێشینەی هەبێت: گرنگتر هەیە، پاشان گرنگ، ئینجا کەمتر گرنگ. ئێمە لەگەڵ هەر بودجەیەکین کە خزمەت بە هاووڵاتی و پارێزگاکان بکات. عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی یەکگرتووە، دەبێت بودجەش لەگەڵ ئەم سیستمە سیاسییە، دەستوور و ئەو دەوڵەتەی بنیاتمان ناوە، یەکبگرێتەوە. ئێمە لە فەلسەفەی نووسینەوەی دەستووردا بە بەشداریی سەرکردە سەرەکییەکان و بەتایبەت سەرۆک مەسعود بارزانی لەسەر ئەوە رێککەوتین کە دەوڵەتی نوێی عێراق، دەوڵەتێکی فیدراڵی بێت کە هەرێمی کوردستان تێیدا واقیعێکی چەسپاوە لە دەستووردا، هاوکات پارێزگاکانیش دەسەڵاتیان هەبێ. ناکرێ بگەڕێینەوە بۆ دواوە و باس لە ناوەندێتیی تووند و بەهێزکردنی حکومەت بکەین لەسەر حیسابی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە. لە سەرۆکوەزیران چاوەڕوان دەکەین بودجە لەگەڵ دەستوور و مافەکانی هەرێم و پارێزگاکاندا تەبا بێت. رێگە نادەین هیچ شتێک تێپەڕێندرێت کە پێچەوانەی دەستوور بێت. لە مێژووی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانیشدا ستەمێکی روون لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کراوە؛ خولی 2010 و 2014ـی پەرلەماندا لە کۆی 17% تەنیا 8.5%، 9% یان 10%ـمان پێدەگەیشت و هەرگیز 17% نەدرا. بەڵام دواتر بڕینی بودجە، مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێم بە بیانووی بێبنەما کرانە کارتی گوشاری سیاسی، هەمووشمان دەزانین ئەم هەنگاوانە بە سیستماتیک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان گیرابوونەبەر.
رووداو: سەبارەت بەو شاندانەی هەرێمی کوردستان کە دانوستاندنیان لەسەر شایستە دارایییەکان کردووە، ئایا گەیشتوونەتە هیچ چارەسەرێک؟
فەرهاد ئەترووشی: دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ شاندەکە کۆبوومەوە و باسی وردەکارییەکانمان کرد. لە رەشنووسە پێشنیازکراوەکەدا چەندین خاڵی ناکۆک هەن؛ ئەگەر ئەم مادانە وەک خۆیان لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بکرێن و بێنە پەرلەمان، کێشەی زۆر دروست دەبێت، نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ پارێزگاکانی دیکەش. هیوادارم پێداچوونەوە بە رەشنووسەکەدا بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لەگەڵ وەزیری داراییش ئەم بابەتانەمان تاوتوێ کردووە، هەڵوێستی ئەو بەگشتی ئەرێنی بوو، داوای لێکردین چارەسەر پێشکێش بکەین. ئەو کێشانە دەبێت لە رێگەی لێکتێگەیشتنی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن نەوەک بە زۆرینە و کەمینە لەنێو پەرلەمان، یان بە سەردانی شاندێک کە باسی وردەکاری و ژمارە بکات، چونکە بنەمای سەرەکیی هەر بودجەیەک سیاسییە. ئێمە گەشبینین، بەڵام نە بەم رەشنووسەی ئێستا بینیومانە، بەڵکو بە دانایی سەرکردە سیاسییەکان بەتایبەت سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە بە دادپەروەری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی لەم قۆناخە هەستیارە تێپەڕین. ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا دەنگی لەسەر بدرێ، ئەوا قسەی زۆری لەسەر دەبێت و کێشەی گەورە دەنێتەوە.
رووداو: واتا موژدەبەخش نییە؟
فەرهاد ئەترووشی: پێم وانییە موژدەبەخش بێت، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ پارێزگاکانیش. رەشنووسەکە ئێستا لە نێوان وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیراندایە و تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.
رووداو: ئایا لە پرسی دامەزراندندا هیچ ئومێدێک هەیە؟
فەرهاد ئەترووشی: بەپێی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق، ئومێدێکی زۆر هەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن و گرێبەستەکاندا لە چوارچێوەی پشکی فیدراڵیدا هەبێت.
رووداو: سەبارەت بە شایستە دارایییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان چی دەکرێت؟
فەرهاد ئەترووشی: لەم بارەیەوە بە وردی لەگەڵ وەزیری بازرگانی گفتوگۆمان کرد. کێشەکە بە گوتەی ئەو نەبوونی نەختینەی پێویستە. پێشنیازم بۆ وەزیری بازرگانی کرد کە بگەڕێن بەدوای چارەسەری بەردەوامدا بۆ نموونە، دروستکردنی "سندووقی پشتیوانی لە جووتیاران" لەسەر ئاستی عێراق، کە مانگانە یان ساڵانە لە داهاتە فیدراڵییەکان پارەی بۆ تەرخانبکرێت تاوەکو ئەم کێشەیە ساڵانە دووبارە نەبێتەوە و جووتیاران نەکەونە تەنگژەوە.
رووداو: دۆسیەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆچی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە پارەی بۆ تەرخان ناکرێت؟
فەرهاد ئەترووشی: ئێمە لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبووینەوە و کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمان بۆ رێکخستن. هەندێکیان تووشی سەرسوڕمان بوون کە لە ساڵی 2013ـەوە هیچ دۆسیەیەکی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا تۆمار نەکراوە (ژمارەکە سفر بوو!). بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە چارەسەری ئەم بابەتە بکات بە جۆرێک مافی کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و ئەنفالکراوان دەستەبەر بکرێت.
رووداو: ئایا کەمیی نەختینە تاکە رێگرە لەبەردەم ئەم دۆسیە داراییانەدا؟
فەرهاد ئەترووشی: کێشەکە تەنیا نەختینە نییە، بەڵکو سیاسی، ئەمنی و ناوچەییشە. عێراق یەدەگێکی دارایی باشی هەیە، بەڵام کێشەکە لە خەمڵاندنی بڕی پێویستی نەوت و کاریگەریی بارودۆخی گەرووی هورمزە لەسەر هەناردەکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی کورتهێنان لە بودجەدا.
رووداو: پێشتر باسی پێویستیی "شۆڕشی یاسادانان"ت کردبوو، مەبەستت لەمە چییە؟
فەرهاد ئەترووشی: ئێمە سیستمێکی سیاسیی نوێمان بنیاتناوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە یاسا کۆنەکان کار دەکەین. پێویستمان بە کاراکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانە، وەک ئەنجوومەنی فیدراڵی و دەرکردنی یاسای گرنگ وەک یاسای نەوت و گاز. بە هەزاران بڕیاری سەر بە "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش"ی هەڵوەشاوە هێشتا بە هێزی یاسا کارایین لە کاتێکدا پێچەوانەی رۆحی دەستووری فیدراڵی و دیموکراسین. پێویستمان بە شۆڕشێکی یاسادانانە بۆ ئەوەی یاساکان لەگەڵ ئەم سیستەمە نوێیەدا بگونجێنین.
رووداو: سەبارەت بە کابینەی حکومەت، 9 وەزارەت بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، کەی یەکلادەکرێنەوە؟
فەرهاد ئەترووشی: گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان سەرۆکوەزیران و فراکسیۆنە سیاسییەکاندا هەیە؛ بەپێی زانیارییەکانی من زۆربەی بابەتەکان یەکلابوونەتەوە و تەنیا چەند وردەکارییەکی هەڵپەسێردراو ماون، کە هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر بکرێن.
رووداو: وەک پەیامی کۆتایی، گوتەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبارەی شایستە دارایییەکانیان چییە؟
فەرهاد ئەترووشی: ئێمە وەک پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان لە هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان، هاوئاهەنگییەکی بەهێزمان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ مسۆگەرکردنی مافی کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بە ئەرکی رەوا و یاساییی خۆمانی دەزانین.


