رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆگرامی نوێ و یەکگرتووی خوێندنی سووریا بۆ وانەکانی مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.
د. عیسمەت رەمەزان، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی گەشەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، پرۆسەی وەرگێڕان دەستی پێکردووە.
بە گوتەی بەرپرسەکەی دیمەشق، سێ تیمی پسپۆڕ و شارەزا لەژێر چاودێریی ناوەندی نیشتمانیی گەشەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن، کار لەسەر وەرگێڕانی پەرتووکەکان دەکەن.
بڕیارە پەرتووکەکانی زمانی کوردی لە پۆلی یەکەم تاوەکو پۆلی 12یەم، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا ئامادە بن و بەسەر قوتابیاندا دابەش بکرێن.
هەروەها بڕیارە پەرتووکە وەرگێڕدراوەکانی وانەکانی مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفەش "لە ماوەیەکی نزیکدا" ئامادە بکرێن.
بەڵام د. عیسمەت رەمەزان سەبارەت بە کاتی کۆتاییی تەواوکردنی هەموو بەرنامە و کتێبە کوردییەکان، گوتی، وەزارەت ناتوانێت ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەوە بخاتە روو.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: دوای یەکخستنی بەرنامەکانی خوێندن لە سووریا، دیارترین گۆڕانکارییەکان لە بەرنامەکەدا چین؟ وەزارەت لە ئامادەکردنی بەرنامە یەکگرتووەکەی سووریا، سوودی لە کام مادە و ئەزموونەکانی بەرنامەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگرتووە؟
عیسمەت رەمەزان: لە ساڵانی شۆڕشدا، لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا چوار سیستمی جیاوازی پەروەردە بە چوار بەرنامەی جیاوازی خوێندن دروست بوون. دوای رزگارکردنی سووریا، وەزارەتی پەروەردە بۆ یەکخستنیان لە چوارچێوەی سیستمێکی یەکگرتووی پەروەردەدا کاری کرد و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە بەرنامەکانی حکومەتی پێشوودا کرا.
هەموو ئاماژەکان بە هێماکانی رژێمی پێشوو و ئایدیۆلۆجیای سیاسی لابران. هەروەها لە هەموو قۆناخەکاندا بابەتی نەتەوەپەرستی لە بەرنامەی خوێندن لابرا. لە ئەنجامدا، بەرنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیر ئامادە کرا کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا دەگرێت و ناوی (بەرنامەکانی پەروەردەی نیشتمانی)ی لێنرا.
رووداو: وانەی چالاکی بە زمانی کوردی چی لەخۆدەگرێت؟ ئایا بەرنامەی خوێندن یان پەرتووکێکی تایبەتی بۆ ئامادە کراوە؟ کێ نێوەرۆکەکەی ئامادە دەکات؟
عیسمەت رەمەزان: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەت بۆ گەشەپێدانی ژینگەی پەروەردە و پەیڕەوکردنی رێگاکانی نوێی فێرکردن کە پشت بە فێربوونی چالاک و کردارەکی دەبەستن، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا لە هەر قوتابخانەیەکی سەرەتاییدا ژوورێکی فرەئامانج بە ناوی "هۆڵی چالاکییەکان" دروست بکرێت.
لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ناوەندی نیشتمانیی گەشەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن، رێبەرێکی چالاکییەکانی لە پۆلی یەکەم تاوەکو هەشتەم ئامادە کردووە. ئامادەکردنی رێبەرەکە تەواو بووە و بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردیش تەواو بێت.
پەرتووکی رێبەری چالاکییەکان لەسەر فەلسەفەیەکی پەروەردەیی دانراوە کە قوتابی دەکاتە ناوەندی پرۆسەی پەروەردە، هەستی سەربەخۆبوون بە نیشتمان و بەها نیشتمانی و مرۆییەکان گەشە پێدەدات و ژینگەیەکی پەروەردەیی پارێزراو، کارلێککار و هاندەر دابین دەکات.
ئەم رێبەرە بۆ گەشەپێدانی تواناکانی زانستی، زمانی، هونەری، وەرزشی، کۆمەڵایەتی و بەهاکان ئامادە کراوە. هەروەها ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی ژیان، هۆشیاریی یاسایی، ژینگەیی، دیجیتاڵی، بەکارهێنانی پارێزراو و بەرپرسانەی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد و پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتییە.
ئامانج ئەوەیە قوتابییەکی هۆشیار، بەرهەمهێن، دەستپێشخەر و کارامە پەروەردە بکرێت کە بتوانێت رووبەڕووی ئاستەنگەکانی ژیان ببێتەوە و رۆڵێکی ئەرێنی لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەیدا بگێڕێت.
رووداو: ئامادەکردنی پەرتووکەکانی زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناخەکان گەیشتووەتە کوێ؟ ئایا نووسین، پەسندکردن و چاپکردنیان تەواو بووە؟
عیسمەت رەمەزان: ناوەندی نیشتمانیی گەشەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن راسپێردراوە بەرنامەی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناخەکانی خوێندن لە پۆلی یەکەم تا 12یەم ئامادە بکات.
ناوەندەکە چوارچێوەی گشتیی نیشتمانی، پێوەرە گشتی و وردەکان و پلانی نووسین بۆ هەر قۆناخ و پۆلێک ئامادە کردووە. هەروەها بەرنامەکە بەپێی پێوەرەکانی چوارچێوەی هاوبەشی ئەورووپی بۆ زمانەکان (CEFR) بەسەر سێ قۆناخدا دابەش کراوە.
نووسینی پەرتووکەکانی قۆناخی یەکەممان تەواو کردووە کە 12 پەرتووک دەگرێتەوە، بۆ هەر پۆلێک دوو پەرتووک.
رووداو: ئەگەر پەرتووکەکانی زمانی کوردی هێشتا چاپ نەکراون، چەند کات بۆ تەواوکردن و دابەشکردنیان بەسەر قوتابخانەکاندا پێویستە؟
عیسمەت رەمەزان: بڕیارە پەرتووکەکان لە سەرەتای ساڵی خوێندندا چاپ بکرێن و بۆ دابەشکردن بەسەر قوتابیاندا ئامادە بن.
رووداو: سەبارەت بە بڕیاری ئەمساڵ کە رێگە دەدات وانەکانی مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بە زمانی کوردی یان عەرەبی بخوێندرێن، ئایا پەرتووکەکانی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەکاردەهێنرێن یان پەرتووکەکانی بەرنامە یەکگرتووەکەی سووریا وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی؟
عیسمەت رەمەزان: بەرنامە نیشتمانییەکانی سووریا وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی.
رووداو: ئەگەر پەرتووکەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، ئایا پرۆسەی وەرگێڕان بەکردەوە دەستی پێکردووە؟ کێ چاودێریی پرۆسەکە دەکات و زاراوە و نێوەرۆکەکە هەڵدەسەنگێنێت؟
عیسمەت رەمەزان: پرۆسەی وەرگێڕان دەستی پێکردووە و سێ تیمی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە پەیوەندیدارەکاندا کاری لەسەر دەکەن کە ئەزموونێکی فراوانیان لە وەرگێڕانی کوردیدا هەیە. ناوەندی نیشتمانیی گەشەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە چاودێریی پرۆسەکە دەکات.
رووداو: وەرگێڕان، هەڵسەنگاندن و چاپکردنی پەرتووکەکانی مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە چەند کات دەخایەنێت؟ ئایا لەم ساڵی خوێندنەدا ئامادە دەبن؟
عیسمەت رەمەزان: لەبەر ئەوەی کاری وەرگێڕان دەستی پێکردووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئامادە بن.
رووداو: پلانی کۆتایی وەزارەت بۆ تەواوکردنی بەرنامە و پەرتووکە کوردییەکان چییە، بۆ ئەوەی قوتابیی کورد بتوانێت زمانی کوردی و ئەو بابەتانەی رێگەدراوە بە کوردی بخوێنێت، بە تەواوی فێر بێت؟
عیسمەت رەمەزان: ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.


