رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دیالە دەڵێ، هیچ داواکارییەکی فەرمییان بۆ خۆپێشاندان لە خانەقین بەدەست نەگەیشتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئاساییە تابلۆی فرۆشگەکان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بنووسرێ و هەڵبواسرێ.
رۆژی سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، چەند پرسێکی پەیوەست بە قەزای خانەقین و دۆخی پارێزگاکەی خستەڕوو.
سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی خانەقین، پارێزگاری دیالە رایگەیاند، هەر داواکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان دەبێت رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر و لە رێگەی پارێزگار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بێت، بۆئەوەی رەزامەندی لەسەر بدرێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیمان بۆ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان لە خانەقین بەدەست نەگەیشتووە."
لەبارەی دۆخی پێکەوەژیان و ئاسایش، عەدنان شەمەری، خانەقین و دیالەی بە "عێراقێکی بچووککراوە" ناوبرد کە هەموو نەتەوە و ئایینەکانی وەک کورد، عەرەب، کریستیان، سابیئە، شیعە و سوننەی تێدا پێکەوە دەژین؛ باسی لەوە کرد، دۆخی ئاسایشی ئێستای دیالە زۆر باشترە لە ساڵانی 2005، 2007 و 2014 و ئێستا ناوچەکە ئارامە.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکڤانان، پارێزگاری دیالە ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ دوو کەس (یەکێکیان کورد و ئەوی دیکەیان عەرەب) دەستگیرکراون، بەهۆی ئەوەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە "هانی تووندوتیژی و دروستکردنی ئاژاوەیان داوە."
لەسەر پرسی مادەی 140ی دەستوور، شەمەری ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی مادەکە بابەتێکی فیدراڵییە و پەیوەندی بە حکومەتی ناوەندییەوەیە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، کارکردن لەسەر مادەکە خاو بووەتەوە.
لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فرۆشگەکان، پارێزگار گوتی: "یاسا دەڵێت دەبێت تابلۆکان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بن، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە لێیان تێبگەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی گەنجێک بە ناوی رێبین ستار، پارێزگار گوتی، ناوەکەی لای خۆی تۆمارکردووە و لەگەڵ فەرماندەی پۆلیس و دادوەر بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی دەکات؛ گوتیشی، ئەگەر کێشەکە تەنیا بابەتی تابلۆ بێت، چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر هاندانی تووندوتیژی بێت، ئەوا یاسا بڕیاری لەسەر دەدات.
سەبارەت بە کردنەوەی بارەگای حیزبە کوردستانییەکان، پارێزگاری دیالە رایگەیاند، حیزبە کوردستانییەکان رێگەیان پێ دراوە بارەگاکانیان لە مەندەلی، سەعدییە و گوڵاڵە بکەنەوە و هیچ رێگرییەکی یاسایی لەبەردەم ئەو کارەدا نییە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بڕیاربوو دوێنێ گردبوونەوە و خۆپێشاندانێک لە خانەقین بکرێ بۆ داواکردنی کۆمەڵێک ماف، بەڵام رێگە بە گردبوونەوەکە نەدرا و نەکرا. هۆکار چێ بوو؟
پارێزگاری دیالە: بێگومان، هەر داواکارییەک بۆ رێکخستنی خۆپێشاندان پێویستە لە رێگەی پارێزگارەوە بێت و دواتریش لە رێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە، تاوەکو لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە بزانین. لەم بارەیەوە هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ خۆپێشاندان پێشکێش نەکراوە. بێگومان ئەمڕۆ خانەقین بەشێکی کاریگەر و سەرەکیی پارێزگای دیالەیە و لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئێمەدایە وەک ئەنجوومەنی پارێزگا. خانەقین ئەمڕۆ و دیالە بەتایبەتی، عێراقێکی بچووککراوەیە و هەموو نەتەوەکانی لەخۆگرتووە، جا نەتەوەی کورد، عەرەب، هەروەها ئایینەکانی سابیئە، کریستیان، شیعە و سوننە. دیالە ئەمڕۆ پێکەوەژیانی تێدایە، دیالەی ئەمڕۆ جیاوازە لە دیالەی قۆناخەکانی ساڵانی 2014 و 2007 و 2005. ئەمڕۆ دیالە بە هەموو قەزا و ناحیەکانییەوە ئارامە، لە خانەقینەوە بگرە تاوەکو جەدیدە شەت و خان بەنی سەعد.
ئەگەر داواکارییەک یان کەموکورتییەک هەبێت یان خەڵک داواکارییان هەبێت، دەبێت بێن بۆ پارێزگا، نەوەک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان لێدوانی لێرە و لەوێ. ئەو لێدوانە نەرێنییانەی کە ئەمڕۆ رەنگە براکان لە حیزبەکاندا بیاندەن، دەبێت لێدوانی ئەرێنی بن، چونکە ئەمڕۆ خانەقین و دیالە ئارامن، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم پارێزگایە و بەشێکی دانەبڕاوی ئەم وڵاتەن. بۆیە دەبێت هەموومان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکەین کە گەیشتووەتە ئەم قۆناخانە.
لە قۆناخەکانی پێشوو و لە ساڵانی رابردوودا کە شەڕ و رووداوی نەرێنی روویاندا، خەڵک ئەم دیمەنانەیان بڵاودەکردەوە و سوودیان لێ وەردەگرت؛ هەندێک کەس لەسەر ئەم قەیرانانە دەژیان. ئەمڕۆ هیچ قەیرانێک نییە، خانەقین ئارامە، دیالە ئارامە و خەڵک بە ئاشتی دەژین. ئێمە ئەمڕۆ نکۆڵی لەوە ناکەین کە قەیرانێکی دارایی لە وڵاتدا بە گشتی هەیە. بەڵام وەک حکومەتە خۆجێییەکان، وەک حیزبەکان و هەموو ئەو کەسانەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، ئەرکی سەرشانیانە بەشداری بکەن لەم پارێزگایە و لەم قەزایەدا بۆ ئەوەی قەزاکە بە باشترین شێوە دەربکەوێ. پەیامی ئێمە بۆ هەموو خەڵکی خۆمانە، چ کورد بن یان عەرەب یان هەموو نەتەوەکانی دیکە کە ئەمڕۆ لێرەن، بەرپرسیارێتیی ئێمەیە پارێزگاری لەم ئارامییە بکەین. ئێمە ئەمڕۆ وەک پارێزگا و برا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، هەموومان بە یەک چاو سەیریان دەکەین بۆ پاراستنی مافی عەرەب و مافی کورد و مافی هەموو نەتەوەکانی دیکە. ئێمە جیاوازی لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکەین. ئەوەی لە خانەقین دەیبینین بەڵگەیە کە وڵات بە گشتی لە خانەقیندا بچووککراوەتەوە. خانەقین ئەمڕۆ ئارام و سەقامگیرە. هیچ رووداوێکی ئەرێنی یان نەرێنیی تێیدا نییە، بەڵام هەندێک کەس هەن هەوڵ دەدەن ئەم کێشانە دروست بکەن.
دوێنێ دوو کەسمان دەستگیرکرد کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاندانیان بۆ ئەم بابەتانە هەبوو؛ دەستگیرمان کردن و رەوانەی زیندانمان کردن. بۆچی؟ چونکە ئەمە ئاماژەیەکی نەرێنییە و نوێنەرایەتیی خەڵکی نەرێنی لە کۆمەڵگەدا دەکات. خەڵکی ئەرێنی ئەمڕۆ ئەگەر داواکارییان هەبێت، دەبێت داواکارییەکانیان بە شێوەیەکی دروست بگەیەنن لە رێگەی دامەزراوە حکومییەکانەوە. پەیامی ئێمە ئەمڕۆ لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە، کە سوپاسیشتان دەکەین، ئەوەیە کە ئێمە وەک پارێزگا و منیش وەک نوێنەری پارێزگار، [رایدەگەیەنین] ئەمڕۆ دیالە ئارامە، هیچ دۆخێکی نەرێنی و هیچ دۆخێکی تایفی و هیچ دۆخێکی نەتەوەیی تێدا نییە. نەتەوەمان یەکە و وڵاتمان یەکە و پارێزگاکەمان یەکە و خانەقینەکەیشمان یەکە.
رووداو: بەڕێز شەمەری، ئایا دەسەڵاتی ئەمنی پارێزگاری دیالە بەدەست پارێزگار و پۆلیسەوەیەوە یان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە؟
پارێزگاری دیالە: نەخێر، بە دڵنیاییەوە من وەک پارێزگار ئەمڕۆ سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیم لە پارێزگاکە، هەروەها فەرماندە ئەمنییەکان کە بریتین لە فەرماندەیی پۆلیس و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لەژێر فەرمانی ئێمەدان. ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ هەموو دەزگا ئەمنییەکان پێکەوە کاردەکەین و تێڕوانینی تەواومان هەیە و ئاگاداری هەموو شتێکین. هەمووان لە چوارچێوەی یەک سیستمدا کاردەکەن.
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی حەشدی شەعبی زاڵە لە خانەقین، سەعدیە، گوڵاڵە و پارێزگای دیالە بەگشتی؟
پارێزگاری دیالە: حەشدی شەعبی باڵادەست نییە، بەڵکو حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی حکومییە و سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لە چوارچێوەی ئەو دامەزراوە حکومییانەیە کە لە سیستمی دەوڵەت کاردەکەن. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەرەوەی یاسا نییە؛ حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی حکومییە و سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بە راسپاردەی بەڕێز سەرۆکوەزیران کاردەکات. ئەم میحوەرە ئەمڕۆ میحوەرێکی حەمرین و بەرەو سەرەوەیە، واتە وەک دەزانن رووداوەکانی پێشووی تێیدا بوو. لە ساڵانی رابردوودا حەشدی شەعبی رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەم ناوچانەدا و ئەمڕۆش وەک میحوەرێک ئامادەیی هەیە، هاوشێوەی هەر میحوەرێکی دیکەی سەربازی. ئەو رووداوانەی یان ئەو قسانەی کە دەوروژێندرێن، گوایە حەشدی شەعبی یان قسەی ئێرە و ئەوێ، ئەمە راست نییە. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی حکومییە و سەر بە سەرۆکوەزیرانە و لەژێر راسپاردەی بەڕێز سەرۆکوەزیران کاردەکات. ئێمە ئەمڕۆ وەک پارێزگا و سەرکردایەتیی ئەمنی کە ئامادەین، هەموومان لەژێر فەرمانی دەوڵەت و بەڕێز سەرۆکوەزیران کاردەکەین. ئێمە ئەمڕۆ یەک وڵات و یەک حکومەتین، جا حەشدی شەعبی بێت، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان یان فەرماندەیی پۆلیس. هیچ رووداوێک لە خانەقین رووینەداوە، بەڵام وەک گوتم و قسەکانم دووبارە دەکەمەوە، ئەو رووداوانەی کە هەوڵیاندا بیانوروژێنن، سوپاس بۆ خودا هیچ رووداوێک رووینەدا. من قسە دەکەم و تاوەکو ئەم ساتە هیچ رووداوێک نییە، بەڵام هەوڵ دەدەن دۆخەکە ئاڵۆز بکەن. ئێمە رێگە بەوە نادەین و هەر کەسێک هەوڵبدات ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکبدات، ئێمە لێی بەدەنگ دێین.
رووداو: ئێستا لە دیالە چۆن کار بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 دەکرێ؟
پارێزگاری دیالە: مادەی 140 تەنیا تایبەت نییە بە پارێزگای دیالە و تەنیا پارێزگای دیالە یان ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لێی بەرپرسیار نییە. دەوڵەت بە گشتی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی مادەی 140. مادەی 140 لە کاتی دانانییەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەیە، بەڵام کارکردن خاوە. پشتیوان بەخوا دوای هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ، لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران گفتوگۆ دەکەین لەبارەی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 یان جێگیرکردنی یان لە چوارچێوەی پێشهاتەکان، بەڵام کارکردن لەسەری لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران دەبێت و تەنیا پەیوەست نییە بە حکومەتی خۆجێیەوە.
رووداو: عەرەبەکانی پرۆسەی بەعەرەبکردن کە پێشتر قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە، رێگەیان پێ دەدرێ بگەڕێنەوە خانەقین و ناوچەکانی دیکە؟ هۆکار چییە؟
پارێزگاری دیالە: ناتوانیت بڵێیت لە خانەقین بوونی عەرەب قەدەخەییە؛ لە خانەقین عەرەب قەدەخە نییە و بوونی هیچ پێکهاتەیەکیش قەدەخە نییە. خانەقین بۆ هەمووانە، نە تایبەتە بە عەرەب و نە تایبەتە بە کورد. خانەقین، مافی عەرەبە تێیدا بێت و مافی کوردیشە تێیدا بێت. ئێمە نامانەوێ ئەم ناونانە هەبێ. مافی مەسیحیشە تێیدا بێت، مافی سوننەیە تێیدا بێت، مافی شیعەیە تێیدا بێت؛ قەزایەکە لە قەزاکانی پارێزگای دیالە، نە بۆ کەس دابڕاوە و نە تایبەتە بە کەس، نە تایبەتە بەم نەتەوەیە و نە تایبەتە بەو نەتەوەیە. هەموویان خەڵکی یەکگرتوون لەم قەزایەدا کە بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکان دادەنرێ. ئێمە وای دەبینین کە خەڵکی ئەم قەزایە لە رێکترین خەڵکی پارێزگاکەن، لەگەڵ رێزی زۆرمان بۆ هەموو خەڵکی پارێزگاکە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم پرسیارانە و ئەم ئاراستەیە، ئێمە بە ئاراستەیەکی قبووڵنەکراو و رێگەپێنەدراوی دەزانین. نابێت بە عەرەب بگوترێ لێرە مەبن و نابێت بە کوردیش بگوترێ لێرە مەبن. نەخێر، ئەمڕۆ خانەقین هی هەمووانە؛ خانەقین هی عەرەب و کورد و مەسیحی و سابیئە و هەموو نەتەوەکانی دیکەیە کە تێیدا دەژین، دەبێت بە ئاشتی پێکەوەبژین. مادەم ئەمڕۆ بە ئاشتی پێکەوە دەژین، هیچ پێویست ناکات ئێمە وەک میدیاکاران یان لەڕێگەی لێدوانی میدیایی لێرە و لەوێ، ئەم ئاژاوانە بنێینەوە.
رووداو: کورد هەر باسی پێکەوەژیان دەکات. کۆمەڵێک کەس لەسەردەمی بەعس هاتوون و دواتر قەرەبوو کراونەتەوە، ئێستا ئەمانە دەگەڕێندرێنەوە. گەڕانەوەی ئەمانە بۆچی؟ بۆچی رێگەدەرێت بێستانەکانی دارخوما لە خانەقین وشک بکرێن و بکرێنە پرۆژەی نیشتەجێبوون؟
پارێزگاری دیالە: ئەگەر کەسانی دیاریکراو یان کەسێک هەبن کە ناویان لە لیستێکدا بێت، ئەم بابەتە دڵنیا نیم لێی، بەڵام ناکرێ بە شێوەیەکی گشتی رێگری لە عەرەبەکان بکرێ لە خانەقین و ناکرێت رێگری لە کوردەکانیش بکرێت لە خانەقین. واتە ئەم بابەتە لای ئێمە وەک حکومەتی خۆجێی بوونی نییە، بەڵام ئەوانەی قەرەبوو کراونەتەوە یان نەکراونەتەوە، کێن ئەوانەی قەرەبوو کراونەتەوە؟ بە دڵنیاییەوە لیستێکیان هەیە یان خەڵکی بەعسی بوون و لە چوارچێوەی رژێمی بەعسدا بوون. ئەگەر لە چوارچێوەی رژێمی بەعسدا بووبن یان لە یاسا دەرچووبن، رێگەیان پێنادەین لە خانەقین و لە هیچ قەزایەکی دیکەیشدا بن.
رووداو: کورد لە خانەقین لە کشتوکاڵ، زانکۆ، لە قوتابخانە کێشەی هەیە. بۆچی دان نانرێ بە بڕوانامەکانی زانکۆی گەرمیان؟
پارێزگاری دیالە: ئاگاداری ئەو کێشانە نیم... زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو نییە، ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە وەک پارێزگا. کاتێک وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک دامەزراوەیەکی حکومی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دان بە زانکۆیەکدا دەنێت، ئەوە کاری ئێمە نییە وەک حکومەتی خۆجێیی. ئەمە بابەتێکی وەزارییە. دەبوو زانکۆی گەرمیان یان هەر دامەزراوەیەکی دیکەی حکومی لە وەزارەت تۆمار بکرێ و رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵای بەدەستهێنابێت. ئەم دامەزراوەیە دەبێت بڕوانامەکەی و سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت. ئێمە ئەمڕۆ وەک پارێزگایەک بەشێکین لە وڵات. هەموو زانکۆکان، چ حکومی بن یان ئەهلی، دەبێت سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بن. ئەگەر کێشەیەک هەبێت وەک بەڕێزتان باسی دەکەن، کێشە لە خانەقین هەیە، من رۆژانە پەیوەندیم لەگەڵ بەڕێز قایمقامی قەزای خانەقین هەیە. هیچ کێشەیەکمان نییە، رەنگە هەندێک کێشەمان لە زیادەڕۆییەکان لە قەزای خانەقین هەبووبێت و رامانگرتووە. یەکێک لە کەسە دەستڕۆیشتووەکان لە خانەقین هەوڵی دەدا زیادەڕۆیی بکاتە سەر زەوی دەوڵەت و ئێمە ئەو کارەمان راگرت و رێگەمان نەدا زیادەڕۆیی بکرێتە سەر موڵکی خەڵک. بۆیە فەرمانمان دا بە بەڕێز قایمقام و سەرکردەکانی پۆلیسی قەزای خانەقین کە هەر کەسێک بانگەشەی سەر بە هەر لایەنێکی دیاریکراو بکات، رێگەی پێنادەین زیادەڕۆیی بکاتە سەر زەوی دەوڵەت و ئاسایشی هاووڵاتییان تێکبدات. پێویستە لەسەرمان پارێزگاری لە مافی خەڵکی ئەوێ بکەین. هەموو ئەو کەسانەی لە قەزای خانەقینن، کەسوکار و برا و کوڕی ئێمەن، بۆیە دەبێت پارێزگاری لە مافەکانیان بکەین. جەنابت دەڵێیت کێشە هەیە، من پێت دەڵێم هیچ کێشەیەک نییە، هیچ کێشەیەکمان نییە. ئەوەی هەوڵ دەدات وا نیشان بدات کە کێشە لە خانەقین هەیە، پێمان وایە ئەم قسەیە ورد نییە و دوورە لە راستییەوە، چونکە ئێمە رۆژانە بەردەوامین لەگەڵ بەڕێز قایمقام و سەرکردە ئەمنییەکانی پارێزگاکە.
رووداو: رێبین ستار ئاسنگەرێکە، تابلۆی شوێنەکەی لە زمانی عەرەبیەوە کوردبووە کوردی و بە تۆمەتی نانەوەی ناکۆکی تایفی دەستگیرکراوە و ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکراوە؟ ئەمە رەوایە؟
پارێزگاری دیالە: من نازانم ئەو کەسە کێیە. دوێنێ ئاگادار کرامەوە کە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز فەرماندەی پۆلیس کراوە و دوو کەسمان دەستگیرکردووە؛ یەکێکیان کورد و ئەوی دیکەیان عەرەب بوو، کە ئاژاوەی تایفییان لەنێوان هەردوولادا دەنایەوە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بڕوا ناکەم ئەم قسەیە ورد بێت، دڵنیابە لەم قسەیە، بڕوا ناکەم شتی وەهامان لە خانەقین هەبووبێت، رەنگە ئەو کەسە خۆی ئاژاوەی ناوەتەوە و ئەو قسەیە دەکات بۆ ئەوەی میدیاکان بەلای خۆیدا رابکێشێت.
رووداو: بەڕێز پارێزگار، ئێستا لە خانەقین کوردێک شوێنێکی هەبێت و تابلۆی شوێنەکەی بە زمانی کوردی نووسراوبێت، کێشەی نییە؟
پارێزگاری دیالە: بێگومان ئەم بابەتە بەم شێوەیە نییە. ئێمە وەک سەرکردەی ئەمنی لەو ئاستەدا نین لەگەڵ هاووڵاتییان و خەڵکی خۆمان لەم قەزایە بەو شێوەیە مامەڵە بکەین، بەڵام لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە بۆ ئەوەی قسەکانمان کۆتاییان پێبێت، رووی قسەم لە کورد و عەرەب و ئەو کەسانەیە کە بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە و ئێمە هەمیشە دەیانبینین. پێویستە بەرپرسان، ئەگەر بەرپرسی حکومی بن یان حیزبی، کاتێک چاوپێکەوتنی رۆژنامەڤانی دەکەن یان هەر قسەیەک دەکەن، دەبێت سەیری خەڵک بکەن نەوەک سەیری خۆیان بکەن. ئەو قسەیەی ئەمڕۆ لە بەرپرسێکەوە دەردەچێت، هەمووان چاویان لەسەریەتی. بۆیە پێویستە لەسەر بەرپرسان کاتێک لێدوانی رۆژنامەڤانی دەدەن، سەیری خەڵک و رادەی کاریگەریی قسەکانیان لەسەر خەڵک بکەن. ئەمڕۆ خەڵک بە ئاشتی دەژین. خانەقین و هەموو قەزا و ناحیەکانی دیکەی ئێرە و بەگشتی وڵات، پێویستیان بەوەیە کە ئێمە وەک بەرپرس لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بین و بزانین چی دەکەین. پێویستە بزانین کە لێدوان و قسەکانمان تەنیا گوزارشت لە خۆمان ناکەن، بەڵکو رەنگدانەوەیان لەسەر شەقام دەبێت. کەسانێکی دەرووننەخۆشیش هەن کە هەمیشە ئەم بابەتانە دەقۆزنەوە و هەوڵ دەدەن بمانگەڕێننەوە بۆ ئەو چوارگۆشەیەی پێشتر هەمووان تێیدا دۆڕاو بوون، هەمووان باجیان دا و هەمووان زیانیان کرد. ئەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەی لە پارێزگاکەدا هەبوو، بێگومان هەمووان باجەکەیان دا. کێ باجەکەی دەدات؟ هاووڵاتی باجەکەی دەدات. بۆیە پێویستە لەسەر بەرپرسان لە لێدوانەکانیاندا لە خوا بترسن، هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و لێدوانی گشتی بدەن کە خەڵک ئارام بکاتەوە نەوەک هانیان بدات، خەڵک لەو قۆناخانە تێگەیشتووە و لە گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە تێگەیشتووە. خەڵک هیچی لە ئێمە نەبینیوە، بەڵام ناکرێ ئەمڕۆ ئێمەی بەرپرس ئاژاوە لەنێو خەڵکدا بنێینەوە، ئەمە شتێکی راست نییە.
رووداو:ئەمە پرسیاری خەڵکە. دەمەوێ جارێکی دیکە بپرسم، جەنابتان بە روونی وەڵاممان بدەیتەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە خۆتی گوێبیستی بن. ئایا هەڵواسینی تابلۆ لە فرۆشگە، چێشخانە و شوێنەکان بە زمانی کوردی قەدەخە نییە؟
پارێزگاری دیالە: بێگومان یەک تابلۆیە و دوو ناوی بە زمانی کوردی و عەرەبی لەسەرە. قسەکەم روونە، یەک پارچەیە و کێشەی تێدا نییە. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە دەڵێین، پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتییانە پێکەوە بژین. ئەمڕۆ دووکانێک کە هی عەرەبێکە یان تەنیا بە عەرەبی یان کوردی لەسەری نووسراوە، پێویستە بە هەردوو زمانەکە بنووسرێ بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت ئەم دووکانە چییە، واتە مەرج نییە کەسێک هەردوو زمانەکە بزانێت، بەڵام لەسەر هەمان تابلۆ وەک چۆن لە سەرەوە بە کوردی نووسراوە، لە خوارەوەش بە عەرەبی بنووسرێت، ئەمە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بەڵام مانای گرژی و ئاڵۆزی نییە. پێکەوەژیانی ئاشتییانە بە زۆر مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. بەڵام ئێمە رووی قسەمان لە کەسوکارمانە لە قەزای خانەقینی خۆشەویست، کە بەڵێ ئێمە ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا بەپێی ئەو یاسایە کاردەکەین، ئێمە بەپێی یاسای سەرەکیی دەوڵەت کاردەکەین کە یاسای ناوەندییە لە بەغدا. حکومەتی ناوەندیش بەپێی ئەو یاسایە کار دەکات و ئێمەش هەروا، بۆیە هیچ جیاوازییەک لەنێوان عەرەب و کورد نییە.
رووداو: جەنابت گوتت کێشە نییە و کەس لەسەر ئەمە ناگیرێت، بەڵام ئەو گەنجەی دەستگیرکراوە لەسەر تابلۆکەی بە کوردی و بەعەرەبی نووسیبووی، بەڵام گیراوە و ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکراوە. بۆچی؟
پارێزگاری دیالە: ناویم پێبدە و من دڵنیا دەبمەوە لە بابەتەکە، ئەگەر رێبین ستارە، لای خۆت تۆماری بکە؛ رێبین ستار. من سەیری بابەتەکە دەکەم، لەگەڵ بەڕێز فەرماندەی پۆلیس و دادوەر سەیری دەکەم و سەیری بەڵگەنامەکانی دەکەم. من لەگەڵتان لەسەر هێڵ دەبم و هەڵوێستی راستەقینەی بابەتەکەتان پێ دەڵێم، رەنگە ئەو وێنەیەی بە ئێوە گەیشتووە راست نەبێت. من ئێستا ئەو کەسە ناناسم و ئاگاداری ئەو قسانە نیم، بەڵێ، بەدواداچوونی بۆ دەکەم.
رووداو: ناوی رێبین ستارە، ئاسنگەرە لە خانەقین، تابلۆی شوێنەکەی لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی و یەکسەر دەستگیرکرا و ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکراوە. ئەگەر بەدواداچوونی بۆ بکەی.
پارێزگاری دیالە: دوێنێ لەگەڵ بەڕێز فەرماندەی پۆلیس کۆبوونەوەم هەبوو، پێی راگەیاندم کە دوو کەسیان دەستگیرکردووە. پێم گوت، ئەو دوو کەسە کێن؟ گوتی، ئەو دوو کەسە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دروستکردنی ئاژاوە و کۆکردنەوەی خەڵک بۆ خۆپێشاندان بەکاردەهێنن. ئەمڕۆ یەکێک لەو دوو کەسە بە کەفالەت ئازاد کراوە، ئەمڕۆ بەیانی ئاگاداری ئەوەم، بەڵام نازانم ئەوە کێیە، رێبینە یان کەسێکی دیکەیە. من ناوەکەی نازانم. بەڵام من بۆت دووپات دەکەمەوە کە ئەو بابەتەی ئەو کەسە باسی دەکات راست نییە، بەڵکو تەنیا ئاژاوەی ناوەتەوە، واتە ئەو کەسە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاژاوەی دروستکردووە و هەوڵی داوە خەڵک بۆ خۆپێشاندان کۆبکاتەوە، پێم وایە ئەو کارە بەبێ رەزامەندیی فەرمی راست نییە، بۆیە پێموایە ئەو قسانەی پێتان گەیشتووە ورد نییە و هەمیشە هەوڵ دەدات سۆزی میدیاکان رابکێشێت بۆ ئەوەی دەنگی بگات. بەڵام لە رێگەی مینبەرە بەڕێزەکەی ئێوەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەمە راست نییە و من خۆم لە رێگەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لە پارێزگای دیالە لە بابەتەکە دڵنیا دەبمەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەم و سەیری پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەی دەکەم، بەڵام من دڵنیات دەکەمەوە کە ئەم بابەتە ورد نییە، زانیارییەکە دڵنیایە، من بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەم.
رووداو: پارتی و یەکێتی دەڵێن پرۆسەیەکی چڕی بەعەرەبکردن هەیە لە خانەقین و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە. ئایا ئەمە دژی مادەی 140 نییە؟ بۆ رێگەنادەن پارتی و یەکێتی لە سەعدیە بارەگا بکەنەوە؟
پارێزگاری دیالە: ئێمەش هەر هەمان قسە دووپات دەکەینەوە. نا، سەیری بکە ، من وەڵامی ئەم بەشەت دەدەمەوە. برایان لە هەردوو حیزبە بەڕێزەکە کە هاوبەشن لە حکومەتی ناوەندی و لە بەغدان و کاریگەری و قورسایی هەڵبژاردن و ژمارەیان لە بەغدا هەیە، ئەوان کەسانێک نین لە دەرەوەی حکومەتی ناوەندی بن تاوەکو بەو شێوەیە قسە بکەن. برایانی بەڕێز لە هەردوو حیزبە بەڕێزەکە، لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران، من وەک پارێزگار داواکارییان لە مەندەلی، سەعدییە و گوڵاڵە و هەموو شوێنێک پێشکێش کرد و رەزامەندیم لەسەر داواکارییەکانیان بۆ کردنەوەی بارەگا نواند. بۆیە پێم وایە ئەمە ورد نییە، ئەگەر لە بەرپرسێکەوە بیستووتە، دەبێت تۆ لەگەڵ بەرپرسەکە شی بکەیتەوە، ئەگەریش لە کەسێکی نابەرپرسەوە بیستووتە، دەبێت دڵنیا بیتەوە لە قسەکانی، چونکە من ئەمڕۆ وەک پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی داواکارییەکانمان پێگەیشت و لە هەڵبژاردنەکاندا بارەگاکانیان لە قەزا و ناحیەکان کردەوە. بەڵام ئەگەر ئەوان ئەمڕۆ نایانەوێ بیکەنەوە، من ناتوانم پێیان بڵێم وەرن بیکەنەوە، ئەوان لەوێ نین. سەعدییە کوردی تێدایە، ژمارەیەکی کەم نییە، گوڵاڵە کوردی تێدایە، ژمارەیەکی کەم نییە، قەرەتەپە کوردی تێدایە، ژمارەیەکی کەم نییە. لە هەموو شوێنێک، لە بەعقوبە کورد هەیە، لە هەر شوێنێک کورد، برایانی کورد، هەن. بۆیە ئەم بابەتە سنووردار نییە بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو و رێگریشیان لێ نەکراوە. من ئەمڕۆ وەک پارێزگار کە نوێنەرایەتیی حکومەتی خۆجێیی لە هەموو قەزا و ناحیەکان دەکەم، پێت دەڵێم ئەم قسەیە ورد نییە. بەدواداچوونی بۆ دەکەم.
رووداو: بۆ رێگە نەدرا دوێنێ ئەو خۆپێشاندانە مەدەنییە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 بکرێت؟
پارێزگاری دیالە: فەرموو، من وەڵامێکی وردت دەدەمەوە. سیستمی خۆپێشاندانەکان پێویستە داواکارییەک ئاراستەی پارێزگار بکرێت. بۆ بەڕێز پارێزگار کە ئێمە دەمانەوێت گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە رۆژی دیاریکراودا ئەنجام بدەین، نەک ئەمڕۆ بڕیار بدات گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدات و سبەی ناچار بێت بیکات. نا، پێویستە داواکارییەکی فەرمی پێشکێش بکرێت کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکات، تاوەکو بزانرێت کێ بەرپرسە، کێ بەرپرسیارە لە خۆپێشاندانەکە، بۆ ئەوەی خوا نەخواستە ئەگەر گرژیی تێکەوت و لە کۆنترۆڵ دەرچوو، کەسانێک هەبن لەبەردەم دەوڵەتدا بەرپرسیار بن. من هیچ داواکارییەکم پێنەگەیشتووە. ئەگەر رەتکردنەوەیەک هەبێت، رەتکردنەوەکە لەلایەن کێوە دەبێت؟ پێویستە رەتکردنەوەکە لەلایەن پارێزگارەوە بێت. من هیچ داواکارییەکم لە خانەقینەوە لەسەر ئەم بابەتە پێنەگەیشتووە و تەحەدای هەر کەسێک دەکەم بڵێت من داواکارییەکم گەیاندووەتە پارێزگا و پارێزگا رەتیکردووەتەوە. خۆپێشاندان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ناکرێت، چونکە لەپشتییەوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی یاسایی هەیە، سەرکردە ئەمنییەکان ئامادە دەبن، ئەو کەسانەی خۆپێشاندانەکە رێکدەخەن بەرپرسیار دەبن.بێگومان ئەگەر داواکارییەک هەبێت، چونکە دەبێت تەنیا داواکارییەکی فەرمی بێت، پێویستە داواکارییەکی فەرمی بگاتە پارێزگا و ئێمە سەیری داواکارییە فەرمییەکەی دەکەین کە ئایا مافی خۆپێشاندانی هەیە یان نا. ئەگەر ئێمە کەمتەرخەم بووبین یان داواکارییەک هەبێت سەبارەت بە کەمتەرخەمییەک و بتوانین پێش ئەوەی خۆپێشاندان بکەن جێبەجێی بکەین، ئەوا جێبەجێی دەکەین. بەڵام ئەگەر تەنیا داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 بکات یان خۆپێشاندان بکات بەبێ دروستکردنی ئاژاوە و بەبێ وروژاندنی تائیفی، ئەوا بێگومان رێگەی پێدەدەین و هیچ کێشەیەک نییە.
بەڵام پێش ئەوەی کۆتایی پێبهێنیت، تکایە بۆ ماوەی یەک خولەک رێگەم بدە قسەیەک بکەم. لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە، ئێمە ئەمڕۆ رووی قسەمان دەکەینە کەسوکارمان لەو قەزایە، بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانیانەوە، پێویستە ئاگاداربن و وەک برایانی خۆشەویست بە ئاشتی لەو قەزا بەڕێزەدا پێکەوە بژین. پێویستە پێکەوە بژین، گرژی و ئاڵۆزی لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە. ئاژاوەگێڕی لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە، رەنگە خەڵکی نامۆ بێنە لاتان و دواتر بڕۆن، بەڵام ئێوەن کە ئەمڕۆ لەو قەزایەدا دەژین. ئێمە ئەمڕۆ وەک حکومەتی خۆجێی، وەک کوڕ و برای خۆمان سەیری هەمووتان دەکەین، جیاوازی لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکەین. پێویستە بە ئاشتی بژین و پێویستە لەگەڵ ئێمەدا بوەستن. ئەگەر کەموکوڕییەک لە خزمەتگوزارییەکاندا هەبێت بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە ئەمڕۆ هەیە، ئەوا ئێمە ئامادە دەبین و ئەوەی لە تواناماندا بێت جێبەجێی دەکەین. بەڕێز سەرۆکوەزیران هاوکارە لەگەڵمان لەم پارێزگایەدا.
ئێمە پشکی ئێوەمان لە 23%ی بودجە پێداون و پڕۆژەکانیش سوپاس بۆ خوا بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەچوون و لە کاتێکی پێوانەیی و بە کوالێتییەکی باش تەواو بوون. پێویستە خەڵکی خانەقین ئاگاداربن و بە ئاشتی پێکەوە بژین. من دڵنیام کە خەڵکی خانەقین دەتوانن هەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ هەن تێیپەڕێنن. خەڵکی خانەقین، پەیوەندیتان بە راگەیاندنەکانەوە نەبێت، خانەقین ئارام و پارێزراوە، هیچ کێشەیەکی تێدا نییە.

