رووداو دیجیتاڵ
جاو کالێس، ئەو مامۆستا تانزانییەی کە بە شێوازە جیاواز و داهێنەرانەکەی لە جیهاندا ناسراوە، لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەی تۆڕی میدیایی رووداودا باس لەوە دەکات چۆن توانیویەتی پیت و ژمارەکان لە رێگەی ئاواز و جووڵەوە لە مێشکی منداڵاندا بچەسپێنێت. لەم دیدارەدا، جگە لە ناساندنی شێوازی وانەگوتنەوەکەی، پەیامێکی تایبەت ئاراستەی قوتابییانی کورد دەکات و جەخت لەسەر گرنگیی خوێندن بە زمانی دایک وەک بنەمایەکی سەرەکیی پەروەردە دەکاتەوە.
رووداو: بەڕێز جاو کالێس بەخێربێی
جاو کالێس: زۆر سوپاس خاتوو نالین، بۆ میوانداریکردنم. ناوم جاو کالێسە، من لە تانزانیا مامۆستام، وانەی خوێندنەوە، نووسین و ژماردن دەڵێمەوە. هەروەها، میوزیک و داهێنان بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی فێربوون خۆشتر و ئاسانتر بێت. زۆر دڵخۆشم کە لێرەم.
رووداو: شێوازی فێرکردنت زۆر سەرنجڕاکێشە، بۆچی ئەم رێگەیەت هەڵبژارد؟
جاو کالێس: بڕیارم دا ئەم شێوازە هەڵبژێرم، چونکە بۆم دەرکەوت کە منداڵان چێژ لە میوزیک، گۆرانیگوتن و جووڵە وەردەگرن. وەک لە ڤیدیۆکەمدا دەیبینن، من لە رێگەی میوزیکەوە پیت و دەنگەکان تێکەڵ بە یەکدی دەکەم. ئەمەش وایکرد فێربوون بۆیان زۆر ئاسان بێت.
رووداو: قوتابییەکانت چێژ لەم شێوازی فێرکردنە وەردەگرن؟
جاو کالێس: بەڵێ، بەڕاستی زۆر چێژی لێ وەردەگرن. وەک لە ڤیدیۆکەمدا دەیبینن، ئەو کەشە خۆشەی کە هەیە؛ تێیدا ئەوان دەجووڵێن، گۆرانی دەڵێن و پێکەوە فێر دەبن. ئەوەش وا دەکات کە من زۆر دڵخۆش بم، کاتێک دەبینم ئەوان فێر دەبن و چێژیشی لێ وەردەگرن.
رووداو: بۆ وەرزش و فێرکردن چی دەکەی؟ هەر خۆتی یان مامۆستای دیکەش هەن؟
جاو کالێس: من بڕیارم دا وەرزش و فێربوون تێکەڵ بکەم، بۆ ئەوەی فێربوون و فێرکردن ئاسان بکەم. تەنیا من نیم کە ئەم شێوازە بەکاردەهێنم، زۆر مامۆستای دیکەش هەن، بەڵام هەریەکەیان شێوازی تایبەتیی خۆی هەیە بۆ فێرکردنی منداڵان. من بڕیارم دا ئەم شێوازە هەڵبژێرم.
رووداو: چەند قوتابیت هەیە؟ وەزارەتی پەروەردەی تانزانیا چی دەڵێ؟
جاو کالێس: ئێستا 43 قوتابیم هەیە. سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردەش، ئەوان بە فەرمی دانیان بە کارەکانمدا ناوە و زۆر بە باشیش پاڵپشتی لەم شێوازەی وانەگوتنەوەیەم دەکەن.
رووداو: خوێندن بە زمانی دایک بۆ تۆ و قوتابییەکانت چ مانایەکی هەیە؟
جاو کالێس: بە بڕوای من پەروەردە بە زمانی دایک یارمەتی منداڵ دەدات باشتر تێبگات. هەروەها وایان لێدەکات هەست بە ئاسوودەیی بکەن و لە کاتی فێربووندا متمانەیان بە خۆیان هەبێت. بۆ نموونە زمانی سەواحیلی، بەشێکی گرنگە لە کولتوور و ناسنامەمان. بۆیە با بەردەوام بین لە پاراستنی زمانی دایکمان.
رووداو: کورد دەناسی؟ چی بە قوتابییانی کورد دەڵێی؟
جاو کالێس: من زانیاریی زیاترم لەبارەی کوردەوە لە رێگەی ئەم دەرفەتەوە پێگەیشتووە. زمان و کولتووری کوردی زۆر گرنگن بۆ کوردەکان. ئەوەی دەمەوێت بە قوتابیانی کورد بیڵێم ئەوەیە کە؛ دەبێت شانازی بە زمان و کولتوورەکەی خۆتانەوە بکەن، لەوە نەترسن کە زمان و کولتوورەکەتان لەگەڵ جیهاندا بەش بکەن.
رووداو: زۆر سوپاس
جاو کالێس: زۆر سوپاس خاتوو نالین بۆ میوانداریکردنم بۆ ئەمڕۆ. زۆر دڵخۆشم کە دەبینم داهێنانەکەم دەگاتە کەسانی زیاتر لە دەرەوەی تانزانیا. ئەمە بۆ من شتێکی زۆر گەورەیە. هیوای رۆژێکی خۆشت بۆ دەخوازم.

