رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە دەڵێ، لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆی شارەکەدا دوو کەس کوژراون کە باوک و کوڕێکن و هیچ بریندارێکیش نەگەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
خالید محەممەد خالید، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "نزیکەی کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، تەرمی دوو کەس گەیێندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەسەکە. یەکێکیان پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ بە ناوی (ئەحمەد) و ئەوی دیکەیان مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵە بە ناوی (حەسەن). بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، مێرمنداڵەکە کوڕی پیاوەکەیە."
بەڕێوەبەری تەندروستی گوتیشی، "ئەو دوو کەسە پێش ئەوەی بگەیێندرێنە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدابوو، چونکە برینەکانیان زۆر سەخت بوو."
ئەو بەرپرسەی تەندروستی لەبارەی تێکەڵکردنی دامەرزاوە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریاش گوتی، "ئێمە یەکەم فەرمانگە بووین پڕۆسەی تێکەڵکردنمان تەواو کرد. تاوەکو ئێستا ناوی 1,448 کارمەندمان جێگیر کردووە کە بڕوانامەکانیان ئامادەیە بۆ گرێبەست."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی خالید محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە:
رووداو: ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا بووە؟ خەڵکی چ شارێکن و ناویان چییە؟
خالید محەممەد: بەڵێ، ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە. مێرمنداڵەکە ناوی (حەسەن)ـە و پیاوەکەش ناوی (ئەحمەد)ـە کە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵ دەبێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئاسایش و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بەدەستمان گەیشتووە، ئەوان باوک و کوڕن.
رووداو: پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدابوو؟ برینەکەیان لە کوێی جەستەیان بووە؟
خالید محەممەد: بەڵێ، کاتێک گەیێندرانە بەشی فریاکەوتن، هیچ نیشانەیەکی ژیانیان تێدا نەمابوو. برینەکانیان زۆر قووڵ و سەخت بوو، بە تایبەتی لە ناوچەی سنگ و سک و هەموو جەستەیان، بۆیە هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدابوو.
رووداو: کەواتە هیچ بریندارێک نییە و ئامارەکە تەنیا ئەو دوو کوژراوەن؟
خالید محەممەد: بەڵێ، من خۆم پەیوەندیم بە زۆربەی نەخۆشخانەکانەوە کردووە. نە لە نەخۆشخانە حکومییەکان و نە لە کەرتی تایبەت، هیچ بریندارێک تۆمارنەکراوە. تەنیا ئەو دوو تەرمە بوون کە گەیێندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی نیشتمانیی حەسەکە.
رووداو: هیچ ئامارێک لەبەردەستی ئێوەیە کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چەند کەس بە مین و تەقەمەنی کوژراون و برینداربوون؟
خاليد محەممەد: ناتوانین ژمارەیەکی جێگیر بدەین، چونکە ئێمە تەنیا ئەوانە تۆمار دەکەین کە دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەکان. رەنگە دۆخ هەبێت لە دەرەوەی شار و نەگاتە نەخۆشخانە. بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمە یەکەم تەقینەوەیە لە نێو شاری حەسەکە دوای ماوەیەکی زۆر رووبدات.
رووداو: با پرسیار لەسەر بابەتێکی جیاواز بکەین. تاوەکو ئێستا چەند کارمەندی تەندروستی بە فەرمی لای ئێوە تۆمارکراون؟
خالید محەممەد: ئێمە یەکەم فەرمانگە بووین پڕۆسەی تێکەڵکردنمان تەواو کرد. تاوەکو ئێستا ناوی 1,448 کارمەندمان جێگیر کردووە کە بڕوانامەکانیان ئامادەیە بۆ گرێبەست. هەروەها 184 کارمەندی دیکەشمان هەیە کە بڕوانامەکانیان هی زانکۆی رۆژئاوا یان دەستەی پەروەردەیە، ئەمانە چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەن بۆ ئەوەی بڕوانامەکانیان راستاندنی بۆ بکرێ و گرێبەستیان بۆ بکرێت. پڕۆسەی واژۆکردنی گرێبەستەکان لە مانگی ئابـەوە دەستیپێکردووە و گرێبەستەکان ساڵانەن و خۆیان نوێ دەبنەوە.
رووداو: نەخۆشخانەی منداڵانی حەسەکە کراوەتەوە؟
خالید محەممەد: ئێمە گوتوومانە هیوادارین لە مانگی ئەیلوول بکرێتەوە. ئێستا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کە (دکتۆر محەممەد تەڵاف)ـە دیاریکراوە و دەستی بە کارەکانی کردووە. ئێستا خەریکی گواستنەوەی کارمەندەکان و مۆبایلەکان و ئامادەکردنی باڵەخانەکەین. نەخۆشخانەکە لە سەرەتادا بە 50 قەرەوێڵە دەستپێدەکات و دواتر دەیکەین بە 80 قەرەوێڵە.
رووداو: دەمێک بوو کێشەی ڤاکسین لە حەسەکە هەبوو، بۆ ئەم ساڵ ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە؟
خالید محەممەد: ڤاکسین بەردەستە و زۆر سەلامەتە. لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە بە زنجیرەیەکی ساردکەرەوەی رێکوپێک دەگاتە هەموو بنکە تەندروستییەکان. لێرەوە رایدەگەیەنم کە رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئاب، هەڵمەتێکی گەورەی کوتان دژی نەخۆشیی سوورێژە لە هەردوو ناوچەی قامشلۆ و شەدادی دەستپێدەکەین بە هاوکاریی رێکخراوی یونیسێف و تەندروستیی جیهانی.
