رووداو دیجیتاڵ
عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئامانجی سەردانەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ئاگاداربوون لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی هەولێر لە بواری ئاوەدانکردنەوە گەڕاندەوە. ئەو بەتایبەتی ئاماژەی بە شەقامە بازنەییەکان و ناوچە سەوزاییەکانی هەولێر کرد و بە "نیشانەیەکی زۆر گرنگ و هۆکارێکی جیاکەرەوە"ی لە قەڵەمدا.
پارێزگاری بەغدا رایگەیاند، کە کۆنفرانسێک لە هەولێر بە بەشداریی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق سازدەکرێت بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی یەکدی وەربگرن. هەروەها بانگهێشتی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ وەبەرهێنان لە بەغدا و گوتی، "بەغدا ئەمڕۆ زەوییەکی باشە بۆ وەبەرهێنان و دەکرێ سەرمایە و کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکان رابکێشێت."
عەتوانی ئاشکراشیکرد، کە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکە نزیکەی 1 تریلیۆن دینارە و ئەمەش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاوەڕۆ و تەندروستی بەس نییە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، بەغدای پایتەخت کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 ملیۆن کەسە، پێویستیی بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی قەرەباڵخیی هاتووچۆ هەیە، لەوانەش دروستکردنی میترۆ و شەقامی بازنەیی نوێ.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: بینەرانی خۆشەویست، سڵاوتان لێبێت. میوانێکی بەڕێزمان هەیە، پارێزگاری بەغدای پایتەختی عێراق، بەڕێز عەتوان عەتوانى لە هەولێرە. بەڕێز پارێزگار، بەخێرهاتی بۆ هەولێر.
عەتوان عەتوانى: زۆر سوپاس، سڵاو لە ئێوە و لە بینەرە ئازیزەکانتان.
رووداو: سوپاس بەڕێز پارێزگار. ئامانجی سەردانەکەتان بۆ هەولێر چییە؟ گرنگترین ئەو دۆسیانە چی بوون کە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێتان کردن؟
عەتوان عەتوانى: سوپاس بۆ ئێوە. لە راستیدا هۆکاری سەردانەکە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکانە بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی، بەهۆی ئەو پێگەیەی کە هەیەتی. هەروەها هۆکارێکی دیکە، ئاگاداربوونە لەو ئەزموونە سەرکوتووانەی کە لە سایەی حکومەتی هەولێردا بەدی هاتوون، ئەمەش لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز پارێزگاری هەولێر بوو. دوێنێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ کۆبووینەوە، پێمان وایە هەموو ئەمانە وێستگەی زۆر گرنگن بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی متمانە لە نێوانماندا. لەوانەیە لە ساڵانی رابردوودا گەلێک قەیران روویاندابێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هاووڵاتی هەست بەوە بکات، کە ئەم ناکۆکی و لێکدابڕانانە تەنیا ناکۆکیی سیاسین، گەلی عێراق گەلێکی یەکگرتووە و دەستووریش مافی یەکسانی بە هەمووان داوە. ئەم ناکۆکییانە بەهۆی جیاوازیی بیروڕاوە دێنە ئاراوە و هیچ رەگێکیان نییە، ئامانجیش لێیان دابەشکاری و لەتبوون نییە. هەر وەکو لە جەنابی سەرۆکی هەرێمیشمان بیست، تەواوی گەلی عێراق یەک گەلی یەکگرتووە و ئەو جیاوازییەی پێکهاتە و ئایینەکان خاڵی هێزن، هێزێکی گەورەی تێدایە. کەواتە سەردانە دوولایەنەکان پەیامی دڵنیایی دەدەن. ئەوەی تێبینیمان کرد و بینیمان، بەڕاستی سەرکەوتنی گەورە لە هەولێر بەدیهاتوون، هەمووانیش هیواخوازن هەمان سەرکەوتن لە پارێزگاکانی خۆیاندا بەدیبهێنن، بێگومان سەرکەوتنی وەک ئەوانەش لە بەسرە و بەغدا هەن.
رووداو: چی زیاتر لە هەولێر سەرنجی ئێوەی راکێشا؟
عەتوان عەتوانى: بەڕاستی شەقامە بازنەیییەکان نیشانەیەکی زۆر گرنگ و هۆکارێکی جیاکەرەوە بوون لە پارێزگاکانی دیکە، بە بەغداشەوە، چونکە ئەوانە لەکاتی قەیراندا هاتووچۆ ئاسان دەکەن. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە و هاتووچۆی هاووڵاتیان ئاسان دەکات، ئەمەش دەرەنجامی پارێزگاریکردنە لە ماستەرپلانی بنەڕەتیی شارەکە کە جوانییەکی تایبەتی پێبەخشیوە. شتەکەی دیکە ناوچە سەوزایییەکانە، چ لە نێوخۆی هەولێردا بێت یان ئەو پشتێنە سەوزاییەی کە زۆر باسی لێوە دەکرێت، کە بە هۆکارێکی بنەڕەتی دادەنرێت لە باشترکردن و گەشەپێدانی ژینگە و دابینکردنی ئارامی بۆ هاووڵاتیان. کەواتە ئەم ئەزموونە و سەردانەکەمان بۆ هەولێر گرنگن، هەروەها بەپێی رێنمایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێک لە هەولێر سازدەکرێت، کە سەرجەم پارێزگاکان لەخۆ دەگرێت و تێیدا سەرجەم پڕۆژە سەرکەوتووەکانی هەر پارێزگایەک دەخرێتەڕوو. بێگومان لە رێگەی وەرگرتنی ئەم سەرکەوتنانە لەلایەن کەسانی دیکەوە، دەکرێت سوود لەم ئەزموونانە وەربگیرێت و لە پارێزگاکانی دیکەشدا جێبەجێ بکرێن، هەروەها پەرە بە کرانەوە و پەیوەندیی نێوان پارێزگاکان بدرێت لە کاروباری عێراقدا.
رووداو: جەنابی پارێزگار، چۆن هەردوو پایتەخت دەتوانن ئاڵوگۆڕی شارەزایی بکەن و بەرژەوەندیی هاوبەش بەدی بهێنن؟
عەتوان عەتوانى: بەغدا پایتەختی عێراقە و بایەخێکی گەورەی هەیە، پێویستیی بە تێڕوانینێکی تایبەت هەیە. بۆ نموونە هەر کەسێک لە پارێزگاکانی دیکەوە دێتە پایتەخت، پێویستە لە خەیاڵیدا بێت کە لە کەشێکی دیاریکراو و ژینگەیەکی تایبەتدا دەبێت، ئەمەش پێویستی بە شۆرشێکی گەورەی ئاوەدانی هەیە. رەنگە تەرخانکراوە دارایییەکانی پارێزگاکە بەشی گەشەپێدانی نەکەن، چونکە تەواوی دامەزراوەکانی عێراقی تێدایە، لە وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی نوێنەران، کەواتە هەمووان رووی تێدەکەن و سەرنجەکانی لەسەرە. بۆیە دەبێت تایبەتمەندیی خۆی هەبێت وەک پایتەخت نەک وەک پارێزگایەک بە 10 ملیۆن دانیشتووانەوە، تاوەکو بە راستی بگاتە ئاستێک کە هەمووان شانازی بە پایتەختی عێراقەوە بکەن. تەنیا تەرخانکردنی بودجە بەس نییە، بەڵکو ئەو ئەزموونە سەرکوتووانەی وەک لە هەولێر بینیمان، دەکرێت سوودیان لێ وەرگرین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژینگە و گواستنەوە و کارەباوە هەیە. زۆربەی چالاکی و کارەکان لەم کەرتانەدا بە خاڵی وەرچەرخانی ئەرێنی دادەنێین و دەکرێت لە پارێزگای بەغدا سوودیان لێ ببینین.
رووداو: چ کەرتێک زیاتر هەیە کە کەرتی هاوبەش بن یان بتوانرێت بگوازرێنەوە بۆ بەغدا؟
عەتوان عەتوانى: پێم وایە ئەو ئەزموونانەی پەیوەندییان بە سیستمی مامەڵەی ئەلیکترۆنییەوە هەیە کە پێی دەڵێین ئۆتۆماتیککردن، گۆڕان لە سیستمی کاخەزەوە بکرێت بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی و سیستمی ئۆتۆماتیکیکردن.
رووداو: بانکی.
عەتوان عەتوانى: بەڵێ. بە راستی بە هۆکارێکی گرنگی دەزانین لە گەشەپێدانی هەر وڵات و پارێزگایەکدا، لەسەر ئەو بنەمایەی زانیارییەکانی هاووڵاتی پارێزراو دەبن و بە ئاسانی سوودیان لێ وەردەگیرێت و رێکارەکانی راپەڕاندنی مامەڵەکان ئاسان و سادە دەکرێنەوە. دۆخی ئێستای رۆتین لە مامەڵەکاندا لە راستیدا زۆر ئازاربەخشە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە هەیە. ئەگەر جۆرێک لە ئۆتۆماتیکیکردن نەبێت، کە بتوانێت رێکارەکان ئاسان و سادە بکاتەوە، سیستمی کاخەز دەکرێت ببێتە هۆی گەندەڵی، چونکە مامەڵەکردن و دەستاودەستکردنی کاخەزەکە رەنگە بە چەندین کەسدا تێپەڕێت و هاووڵاتی رووبەڕووی دەستبڕین ببێتەوە. بۆیە ئەمە بە راستی دەکرێت بازدانێکی جۆری بێت لە بواری سادەکردنەوەی رێکارەکاندا.
رووداو: بەڕێز پارێزگار، ئایا بانگهێشتی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانتان کردووە بۆ کارکردن لە بەغدا؟ بانگهێشتتان بۆیان هەیە یان رۆڵیان لە پەرەپێداندا چییە؟
عەتوان عەتوانی: راستییەکەی، ئەمڕۆ من کۆنفرانسێکم هەبوو لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری هەولێر و هەمان پرسیار کرا، منیش بە راشکاوی وەک پارێزگاری بەغدا، روومکردە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن، کە دەکرێ هەلی نایابیان هەبێت. چاومان بە هەندێک کۆمپانیا کەوت و بینیمان کۆمپانیای پێشکەوتوو و باشن، ئەزموونەکانیش هەن، دەکرێ ئامادەییان لە بەغدا هەبێت، لەبەرئەوەی بەغدا ئەمڕۆ زەوییەکی باشە بۆ وەبەرهێنان و دەکرێ سەرمایە و کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکان رابکێشێت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە بەغدا. دوای ئەوەی دۆخی ئەمنی گۆڕا و باشتر بوو، دەکرێ هەلی دیکە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان هەبێت، چونکە سەرمایە بەدوای دڵنیایی و ئاسایشدا دەگەڕێت. لە نەبوونی ئاسایشدا، وەبەرهێنان نابینیت. من دڵنیام کەرتی تایبەت هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیادنانی دەوڵەتدا. تەرخانکراوی دارایی هەرچەندێک بێت و بگاتە لووتکە، ناتوانێت هەموو وڵات پەرەپێبدات. کەرتی تایبەت هاوبەشێکی راستەقینەیە. دەکرێ پێداچوونەوە بە هەندێک پڕۆژەیاسادا بکرێت، وەک یاسای وەبەرهێنان کە لە بەغداش زۆر تێبینی لەبارەیەوە هەیە، دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و دەکرێ یاسای وەبەرهێنان لە هەرێم وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو سەیربکرێت، لەگەڵ رەچاوکردنی ئەو تێبینییانەی لە هەرێم هەن. ئەمڕۆ یاسایەکی باش و بەرهەمدار دەبینین، بەڵام رەنگە لە هەولێر شارەزایی زیاتر بێت. بەمجۆرە، ئەم کۆنفرانسانە بە راشکاوی و ئەم خستنەڕووەی کە رەنگە لەم دیدارانەدا رووبدات، دەتوانێت بمانخاتە سەر رێڕەوێکی بەرهەمدار و سەرکەوتوو.
رووداو: بەڕێز پارێزگار، بەغدا جموجووڵی سیاسی و وەبەرهێنانی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت. ئایا پلانتان هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی هۆتێلەکان لە پایتەخت و راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر لەو بوارەدا؟
عەتوان عەتوانی: راستییەکەی ئەمە بەشێکە لەو ئەرکەی چاوەڕێمان دەکات. پێش ئەوەی وەبەرهێنەر یان سەردانیکار یان سیاسییەک بێت، بەدوای شوێنێکی ئارامدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی تێیدا بمێنێتەوە، بەتایبەتی مانەوە لە ناوچەی سەوز. پێموایە ئەمڕۆ بەغدا لە هەر شوێنێک بیت ئارامە، بەڵام پێویستی بە زیادکردنی ئەو هۆتێلە گەشتیارییانە هەیە. هەندێک پڕۆژەش دەستیانپێکردووە کە پەیوەندییان بە هۆتێل و شتی دیکەوە هەیە. بێگومان وەبەرهێنەران هەن کە بەدوای ئەم هەلانەدا دەگەڕێن. بەڕاستی مادام وەبەرهێنان هەبێت، واتە جووڵە هەیە، کار هەیە، کرێکار دێت. بۆیە پێموایە بەغدا دەبێتە چەقێکی گەورە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای بەغدا، چونکە ئەمڕۆ سەیری شاری بەغدای داهاتوو دەکەین، بەهۆی رووبەرە بەتاڵەکان و دیزاینی نوێی شارستانیی هاوچەرخ کە رەونەقێکی نوێ بە شێوازی بیناسازی دەبەخشێت، دەکرێ رووبەری سەوزایی و کەش و ژینگەیەکی گونجاوی باش هەبێت. پێموایە بەغدا لە ساڵانی داهاتوودا هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵدەکێشێت کاتێک وەبەرهێنان دێتەناوەوە و ژینگەیەکی ئارام و باش و رووبەری فراوان دەدۆزێتەوە، دەکرێ هەلی سەرکەوتنی هەبێت. من پێموایە هەرکەسێک زوو بێت بۆ وەبەرهێنان لە بەغدا، هەلی وەبەرهێنانی باشی دەستدەکەوێت، چونکە بوێری و مەترسی و رزق بەشێکن لە بڕیاردان. هەرکەسێک زوو بێت و پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی دەستبکەوێت، بێگومان پێشەنگ و باشتر دەبێت لەوەی دوای ئەو دێت. هەروەها لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە بانگەواز دەکەم کە وەبەرهێنان لە بەغدا لە لووتکەدایە و لە کەرتە جیاوازەکاندایە، لە تەندروستی و کەرتەکانی دیکەدا، بۆیە بەخێرهاتنی هەر کۆمپانیایەک دەکەین کە دێتە بەغدا.
رووداو: هەندێک لە سەردانیکاران سکاڵایان هەیە کە ژمارەیەک لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکانی بەغدا خزمەتگوزارییەک پێشکێش ناکەن کە لەگەڵ ئەو پۆلێنکردنەدا بگونجێت. چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە دەکەن؟ ئایا چاودێری لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریی هۆتێلەکان هەیە؟
عەتوان عەتوانی: لە راستیدا هەندێک لە بەرپرسیارێتییەکان بەرپرسیارێتیی پارێزگا نین، چونکە بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵی هەیە کە پێداچوونەوە بە مۆڵەتەکان و ئەو چالاکییانە دەکات کە هۆتێل و حەوانەوە بۆ گەشتیاران و سەرمایەداران و سەردانیکاران دابین دەکەن. بێگومان تێبینی هەن، بەڵام پێموانییە لەبەرچاوی بەرپرسان ون بن. رەنگە حاڵەتێک لێرە و لەوێ رووبدات، بەڵام حاڵەتێکی گشتی نییە. گەشەی شارستانیی داهاتووی بەغدا رەنگە هەندێک لەو هۆتێلانە لەناوببات کە ناوبانگیان باش بوو و ئێستا پاشەکشەیان کردووە. دوای ئەوەی هۆتێلی نوێ بە شێوازێکی نوێ دێنە کایەوە، ئەوانەی پێشتر کۆن دەبن و نامێنن و هۆتێلی نوێ دەردەکەون.
رووداو: بەڕێز پارێزگار، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی کە ئێستا لە بەغدا جێبەجێ دەکرێن چەندە؟
عەتوان عەتوانی: راستییەکەی پڕۆژەی زۆرن. بەشێکیان لە ساڵی 2012-2013 بەهۆی قەیرانی دارایی و هەروەها داعشەوە وەستان، دابەزینی نرخی نەوتیش بووە هۆی وەستانی چەندین پڕۆژە. لە بودجەی ساڵی 2023دا، دوای باشبوونی دۆخی دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، حکومەت دەستی بە کارکردن لە پڕۆژە وەستاوەکاندا کردەوە، لەبری ئەوەی وەستاو بن، بوونە پڕۆژەی بەردەوام، پڕۆژەی نوێشمان بۆ زیادکردن دوای ئەوەی نزیکەی تریلیۆنێکمان بۆ بەغدا وەرگرت، کە شتێکی باشە.
رووداو: تریلیۆن دۆلار؟
عەتوان عەتوانی: نەخێر، تریلیۆن دینار.
رووداو: تریلیۆن دینار بۆ چەند پڕۆژە؟
عەتوان عەتوانی: بۆ ئەم بڕە پارەیە، پڕۆژەی ئاوەڕۆت هەیە، هەموو پڕۆژەیەک 400 ملیار دیناری دەوێت. بەڵام لەبەرئەوەی پڕۆژەکە دادەنرێت و تەرخانکراوی ساڵانەی خۆی هەیە، هەر پڕۆژەیەکیش پێویستی بە چوار ساڵە. تۆ لە یەکەم رۆژەوە پێویستت بە تەرخانکراوی دارایی نییە، بەڵکو لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی داراییەوە دادەنرێت و بەپێی رێژەی تەواوبوون پێشینەی پێدەدرێت. دەست بە چەندین پڕۆژە کراوە. بەڵام لە راستیدا مەترسییەکە لەوەدایە کە بەهۆی فراوانبوونی خەرجی و سنوورداریی داهاتەوە، دەترسم پڕۆژەکان، تەنانەت ئەو پڕۆژە وەستاوانەی کە دەستمان پێکردوونەتەوە، بوەستن.
رووداو: قەبارەی بودجەی ساڵانەی بەغدا چەندە؟
عەتوان عەتوانی: لە ساڵی 2023دا، حکومەت بەگشتی 2.5 تریلیۆنی بە پارێزگاکان دا. لە لیژنەی داراییدا، من لە لیژنەی داراییدا بووم لەگەڵ براکانم لە ئەندامانی لیژنەکە، لەسەر خاڵێکی نیزامی وەستاین: چۆن بە هەموو پارێزگاکانی عێراق 2.5 تریلیۆن دەدرێت و لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا 25 تریلیۆن دەدرێت؟ بودجەیەکی تەواو 2.5 تریلیۆن و ئاسایشی خۆراک 25 تریلیۆن! ئەمە بیانووی پێداین کە ئەوانی دیکە رازی بکەین کە دەبێت پێداچوونەوەیەک هەبێت. بەڕاستیش، لەبری 2.6 تریلیۆن، 9 تریلیۆن بە پارێزگاکان درا، ئەمەش ئاسوودەییەکی بە دەزگای جێبەجێکار دا کە پڕۆژەی زیاتر بخاتەگەڕ. لە راستیدا خستنەگەڕی پڕۆژەکان بابەتی خۆشی و جوانکاری نییە، بەڵکو بنچینەییە. ئەمڕۆ کاتێک باسی پڕۆژەکانی بەغدا دەکەین، پڕۆژەی بنچینەیین. واتە ئێمە چوار پڕۆژەمان لە کەرتی تەندروستیدا لە 2014ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی قەیرانی دارایی و قەیرانەکانی دواتریشەوە تەواو نەکراون. بۆیە، ئەم پڕۆژانە بە بنچینەیی دادەنێم لە پێداویستیی هاووڵاتیدا. پێمانوایە تریلیۆنێک بەس نییە، هیوادارین یەک تریلیۆن و نیو بێت بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانمان بدەینەوە و دەست بە پڕۆژەی نوێ بکەین.
رووداو: بڕی قەرزەکانتان چەندە؟
عەتوان عەتوانی: راستییەکەی لەبیرم نییە، بەڵام پڕۆژەی زۆرن لە کەرتە جیاوازەکاندا.
رووداو: پارێزگای بەغدا قەرزدارە؟
عەتوان عەتوانی: بێگومان.
رووداو: چەند؟
عەتوان عەتوانی: ژمارەکەم لەبیر نییە، بەڵام کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر گرنگ دەستیان پێکراوە. وەکو باسم کرد وەستابوون و حکومەت لەسەر تەرخانکراوی پارێزگا دەستی پێکردنەوە، پڕۆژەی نوێشمان زیادکرد. ئەگەر پارەدارکردن بەردەوام بێت، کێشەمان نابێت، بەڵێندەر ناوەستێت، بەڵام ئەگەر کەمبوونەوەی داهات و کەمیی تەرخانکراوی دارایی بەردەوام بێت، رەنگە بەڵێندەر ناچار بێت داوای راگرتنی کار بکات، چونکە پارەی بۆ دابین ناکرێت. هیوای ئەوە ناخوازین، گەشبینین بە حکومەتە نوێیەکەی بەڕێز عەلی زەیدی، کە پیاوێکی ئابووری و داراییە، رەنگە ئەویش سەرنجی لەسەر کەرتەکانی نانەوتی بێت.
رووداو: لە چەندین کۆنفرانسدا ئەو قسەیەی کردووە.
عەتوان عەتوانی: ئەمڕۆ داهاتی نەوتی 90٪ پێکدێنێت و ئەمەش مەترسییە. ئەمڕۆ سامانی نەوت بەهای هەیە، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا رەنگە بێ بەها بێت. بە بارودۆخی دابەزینی نەوتدا تێپەڕین و بینیمان کە چۆن بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی دارایی. کەواتە، دەبێت ژیریمان لە بەڕێوەبردنی پارە و ژیریمان لە پرسی وەبەرهێناندا هەبێت، بە باشی لێکۆڵینەوە بکەین لە چۆنیەتیی پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە لە رێگەی نەوتەوە، چونکە نەوت بەهای هەیە.
رووداو: زیادکردنی سەرچاوەی داهات.
عەتوان عەتوانی: دەبێت داهاتی نانەوتی زیاد بکرێت، ئەمەش بە راستی پێویستی بە هەڵوەستەیەکە. پێموایە ئەو کۆنفرانسەی کە پشتیوان بە خودا لە هەولێر و دواتر لە بەغدا دەبەسترێت، تێیدا سەرنج لەسەر چۆنیەتیی پاڵپشتیکردنی پارێزگاکان دەبێت. ئەمڕۆ چاوی پارێزگاکان لەسەر حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی داراییە. دەمانەوێت پارێزگاکان توانادار بکەین، کە خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن لە رێگەی زیادکردن و فراوانکردنی داهات، هەروەها لە رێگەی پاڵپشتیکردنیان بە یاسادانان، یاسادانانی بەرهەمدار کە داهاتی خۆجێییان پێبدات. ناکرێ پارێزگایەکی چالاک کە بەدوای زیادکردنی داهاتدا دەگەڕێت، بەڵام داهاتەکە بۆ وەزارەتی دارایی دەڕوات. کەواتە سوودی چییە؟ چۆن هانی پارێزگار بدەم؟ کاتێک رێژەیەک لەم داهاتە بەدەستهاتووانە دەدەم. من ئەمڕۆ رادەکەم و پارە لەملا و لەولا کۆدەکەمەوە و دەیدەم بە دارایی و ئەوی دیکەش دانیشتووە. بۆیە پاڵنەری سەرەکی بە توانادارکردنی پارێزگاکان و چۆنیەتیی گۆڕینی بەشێک لە چالاکییەکانیانە بۆ چالاکیی خۆبژێوی، بۆ ئەوەی بتوانن داهات بهێنن و خۆیانی پێ بژێنن.
رووداو: بەڕێز پارێزگار، رووباری دیجلە رووبارێکی مێژوویی و شارستانییە. ئایا پلانێکی گشتگیرتان هەیە بۆ پاککردنەوەی رووبارەکە و کەمکردنەوەی پیسبوون و نۆژەنکردنەوەی کەنارەکانی؟
عەتوان عەتوانی: راستییەکەی رووباری دیجلە بایەخێکی زۆری پێنەدراوە. بەداخەوە، زۆریی قوڕ و لیتە لە رووباری دیجلەدا کاریگەریی لەسەر دیمەن و شێوە جوانەکەی هەبووە. راسته پرۆسەی پاککردنەوە لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوەوە هەیە، پاکی دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ بڕی ئەو پیسییەی فڕێدەدرێتە نێو رووبارەکە، ناگونجێت. هەروەها دەبێت بە باشترین شێوە لە کەناری رووبارەکە وەبەرهێنان بکرێت، دەکرێ ببێتە هۆکارێکی سەرەکی لە زیادکردنی داهاتدا، لەبری ئەوەی بەم شێوە ناشایستەیەی ئێستا بێت. دەبێت وەبەرهێنانێکی باشی تێدا بکرێت. کەمیی بەردانەوەی ئاو لە رووباری دیجلە کێشە گەورەکەیە، چونکە کەمبوونەوە و پاشەکشەی بڕی ئاو جۆرێک لە قوڕ و لیتە دروست دەکات، کە رێگری لە جووڵەی ئاو و گژوگیا و شتی دیکە دەکات. بەڕای من، پێویستی بە تێڕوانین و ئاوڕدانەوەیەکیشە لەلایەن حکومەتەوە. بەشێکی سەر بە سنووری ئەمینداریەتیی بەغدایە و بەشەکەی دیکەی سەر بە پارێزگایە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک نەخرێتە ئەستۆی پارێزگا.
رووداو: ئەمینداریەتیی بەغدا..
عەتوان عەتوانی: ئەمینداریەتیی بەغدا.. بەڵام وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بەرپرسە لەم بابەتە، واتە پاککردنەوەی رووباری دیجلە.
رووداو: ئایا پلانتان هەیە بۆ رزگاربوون لە مۆلیدەکان و دابینکردنی کارەبایەکی جێگیر بۆ بەغدا؟
عەتوان عەتوانی: بابەتی کارەبا بابەتێکی زۆر هەستیارە بە راستی. ئێمە لە ساڵی 2008 لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، من ئەوکات ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بووم، کارەبا دوو کاژێر هەبوو و دوو کاژێر نەبوو، دەستپێشخەریمان کرد بۆ دابینکردنی مۆلیدە و بەخۆڕایی دامان بە هاووڵاتییان. چاوەڕێی ئەوە بووین ئەمانە چارەسەری کاتی بن، تاوەکو دوو یان سێ یان دە ساڵی دیکە رەنگە چارەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. مۆلیدەکان هێشتا کاردەکەن و کێشەی نرخ و سووتەمەنیشیان هەیە. باشترین چارەسەر، پەیوەستە بە گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری و باجەوە، کە لە هەندێک ناوچە دەستیپێکردووە، لە هەندێک ناوچە سەرکەوتوو بووە، کە شتێکی باشە، لە ناوچەکانی دیکە سەرکەوتوو نەبووە. هیوادارین وەزارەتی کارەبا ئەم دۆسیەیە ببووژێنێتەوە. لە دوایین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بەڕێز عەلی زەیدی، لە لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی پارێزگاکان، جەختی لەسەر توانادارکردنی پارێزگاکان کردەوە، بۆچوونێکی هەبوو کە کارەبا بدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی بتوانن بەڕێوەی ببەن و بەشێکی داهاتەکەیان بۆ بێت، ئەمەش شتێکی ئەرێنییە. واتە ئەمڕۆ پارێزگا کاتێک کار لەسەر وەرگرتنی پارەی کارەبا دەکات، هاووڵاتی کاتێک پارەی کارەبا دەدات، بەکارهێنان کەمناکاتەوە. بەڵام ئەگەر وابێت من کارەبا دابین بکەم، لە بەرامبەردا هاووڵاتی بەکارهێنان کەمبکاتەوە، ئەوا دەتوانم کارەبای بەردەوام دابین بکەم، لەبری ئەوەی بچیتە لای خاوەن مۆلیدە و 150 هەزاری پێبدەیت و 10 ئەمپێرت بداتێ کە سپلیتێک و دووان کارپێناکات. ئەمە پێویستی بە کولتوورە، کولتوورێکی نوێ..
رووداو: کولتووری کێ؟
عەتوان عەتوانی: کولتووری هاووڵاتییان. واتە هاووڵاتی شتێکی دەوێت لە بەرامبەر شتێکدا، بەڵام نەبوونی متمانە لەنێوان هاووڵاتی و بەڵێنەکاندا، بەهای ئەو قسەیە کەمدەکاتەوە. ئەو دەڵێت من پارە دەدەم بەڵام ئێوە کارەبا نادەن. بۆیە وەزارەتی کارەبا کۆمەڵێک ناوچەی وەکو نموونەیەکی باش هەڵبژارد، ناچاری کردن پسووڵەی کارەبا بدەن، تاوەکو سنووری کیلۆواتێک، هەرچەند بەکارهێنان زیاد بکات، نرخ زیاد دەکات. ئەگەر پابەندی کەمکردنەوەی بەکارهێنان و دانی پسووڵەی کارەبا بیت، کارەبات بۆ دابین دەکرێت. ئەمە نموونە و پەیامێکی باشە هیوادارم گشتگیر بکرێت و بە شێوەیەکی راستەقینە جێبەجێ بکرێت. من نامەوێت هاووڵاتی تووشی کێشە بکەم، پێی بڵێم مۆلیدەکانت لاببە و بیبە بۆ ناوچەیەکی دیکە و کارەبات بۆ دابین دەکەم. دەبێ وابێت کە هەرکە پسووڵەکەم دایە دەست، پارەی کارەبا دەدات و کارەبای پێدەدرێت. ئەی لە هاویندا چی و بۆ کوێ بڕوات؟.
رووداو: دێت بۆ هەرێمی کوردستان.
عەتوان عەتوانی: بەڕاستی ئەزموونە شکستخواردووەکان رەنگدانەوەی نەرێنییان هەیە.
رووداو: بەڕێز پارێزگار، هاووڵاتییان لە بەغدا بە شێوەیەکی رۆژانە بەدەست قەرەباڵخیی هاتووچۆوە دەناڵێنن. ئایا پلانی کرداری هەیە بۆ دروستکردنی میترۆی بەغدا؟ رێکارەکانی ئەم پڕۆژەیە کە باسیان دەکرد گەیشتووەتە کوێ؟
عەتوان عەتوانی: میترۆی بەغدا بە راشکاوی بەشێکە لە ئەرکی ئەمینداریەتیی بەغدا، رێڕەوەکەی لەنێو سنووری ئەمینداریەتیی بەغدادایە. ئێمە لە ساڵی 2012 پڕۆژەی شەمەندەفەری هەڵواسراومان هەبوو، دیزاینەکەیمان بە نزیکەی 41 ملیۆن دۆلار تەواوکرد، بودجەکەشی لەوکاتەدا هەبوو. دوای ئەوەی حکومەتی خۆجێی گۆڕا و حکومەتێکی دیکە هات، وەزارەتی گواستنەوە داوای کرد کە بۆی رەوانە بکرێت، بۆی رەوانە کرا لەسەر ئەو بنەمایەی کە لەگەڵ میترۆکەدا یەکبخرێت. جموجووڵێک هەبوو بۆ بانگهێشتکردنی هەندێک کۆمپانیا، بەڵام کێشەیەک لە لێهاتوویی کۆمپانیاکەدا هەبوو. بەگشتی، ئەمە لەنێو سنووری ئەمینداریەتیی بەغدادایە. بەغدا پێویستی بە شەقامی بازنەیی هەیە. ئێمەش پڕۆژەی شەقامی بازنەیی چوارەم...
رووداو: مەبەست لە شەقامی بازنەیی چییە؟
عەتوان عەتوانی: بازنەیی کە دەوری شاری بەغدای داوە، وەک ئەو بازنەیەی لە هەولێر هەیە، شەقامی 60، 100، 120 و هتد. وا دانراوە کە ئەم شەقامە بازنەییانە لە ماوەی ئەم ساڵدا دەستیان پێبکرێت. ئەمە بەس نییە، بەڵکو دەبێت بە ناوشارەوە ببەسترێتەوە، بەجۆرێک کە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بڕوات و نەیەتە ناو بەغدا بۆ نموونە لە رەسافەوە بۆ کەرخ، بەڵکو شەقامێکی بازنەیی هەیە کە دەسوڕێتەوە و لە لایەکی دیکەوە دەچێتە ژوورەوە و قەرەباڵخییەکە کەمدەکاتەوە. ئەمڕۆ بەغدا تەنیا بۆ خەڵکی بەغدا نییە، بەڵکو هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی تێدایە، بۆیە قەرەباڵخییەکەی قەرەباڵخییەکی نائاساییە. ئامانج لە پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی ئەمە بوو، بەڵام کاتێک ئەم پڕۆژانە داخران، هیچمان نەکرد، وەک ئەوەی قەرەباڵخییەکەمان لە خاڵێکەوە گواستبێتەوە بۆ خاڵێکی دیکە. بۆیە هیوادارین جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و سەرنجی لەسەر بێت، چونکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە پێویستی بە کاژێر و نیوێکە، ئەوەی دەچێت بۆ دەوام و دەگەڕێتەوە، کێشەیەکی گەورەیە. ئەوەی بەغدا پێویستی پێیەتی گرنگیدانە بە کەرتی گواستنەوە، چ لەسەر ئاستی میترۆ، شەمەندەفەری هەڵواسراو، شەقامە بازنەییەکان، هەموویان.
رووداو: ئایا پلانی بەستنەوەی بەغدا بە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە، لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدایە؟
عەتوان عەتوانی: نەخێر، ئەوە شتێکی دیکەیە. رێگە دەرەکییەکان ئەرکی حکومەتی فیدراڵین. ئەوەی ئێمە لە بەغدا مەبەستمانە سنووری ئەمینداریەتیی بەغدا و پارێزگای بەغدا و فەرمانگەی بەغدایە، ئەمە هەمووی بە ئەرکی پارێزگا دادەنرێت. ئەوەی پارێزگایەک بە پارێزگایەکی دیکەوە دەبەستێتەوە، لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندایە، کە نەخشەی بۆ دادەنێت و پلانی بۆ دادەڕێژێت.
رووداو: ئێستا ژمارەی دانیشتووانی بەغدا چەندە؟
عەتوان عەتوانی: بەغدا نزیکەی 10 ملیۆن کەسە.
رووداو: شێوەی بەغدا دوای پێنج ساڵی دیکە چۆن دەبینیت ئەگەر پڕۆژەکانی ئێستا و پلانەکانتان بەرەوپێش بچن؟
عەتوان عەتوانی: لە راستیدا وەک پارێزگا، دەوروبەری بەغدا بە داهاتووی بەغدا دادەنێین، بەهۆی پابەندبوون بە دیزاینی بنەڕەتی، پابەندبوون بە پلاندانانی شارستانی بۆ قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری بەغدا. گرنگیدانمان بە رووبەرە بەرفراوانە بەتاڵەکانی ئەمڕۆ، کە چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و ڤێلا و شتی دیکەی لێبێت، دەکرێ قەرەباڵخییەکە لە سەنتەرەوە کەمبکاتەوە. ئەمە بەس نییە، پێویستیمان بەوەیە هەندێک فەرمانگە بچنە دەرەوەی بەغدا. کێشەی ئێمە لە فەرمانگە و دامەزراوەکاندایە کە لە سەنتەری بەغدا و لە سەنتەری قەرەباڵخیدان.
رووداو: ئایا پلان هەیە؟
عەتوان عەتوانی: راستییەکەی، لە حکومەتەکانی پێشوودا روانینێک هەبوو کە هەندێک دامەزراوە بچنە دەرەوەی بەغدا.
رووداو: وەک چی؟
عەتوان عەتوانی: دامەزراوەی گرنگ بن کە دەکرێ لە دەرەوەی بەغدا بن، لەنێو سەنتەردا نەبن، هاووڵاتیش دەتوانێت سەردانیان بکات تەنانەت لە پارێزگاکانیشەوە. بوونی دامەزراوە حکومییەکان لە دڵی بەغدادا، ئاڵنگارییەکی گەورە دروستدەکات، چارەسەر ناکرێت مەگەر لە رێگەی پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی قەرەباڵخییەوە کە تەواو دەبن و بە شەقامە بازنەییەکانەوە دەبەسترێنەوە، کە دەتوانن جووڵەی هاووڵاتی ئاسان و خێرا بکەن.
رووداو: سوپاس بۆ تۆ بەڕێز عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا. لەگەڵمان بوویت لە تۆڕی میدیایی رووداو.
عەتوان عەتوانی: زۆر سوپاس، دیدارێکی خۆش و خێرا و ئاسان بوو. دەستخۆش، پیشەیی بوویت.
رووداو: زۆر سوپاس. بینەرانی بەڕێز، سوپاس بۆ بینینتان، خواتان لەگەڵ.
* ئەم هەڤپەیڤینە رۆژی 18ی حوزەیرانی 2026 لە هەولێر تۆمارکراوە.