رووداو دیجیتاڵ
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، دوای 30ی ئەیلوول و کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق دۆسیەی چەک بە دەستی دەوڵەت کۆتایی پێدەهێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق سوورە لەسەر گواستنەوەی پەیوەندییەکان لە بواری ئەمنییەوە بۆ بواری ئابووری.
رۆژی سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە بەرلین، باسی لە سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، "پێشوازیی گەرم، رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان، هاوبەشییەکی گرنگ لەنێوان عێراق و هەردوو وڵات بەرجەستە دەکات."
بە گوتەی حەیدەر عەبوودی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی بانگهێشت کردووە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و سوورە لەسەر "دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هاوبەشیی ئابووریی راستەقینە،" کە بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ "کێشانەوەی ناسنامەی ئابووریی عێراق کە لە وەبەرهێنانەوە سەرچاوە دەگرێ."
سەبارەت بە مانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، حەیدەر عەبوودی گوتی، پێشتر پێشنیاز بۆ مانەوەی هێزەکان دراوەتە سەرۆکوەزیران، بەڵام "داوای لێبووردنی کردووە، ئەوەش وەک پابەندبوونێک بە بنەمای سەروەریی دەوڵەتی عێراق" و گوتی، حکومەت سوورە لەسەر گواستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان "لە هاوئاهەنگیی ئەمنییەوە بۆ بواری ئابووری و وەبەرهێنانی درێژخایەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی لێدوانی راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "بوونی چەک بەدەست دەوڵەت بڕیارێکی عێراقییە و پەیوەستە بە سەروەریی دەوڵەت." گوتیشی، "دوای 30ی ئەیلوول، حکومەتی عێراق دۆسیەی بوونی چەک بە دەستی دەوڵەت کۆتایی پێدەهێنێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئەمڕۆ ئەڵمانیا پێشوازییەکی گەرمی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوونەوە. دەمەوێ بزانین بەهای گشتیی ئەو رێککەوتنانەی لە پاریس و ئەڵمانیا کراون چەندە؟ ئەو یاداشتانەی کە واژۆکران چەندە گرنگن؟
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق: زۆر سوستان دەکەم جارێکی دیکە، سەرەڕای چوارچێوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی عێراق لەگەڵ پاریس و بەرلین، ئەمجارە پێشوازیی گەرم و رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان، هاوبەشییەکی گرنگی لەنێوان عێراق و کۆماری فەرەنسا و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵدا بەرجەستە کرد. ئێمە ئەمڕۆ لە بەرلین، راستییەکەی بوارەکانی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن لەنێوان بەڕێز سەرۆکوەزیران و راوێژکاری ئەڵمانیادا دەرگایەکی ئەرێنی بۆ هاوبەشی و وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. ئابووریی ئەمڕۆ لە راستیدا پێویستی بەم جۆرە هاوبەشییانەیە. کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی گرنگی نێوان بەڕێز سەرۆکوەزیران لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا و سەرمایەداران لە ماڵی ئابووریی ئەڵمانیا لە بەرلین کۆتاییهات. بەڕێز سەرۆکوەزیران بانگهێشتێکی گرنگی ئاراستەکردن بۆ راکێشانی ئەم کۆمپانیایانە و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و هاوبەشیی ئابووریی راستەقینە، ئەوەش لە رێگەی هاوئاهەنگی و دامەزراندنی رێچکەیەکی نوێ بۆ ئەم هاوبەشییە لە رێگەی دووبارە یان ئەوەی حکومەتی عێراق گرتوویەتییەبەر لە رێگەی دووبارە کێشانەوەی ناسنامەی ئابووریی عێراق کە لە وەبەرهێنانەوە سەرچاوە دەگرێ و بوارەکانی ئابووریی عێراق بەهێز دەکات.
رووداو: عێراق داوای لە ئەڵمانیا کرد هێزەکانی لە عێراق بمێنێتەوە؟
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق: لە راستیدا پێشتر ئەم جۆرە پێشنیازانە پێشکێشی بەڕێز سەرۆکوەزیران کراون و ئەویش داوای لێبووردنی کردووە لە جێبەجێنەکردنی ئەم جۆرە پێشنیازانە، ئەوەش وەک پابەندبوونێک بە بنەمای سەروەریی دەوڵەتی عێراق و ئەو وادەیەی دەوڵەتی عێراق دایناوە کە 30-9ـە. عێراق و حکومەتی عێراق سوورن لەسەر گواستنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و وڵاتانی دۆست کە لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بوون، لە بواری هاوئاهەنگیی ئەمنییەوە بۆ بواری ئابووری و وەبەرهێنانی درێژخایەن.
رووداو: راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەکرد کە یەکەم هەنگاو بریتییە لە چاک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان. حکومەتی عێراق چ رێکارێک دەگرێتەبەر؟
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق: یەکەم، بوونی چەک بەدەست دەوڵەتەوە بڕیارێکی عێراقییە و پەیوەستە بە سەروەریی دەوڵەت و لە بنەما دەستوورییەکانمانەوە سەرچاوە دەگرێ. دوای 30ی ئەیلوول، کە ئەو وادەیەیە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت، حکومەتی عێراق دۆسیەی چەک لە دەستی دەوڵەت کۆتایی پێدەهێنێت. دوای ئەوە، دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانمان کە بەپێی یاسا دەسەڵاتیان پێدراوە بۆ هەبوونی ئامرازەکانی هێز، جڵەوی سەروەری بەدەستەوە دەگرن و ئەوان کۆنترۆڵی وردەکارییەکانی دیمەنی ئەمنی دەکەن، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆیان.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە لە رێگەی سووریاوە نەوت هەناردە بکات. دەمەوێ بزانم هەرێمی کوردستان چەندە بەشدار دەبێت و چەند گرنگە؟
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق: ئەگەر بەڕێزتان مەبەستتان لەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق و ئەو پڕۆژە چاوەڕوانکراوانەیە کە بەڕێز سەرۆکوەزیران باسی کردن لە ئاراستەی سووریا و تورکیا، ئەوا بێگومان ئەمە بە جوگرافیای عێراقدا تێدەپەڕێ بەپێی نەخشەی ورد و عێراقییەکان لێی سوودمەند دەبن لە رێگەی بەرزکردنەوەی هەناردەی دەوڵەتی عێراق. حکومەتی عێراق لە راستیدا دیدگایەکی هەیە کە تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمی عێراق بگاتە 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

