رووداو دیجیتاڵ
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەهۆی ئەو رێکارانەی حکومەتی فیدراڵی گرتوونیەتییەبەر، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان "لە خراپترین دۆخیدایە" و دەڵێت: "ئەوەی کێشەی بۆ داهاتی نانەوتیی ئێمە دروست کردووە، حکومەتی فیدراڵ خۆیەتی."
ئاوات شێخ جەناب، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی سەرەکییان لەگەڵ بەغدا لەسەر شیکردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی داراییە و گوتی: "بەپێی خوێندنەوەی ئێمە، 50%ی ئەو داهاتەی دەبێت ئێمە بینێرین بۆ حکومەتی فیدراڵ، تایبەتە بە رەسمی گومرگی و بەشێک لە داهاتی باج، بەڵام ئەو شیکردنەوەی لای وەزارەتی دارایی عێراق وایە کە 50%ی هەموو شتێک ببات. ئەمە کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە."
بە گوتەی وەزیری دارایی، بەغدا گوشاری خستووەتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن کە بارەگای سەرەکییان ببەنە بەغدا و لەوێ باج بدەن، ئەمەش بووەتەهۆی لاوازبوونی چالاکیی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
ئەم گوشارانە بوونەتەهۆی دابەزینێکی بەرچاوی داهاتی نانەوتی. ئاوات شێخ جەناب دەڵێت: "داهاتی ئێمە لە خراپترین دۆخیدایە." بۆ نموونە، داهات لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا 150 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا پێشتر دەگەیشتە 350 ملیار دینار.
جگە لە کێشەی داهاتی نانەوتی، وەزیری دارایی ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق مانگانە 120 ملیار دینار لە هەرێمی کوردستان دەبڕێ، ئەمە سەرەڕای بڕینی بەشێک لە شایستەی خانەنشینان کە بە "زوڵمێکی تر" ناوی برد.
سەبارەت بە مسۆگەرکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو، ئاوات شێخ جەناب گوتی: "لە عێراقدا وشەی 'مسۆگەر' دەبێت زۆر زۆری لەسەر بووەستی، بەڵام بەڕێز کاک مەسرور لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنی کردووە کە جارێکی دیکە بابەتی مووچە نەبێتە کارتێکی سیاسی بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: لەسەر پەیوەندی ئێوە و حکومەتی نوێی عێراق، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق هیچ گفتوگۆیەکتان کردووە؟ پەیوەندیتان هەیە؟ بەنیاز نین سەردانێکی بکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: پەیوەندییەکەی ئێمە لە رێگەی سەردانی سەرۆکوەزیرانەوە دەستی پێکرد کە چوو بۆ بەغدا. ئەو دیدارانەی لەوێ کران لەسەر ئاستی سیاسی و لەسەر ئاستی حکومی، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی حکومەت تازە کەوتووەتە سەرپێی خۆی و خەریکە رێوڕەسمەکان تەواو بن. لە کاتی پێویستدا ئێمەش وەک وەزارەتی دارایی سەردانی پێویست دەکەین. ئێستا بناخەی پەیوەندییەکە لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق دانراوە، کە ئومێدەوارم قۆناخێکی نوێ بێت لە پەیوەندییەکانی ئێمە و حکومەتی فیدراڵی.
رووداو: لە چەند مانگی رابردوودا زۆرجار کە مووچە دوا دەکەوت یان کێشە بۆ ناردنی مووچە دروست دەبوو، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بوو کە بەرز و نزمی تێدا بوو، هەندێکجار حکومەتی عێراق رازی نەدەبوو؟ ئێستا داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان چەندە؟
ئاوات شێخ جەناب: داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەم کابینەیەدا و پێشتریش بە ئێمە گەیشتووە، هەمیشە جیاوازیی شیکردنەوەی یاسایی و کارگێڕی و دارایی هەبووە لەنێوان ئێمە و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی فیدراڵ. بەپێی خوێندنەوەی ئێمە، 50%ی ئەو داهاتەی کە دەبێت ئێمە بینێرین بۆ حکومەتی فیدراڵ، تایبەتە بە رەسمی گومرگی و بەشێک لە داهاتی باج. ئێستا 50%ی هەردووکیان دەچێت بۆ بەغدا و ئەوی دیکە دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەو (شیکردنەوە) لای وەزارەتی دارایی عێراق وایە کە 50%ی هەموو شتێک دەبێت ببات. ئەمە کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە. ئەوان بە دادپەروەری و بەپێی یاسا مامەڵە ناکەن، تا ئەم دواییەش ئەو کێشەیە هەر ماوە. بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن، ئەوەی کێشەی بۆ داهاتی نانەوتی ئێمە دروست کردووە، حکومەتی فیدراڵ خۆیەتی. حکومەتی فیدراڵ لە یەک ئاستەوە نا، بەڵکو لە زۆر ئاستەوە. بەشی زۆری کارگەکان لە هەرێمی کوردستانن، ئێستا گوشار لە کۆمپانیاکان دەکات کە دەبێت بۆ باج بچنە بەغدا. بۆ نموونە، دان بە مۆڵەتی کۆمپانیاکانی هەرێم نانێن و دەبێت بچن لەوێ مۆڵەت دەربهێننەوە. کۆمەڵێک رێکاریان دەست پێکردووە کە بارەگای سەرەکییان ببەنە بەغدا.
رووداو: بارەگای سەرەکییان ببەنە بەغدا؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ، دەبێت مۆڵەتەکەی لەوێ بێت و باج لەوێ بدات، هەموو ئەمانە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر کۆمپانیاکانی هەرێم و وای کردووە چالاکیی ئابووری لێرە لاواز بێت. گرفتی زۆریان بۆ گومرگ دروستکردووە بە بیانووی ئەسیکۆدا، ئێمە هیچ گرفتمان لەگەڵ ئەسیکۆدا نییە. بەپێی دەستوور دەبێت تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان بپارێزرێ. بەم دواییە ئێمە رێککەوتنێکمان کرد و تیمی هەردوولامان لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتوون بۆ ئەوەی ئەو بارگرانییە لەسەر داهاتی ناوخۆ و بازرگانی لابچێت و دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و داهاتی ئێمەش بەرز بێتەوە، داهاتی ئێمە لە خراپترین دۆخیدایە.
رووداو: چەندە کاک ئاوات؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەم ساڵ، بۆ نموونە لە مانگی یەکدا 150 ملیار دینارمان هەبوو، کە پێشتر تا 350 ملیارمان هەبوو. لە شوباتدا بووە 180 ملیار، لە ئاداردا بووە 86 ملیار، لە نیساندا بووە 106 ملیار و لە مانگی پێنجدا بووە 110 ملیار دینار. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە عێراق 120 ملیار دیناری لەسەر ئێمە داناوە. داهات لە عێراقیش دابەزیوە و لای ئێمەش دابەزیوە بەو هۆکارانەی باسم کرد. شەڕی ئەمریکا و ئیرانیش کاریگەری هەبووە.
رووداو: عێراق 120 ملیار دیناری بڕیوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ
رووداو: چۆن پڕتان کردەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: سەرئێشەیەکی قورسە بۆ حکومەت. حکومەت ناچارە ئەو داهاتەی رۆژانە کۆی دەکاتەوە بۆ مووچەی وانەبێژان، گرێبەست و پێداویستییەکانی دیکەی حکومەت. سیاسەتێکی تەقەشوفی یەکجار قورسمان پەیڕەو کردووە. دەتوانم بڵێم خەرجیی حکومەتمان نەهێشتووە. دەتوانم بڵێم خەرجی وەبەرهێنانمان نەماوە، عێراق چەند ساڵە یەک دیناری بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان نەناردووە، نەفاقاتی جاری، رەئس مالی و میزانیەی وەزارەتەکانمان دەستکاری کردووە، تەقەشوفێکی زۆر قورسمان کردووە، بەڵام دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێ، چونکە کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا سیاسییە. ئەو قسانەی لەسەر کێشەکان دەبیسترێن وانییە بەڵکو دەبێت لە رووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێ. بابەتی ئەسیکۆدا و ئەو رەشنووسەی واژۆمان کردووە بڕیارە ببرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری لەبارەوە بدرێت، بەحساب ئەو بڕیارە بدرێت گرفت نامێنێ.
رووداو: ئەوە خاڵانەی ئامادەکراون داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانیان تێدا جێکراوەتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەمووی بە رێککەوتن کراوە. چەند جارێک رێککەوتن کراوە بەڵام پێوەی پابەند نەبوون یان کاریان پێنەکردووە. هیوادارم لەم کابینە نوێیدا رەزامەندی لەسەر بدرێ کە دەتوانم بڵێم کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر دەکات.
رووداو: ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک کە مووچە وەردەگرن، خەمی مووچەی مانگی داهاتوویانە. مووچەی مانگەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان مسۆگەر کراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانی لە عێراقدا وشەی "مسۆگەر" دەبێت زۆر زۆری لەسەر بوەستی، ئێمە پێشتر رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی سوودانی کرد کە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بۆ کرا و هەردوو سەرۆکوەزیران ئامادەبوون و بۆ هەموو جیهان راگەیێندرا، بەڵام جێبەجێ نەکرا. لەبەر ئەوە وشەی مسۆگەر وشەیەکی زۆر ورد نییە، نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ خۆشیان. بەڵام ئەوەی پێمان گەیشتووە، بەڕێز کاک مەسرور لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنی کردووە کە جارێکی دیکە بابەتی مووچە نەبێتە کارتێکی سیاسی بۆ گوشارخستنە سەر هەرێم.
رووداو: ئێستا ئەوان هەموو مانگێک داوای 120 ملیار دەکەن. هەرێمی کوردستانیش 120 ملیاری نییە. چۆن ئەو کورتهێنانە پڕ دەکەنەوە؟ ئەم مانگە قەرزتان کرد؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەم مانگە قەرزمان کرد، رەنگە بۆ مانگەکانی دیکەش ناچاری قەرز بین. ئەگەر ئەو رێککەوتنەی کردوومانە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەشێکی گەورەی کێشەکانمان چارەسەر دەبن. ئێمە هەوڵ دەدەین بە هەر رێگەیەک بێت داهاتی خۆمان زیاد بکەین و خەرجییەکانیشمان کەم بکەینەوە. ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەستی بخات.
رووداو: مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆیە. کەی وەری دەگرن؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێستا خەریکین بۆیان ئامادە دەکەین. کە ئامادە بوو، رێککەوتووین لەگەڵ دەزگا تایبەتەکانی خۆمان بە چەند قۆناخێک تەواوی بکەن و لە چەند رۆژێکدا بە تەواوی دابەش دەکرێ.
رووداو: سەرەتای هەفتەی داهاتوو؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەری زۆرە.
رووداو: ئێستا ئەم مانگە کێشەتان بۆ دروست بوو لەبەر ئەوەی داهاتی نانەوتیتان دابووە عێراق. بۆ مانگەکانی داهاتوو دیسان کێشە بۆ مووچەی گرێبەستەکان دروست نابێت؟
ئاوات شێخ جەناب: سرووشتی کورد وای لێهاتووە گەشبین بێت بەوەی کە شتی باش رووبدات. ئێمە خەریکین و هەوڵ دەدەین داهات زیاد بکەین و خەرجییە ناپێویستەکانیشمان کەم کردووەتەوە.
رووداو: جگە لەوەی کە مانگانە 120 ملیاریان بڕیوە، لێبڕینی خانەنشینیشیان هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە بابەتی خانەنشینیدا، ئەوەش دەتوانم بڵێم ستەمێکی دیکەیە. ئێستا بە رێککەوتن بۆ 10 ساڵ دەگەڕێتەوە دواوە، ئیستیقطاعاتی تەقاودی لە هەموو مووچەخۆرێکی ئێمە دەبڕێ. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو مانگێک ئەوەی داوای دەکەین بۆ خانەنشینە تازەکان، نەک هەر بۆمان نانێرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لێی دەبڕن. بۆ نموونە، لە کانوونی دووەم 36 ملیاریان لێ بڕی، لە شوبات 16 ملیار، لە ئادار 21 ملیار، لە نیسان 16 ملیار و لەم مانگەشدا (ئایار) 10 ملیاری دیکەیان بڕیوە. ئێمە هەموو مانگێکیش بە نووسراو بۆیان دەنێرێن و داوای ئەو شایستەیەی خۆمان دەکەین، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بۆیان نەناردووین.
رووداو: چۆن چارەسەرتان کردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە چارەسەر ناکرێ، ئەوە رادەگیرێ، چونکە ئەوە پارەکەی نییە و دەبێت پارەکەی لە بەغداوە بێت.
رووداو: بەشێکی خانەنشینی سەربازی لە نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگە ماوە و چارەسەر نەبووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوانەی کە هاتوونەتە سەر وەزارەتی دارایی مەگەر رێکارەکانی تەواو نەبووبێ، بەشێک لەوانە ئەفسەرن یان لە پلەی تایبەتدا بوون و هەندێک رێکاریان ماوە تەواویان نەکردووە، رەنگە 400 بۆ 500 کەسی لەو شێوەیە هەبن، ئەوانەی کە مامەڵەکانیان تەواو نەبووە. هەڵەکەش لە بەڕێوەبەرایەتیە تایبەتمەندەکەیە، چونکە کە دێتە وەزارەتی دارایی، دەبێت بە تەواوی بێت، لای خۆیان پێیداچووبنەوە و ئەستۆپاکیان بۆ کردبێت، ئیکرامیەکەی چەندە و کۆتایی پاداشتی خزمەتی چەندە، دەبێت هەموو ئەوانە تەواو کرابن و کە هاتە لای ئێمە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: کۆمەڵێکی زۆری خانەنشینان ئیکرامییەی خانەنشینبوونیان وەرنەگرتووە.
ئاوات شێخ جەناب: دوو جۆرە. جۆرێکیان کە شەش مانگەکەیە، لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج کراوە، دەستمان پێکردووە و خەریکە تەواو دەبێت. بە نزیکەیی لە سلێمانی تەواو بووە و لە هەولێریش دەستیپێکردووە، لە ماوەی دوو سێ مانگدا لە هەولێریش تەواو دەبێت، بەڵام ئەوی دیکەیان کە 12 مانگەکەیە، دەبێت تەمویلەکەی لە عێراقەوە بێت. ئێمە لەبەر ئەوەی خەڵک مامەڵەی زۆر دواکەوتبوو وەک دەستگیرۆییەک ئەوەی شەش مانگەکەمان جێبەجێکرد وەک هاوکارییەک، بەڵام لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە ئەوی دیکە بدات چونکە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە.
رووداو: عێراق بەڵێنی داوە بیدات؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ و نەخێر، لە ساڵی 2025 رێککەوتنمان کردووە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کە دەبوایە بینێرن، بەڵام نەیانناردووە.
رووداو: بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2026 ئامادە دەکرێ؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی پێمان گەیشتووە خەریکن. بەڵام ئەوە گەیشتە مانگی شەش. تا چەند مانگێکی دیکە دەتوانن ئامادەی بکەن، ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە خەریکن.
رووداو: ئێوە بەشداری دەکەن لە ئامادەکردنی بودجە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە عادەتەن بۆ پشکی هەرێم و داکۆکیکردن لێی، دەچین و بەشدار دەبین. کاتێکمان بۆ دادەنێن لەو کاتەی خۆمان دەچین و گفتوگۆی دەکەین و لەسەری رێکدەکەوین.
رووداو: بەپێی سەرژمێریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 14%ی دانیشتووانی عێراق پێکدێنێت. ئێوە داوا دەکەن لە بودجەدا 14% جێگیر بکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنیاییەوە ئێمە داوای 14% دەکەین و پێشتریش داوامان کردووە. پێشتریش ئێمە کە داوامان دەکرد لەسەر بنەمای ئەوەبوو کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی (نفووسی)هەرێمی کوردستانی بە 14٪ دانابوو بەڵام پابەند نابن. ئەگەر 12٪ بدەن هەر شوکرین، بەڵام نایدەن.
رووداو: داواکاری ئێوە چییە بۆ بودجە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە وەک عێراق کە پشتیان بە بودجەی 2023،2024، 2025 بەستووە، ئێمەیش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن. ئەوەی بە پێویستی دەزانین داوامانکردووە، لەسەر بابەتی میلاک ئەو داواکارییەی پێشوو هەمانبووە ژمارەیەکی گەورەی وانەبێژ و گرێبەستمان هەیە، ئەگەر رەزامەندی بدەن ئەوانەش زیاد بکەین.
رووداو: دەتانەوێ بکرێنە هەمیشەیی؟
ئاوات شێخ جەناب: دەمانەوێ، داوا لە عێراق بکەین بۆمان بکەن بە هەمیشەیی.
رووداو: بابەتی (هەژماری من) گەیشتووەتە کوێ؟ هاتووەتە سەر وەزارەتی دارایی؟
ئاوات شێخ جەناب: هەنگاو بە هەنگاو لە مانگی یەکەوە لە ژمێرکاری بەڕێوەبەرایەتییەکان کراوەتەوە و لەوێ دەوام دەکەن. رێکارەکانی ئیداریی و دارایی لە وەزارەتی دەارایی دەکەن، دابەشکردنی پارە بەسەر بانکەکاندا و ئەو رێکارانەی هەن لە وەزارەتی دارایی دەکرێن. ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەبوو بۆ ئەوەی هەنگاوەکان خێراتر بکەین. بۆ ئەوەی بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی، چونکە بەشێکی کارەکان لە بانکە ئەهلییەکان تەواو نەکراوە و بەشیکی گرفتەکان لای بانکە ئەهلییەکانە کە بەشێکیان رێکارەکانی خاوتر جێبەجێکردووە و بە یەک خێرایی کارەکانیان نەکردووە.
رووداو: هەندێک گلەیی هەیە کە ئامێرەکانی ATM لە شار و شارۆچکەکان کێشەیان هەیە و پارەیان تێدا نییە.
ئاوات شێخ جەناب: دەبوایە بانکەکان پابەندبوونیان زیاتر بوایە. بەپێی گرێبەستەکە، نەدەبوو چاوەڕێی گەیشتنی پارە بکەن و دەبوایە پێش گەیشتنی پارەکەش، ئەوان دەستپێشخەری بکەن، بەڵام ئێستا تاوەکو پارەکەیان پێنەگات نایکەن. هەروەها، بانکەکان ناتوانن هەندێک لە رێنماییەکانی بانکی ناوەندی تێپەڕێنن، بۆ نموونە رێگە نادرێ لە یەک کاتدا زیاتر لە 750 هەزار دینار رابکێشرێ. ئەوانیش کە پەیڕەوی دەکەن خەڵک بەو رێکارانە نیگەران دەبن. بابەتی ATM بەشێکی کەمتەرخەمی بانکەکانە، ئەوەش پەیوەندی بە کەمیی ئەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە ئەو ئامێرانە دروست دەکەن لە جیهاندا، دەبێت پێشوەختە داواکاری پێشکێش بکەی و نزیکەی شەش مانگی دەوێ بۆ ئەوەی بانکێک ژمارەیەک ATM دابین بکات. ئەو گرفتانە هی بانکەکانە نەدەبوو هەبوایە.
رووداو: دوێنێ مامۆستا جەعفەر رەخنەی لە وەزارەتی دارایی گرت و گوتی "عەیبەیە" وەزارەتی دارایی بڵێت پارە نییە و ناتوانم مووچە دابەش بکەم. رەنگە خەڵكی دیکەش ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنابێت.
ئاوات شێخ جەناب: مامۆستا جەعفەر لە ئەڵمانیا ژیاوە و نابێت هەرێم بە ئەڵمانیا بەراورد بکات. لە گەنجینەی هەرێمدا پارە نییە. بەداخەوە لە هەرێم، مووچە بووەتە کێشەیەکی سیاسی و کارتێکی گوشار دژی هەرێم بەکاردێت. ئەمە بۆ بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستانە. کێ بینیویەتی هەرێم خۆی بتوانێت بە تەنیا ئەو مووچە زەبەلاحە دابین بکات؟ تەنیا لەم کابینەیەدا توانیمان دوو ساڵ بیکەین، کاتێک نەوت و داهاتی ناوخۆمان لە دەست خۆمان بوو. ئێستا نەوتمان لای عێراقە، داهاتی نانەوتیشمان لای عێراقە. لە 2004 و 2005ـەوە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرج دەکرێ، وەزارەتی دارایی بەدەست شیعەوەیە، دەبێت لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری لەسەر بدرێت و بڕیار بۆ وەزیری دارایی بچێت. کە ئێمە بە سیستمی پەیرۆڵ لیست دەنێرین دەچێتە وەزارەتی دارایی، هاتوو دەکرێ، دواتر هامش دەکرێ و ئەچێتە بەڕێوەبەرایەتییەک پێی دەگوترێت 'هاوئانەگی' و وردبینییەک دەکرێ، دواتر دەچێتە دائیرەی ژمێریاری لەوێش وردبینی دەکرێ، دواتر نووسراوی پارەدارکردن دەکرێت، دواتر دەچێتە پێش وەزیر و ئەویش بڕیاری خەرجکردنی دەدات، کە وەزیر واژۆی کرد دەچێتە بەرێوەبەرایەتی گواستنەوەی بانکی و ئینجا پارە دەخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان. جگە لەوەی بڕیارەکە سیاسییە و دەبێت لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەربچێت کە دەبێت هەموو مانگێک بڕیاری لێبدەن و کارتێکی گوشارە، ئەگەر یەکێک لەو کەسانە نەخۆش بوو یان پرسەی هەبوو یان پشووی بەسەرداهات ئەو کارە رادەگیرێ. بۆ نموونە، رۆژێک پێش جەژن پارەی مووچە لە دوای دەوام هات، لەبەر ئەوەی دەوام تەواو بوو پارەکەیان پێنەداین، بەڵام بەپێی تایبەتمەندی خۆمان پارەکەمان وەرگرت. لە هیچ شوێنیک نییە رۆژی جەژن مووچە دابەش بکەی، کەسێک بڵی 27ـی مانگ یان سەری مانگ مووچە دابەش دەکرێت کەسێکی راست نییە.
رووداو: 25ی مانگ مووچە دابەش دەکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ناتوانین هیچ بڵێین تا ئەو رێکارانەی باسم کرد تەواو نەبن. ئێمە کردوومانە بە یاسا پارەکە نەگاتە بانکی خۆمان رایناگەیێینین، چونکە متمانەمان نییە. چەندجار ئێوە لە رووداو کاتی مووچەتان راگەیاندووە کەوتووەتە رۆژی دواتر یان دوو رۆژ دواتر، بۆچی؟ ئێمە بۆ ئەوەی نەکەوینە هەڵەوە، نەمان کردووە. مامۆستاش بابەتی چاوپێکەوتنەکەی هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو نازانم بۆ نموونەی ئێمەی هێنایەوە، باسی ئەوەی کرد تەلەفۆنی بۆ من کردووە، شتی وا نییە. لەم حەوت ساڵە دووجار تەلەفۆنی بۆ من کردووە کە کاری خزمێکی هەبوو لە کەلار، ژمارەکەشی لامە، ئێمە یەکتر دەناسین؛ راستە زۆر گەرم و زۆر تێکەڵ نەبووین، چونکە هیچ کاتێک بەیەکەوە کارمان نەکردووە. ماوەیەکی زۆر کە ئێمە لە دەرەوە بووین، ئەوان لە دەرەوە بوون، کە هاتوونەتەوە کارمان پێکەوە نەبووە، چانسی ئەوەمان نەبووە تێکەڵیمان هەبێت، قسەکەی حەق نەبوو، خۆزگە هەر بینوسیایە و چاوپێکەوتنی نەکردایە.
رووداو: زۆر سوپاس کاک ئاوات.
ئاوات شێخ جەناب: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.