رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت، ئەمریکا لە ساڵانی 2004 و 2005دا هەڵەیەکی گەورەی کرد کە وەکو پێویست هەژموونی خۆی بەکارنەهێنا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.
رۆبێرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە کاتی بەشداریکردن لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری رووداو رایگەیاند، "لە هەولێر کۆمەڵێک داهێنانم بینی لە بواری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتدا ئێمە لێرە لە شاری مەینی ئەمریکا نیمانە".
لە ماوەی کارکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆبەرت فۆرد تێبینی ئەوەی کردووە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە باشی عەرەبی نازانن و دەپرسێت چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە بەشێک لە عێراق و ئاوێزان ببێت لەگەڵی، ئەگەر دانیشتووانەکەی عەرەبی نەزانن، هەروەها دەشڵێت، "ئەنجامەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆییش کە ساڵی 2017 ئەنجامدرا زۆر بەڕوونی ئەوەیان دەرخست".
دەقی هەڤپەیڤینی رۆبەرت فۆرد لەگەڵ رووداو:
رووداو: ئێوە ساڵی 2003 رێک دوای جەنگەکە لە عێراق بوون. وەک راوێژکار کارتان دەکرد. ئەگەر بەراوردێک بکەن لەنێوان عێراقی ساڵی 2003 و عێراقی ئەمڕۆ، چی دەڵێن؟ ئایا عێراقی ئەمڕۆ ئەو وڵاتەیە کە ئێوە ساڵی 2003 پلانتان بۆ داڕشت؟ ئەم پرسیارە بۆیە دەکەم، لەبەرئەوەی وتارێکی زۆر گەشبینتان لەسەر عێراق بڵاوکردەوە، لە مانگی رابردوودا.
رۆبێرت فۆرد: بەڵێ، بەڵێ، وتارێکی گەشبینم بڵاوکردەوە. عێراقی ئەمڕۆ زۆر باشترە، زۆر باشترە لە عێراقی 2003 و 2004، زۆر باشتر. بارودۆخی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەمیشە باشتر بووە لە بارودۆخی فەللوجە، رومادی و بەسرە. کوردستان هەمیشە باشتر بوو، بەڵام بەتایبەتی دوای دوایین سەردانم بۆ کوردستان لە مانگی 11ی 2021 دا، زۆر سەرسام بووم بەوەی چۆن ژیان لە کوردستان، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ژیانێکی ئاسایی دەڕوات. بێگومان هێشتا کێشەی گەورە هەن لە عێراق، بەڵام پێموایە پەرەسەندنێکی باش هەیە بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوون.
رووداو: با کەمێک لەو رۆژانەدا بمێنینەوە کە ئێوە نوێنەری ئەمریکا بوون لە نەجەف، لە ساڵی 2003 دا. ئێوارەیەک لەلایەن چەکدارانی بەدرەوە رفێندران، بەڵام دوای سێ کاژێر ئازاد دەکرێن. پێم بڵێن، چۆن توانیتان خۆتان رزگار بکەن؟
رۆبێرت فۆرد: کاتێک چووم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، تێگەیشتم کە روودەکەینە شوێنێکی مەترسیدار. لەو ناوچەیەدا کەسانی سەر بە میلیشیای بەدر هەبوون. لەبەرئەوە دیدارێکم خستە درەنگانی ئەو شەوە لەگەڵ سەرکردەی میلیشیای بەدر لە نەجەف، ئەوکات کەسێک بوو ناوی حوسێن عەبتان بوو. دواتر ئەو کەسە بووە وەزیر لە حکومەتی عێراق. کاتی کۆبوونەوەکەم لەگەڵ حوسێن عەبتان دەکەوتە 12 ی شەو. ئەو گرووپەی منیان رفاند، دەوروبەری کاژێر 8 بۆ 9ی ئێوارە منیان رفاند. منیش پێم گوتن، "ئەگەر ئازادم نەکەن و ئەگەر بە دەستبەسەری بمهێڵنەوە، درەنگ دەکەوم بۆ کۆبوونەوەکەم لەگەڵ سەرکردەکەتان". ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی نیشانەی پرسیاریان لەلا دروستببێت. کەسێکیان نارد بۆ بارەگای حوسێن عەبتان، بۆ ئەوەی بزانن راست دەکەم یان نا. دوای نزیکەی دوو کاژێر مەلایەک، کەسێکی ئایینی هات و بە چەکدارەکانی گوت رێگەی بدەن بڕوات.
رووداو: باشە ئەی ئەوانەی ئێوەیان رفاند ئاگاداری ئەوە نەبوون کە تۆ کۆبوونەوەت هەبوو لەگەڵ سەرکردەکەیان. یان با بەوشێوەیە بپرسم، سەرکردەکەیان ئاگادارنەبوو کە چەکدارەکانی تۆ دەڕفێنن؟
رۆبێرت فۆرد: وابزانم ئاگادار نەبوون لە یەک. لە مانگی ئەیلوولی 2003دا، فەرماندەی میلیشیاکان کۆنترۆڵی تەواویان نەبوو لەسەر هەموو چەکدارەکانیان، لەو شوێنانەی وەک بەغدا، کەربەلا، نەجەف و بەسرە. چەندین گرووپی چەکدار هەبوون کە دەسووڕانەوە و چالاکییان ئەنجامدەدا، بەبێ ئەوەی چرکە بە چرکە کۆنترۆڵبکرێن لەلایەن فەرماندەکانیانەوە.
رووداو: باشە، بەڵام داوای چییان لە تۆ کرد، ئامانجیان چی بوو لە رفاندنەکەت؟
رۆبێرت فۆرد: وابزانم بەلایانەوە نامۆ بوو کەسانی بیانی ببینن لە ناوەندی شاری نەجەف. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا پێنج مانگ پێشتر عێراقی ئازادکرد بوو، بەڵام زۆر بەچاوی گومانەوە تەماشای ئەمریکییەکانیان دەکرد. گرنگە ئەوەشمان لەیادبێت کە ئایەتوڵڵا محەممەد باقر حەکیم، هەمووی چەند هەفتەیەک پێشتر لە نەجەف کوژرابوو. کەشێکی گرژ و ئاڵۆز هەبوو لە نەجەف.
رووداو: ئەی لە کۆتایی شەوەکەدا فەرماندەکەیانت بینی؟
رۆبێرت فۆرد: ئەو شەوە فەرماندەکەم نەبینی. ئەفسەرێکی سوپای ئەمریکام لەگەڵدا بوو. من ویستم بچم بۆ کۆبوونەکە، بەو نیوەشەوە. بەڵام با بە راشکاوی بیڵێم، ئەفسەرەکەی سوپای ئەمریکا ترسی لە دڵدا نیشتبوو. ئەو گوتی باشتر وایە، بێ وەستان بگەڕێینەوە بۆ بنکەی سەربازیی مارێنزی ئەمریکا. من پێمگوتن ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی حوسێن عەبتان ببینین. پێموابوو لەوکاتەدا رووزەردی لای ئێمە بوو، لەبەرئەوەی چەکدارەکانی ئێمەیان رفاندبوو، بەڵام وابزانم ئەفسەرە ئەمریکییەکە هێندە بە جەرگ نەبوو.
رووداو: مادەم وایە با بگەڕێینەوە ئەمڕۆ. لەو نووسینەتدا کە بڵاوتکردبووەوە، باس لە توانای داهێنانی گەنجانی عێراق و کوردستان دەکەیت. پێتوایە ئەو گەنجانە دەرفەتیان بۆ رەخساوە بەشداربن لە پرۆسەی چاکسازی لە عێراق دا؟
رۆبێرت فۆرد: وابزانم ئەمە بابەتێکە کە پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن. ئەوەی کە من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە من لە کوردستان چاوم بە کۆمەڵێک کەس کەوت کە بەڕاستی توانای داهێنانیان هەیە، کۆمەڵێک گەنجی خاوەن بیرۆکە. هیوادارم بواریان هەبێت کار و بیزنسی زیادتر بکەن؛ بۆ ئەوەی هەلی کاری زیادتر بڕەخسێنن. ئاگادارم کە بابەتی کار یەکێکە لە کێشە گرنگەکان لە عێراق. من کەسانێکم بینی کە بیرۆکەی زۆر باشیان هەیە و هیوادارم کە گوێ لە بیرۆکەکانیان بگیرێت لەلایەن داوودەزگاکانی دەسەڵاتەوە.
رووداو: بۆ خۆت گەشبینی کە ئەو هیوایەت بێتەدی؟
رۆبێرت فۆرد: بەڵێ گەشبینم. پێموایە خەڵکی کوردستان خۆیانن بڕیار دەدەن لەسەر ئەوە. من دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانم. ئەوەی من دەتوانم پێت بڵێم، بۆ نموونە، من لە هەولێر کۆمەڵێک داهێنانم بینی لە بواری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتدا کرابوون کە ئێمە لێرە لە شاری مەینی ئەمریکا نیمانە. لەو رووەوە هەولێر پێشکەوتووترە لە شاری مەینی ئەمریکا. هەولێر لە توانایدا هەیە داهێنانی تەکنۆلۆژی هەناردە بکات بۆ ئێمە بۆ شاری مەین.
رووداو: بۆ شاری مەین لە ویلایەتە یەکگرتووەکان؟
رۆبێرت فۆرد: بەڵێ، بەڕاستیمە. کەسانی بەتوانا و داهێنەر هەن لای ئێوە. تەنیا پرسیار ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئازادی فەراهەم بکرێت بۆ توانای داهێنانیان. ئومێد دەکەم کە خەڵکی کوردستان بیر لەمە بکەنەوە لە ساڵی تازەدا، کە چۆن ئازادی بۆ تواناکانیان بڕەخسێنن.
رووداو: با کەمێک باسی سیاسەتی عێراق بکەین. موقتەدا سەدر زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. بەواتایەکی دیکە "براوەی" هەڵبژاردنەکانە. ئەوەش کە لە ئێستاوە دەتوانرێت ببینرێت ئەوەیە کە لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانیدابێت لەگەڵ حەلبووسی، پارتی دیموکراتی کوردستان و هادی عامری. خۆی ئەم هاوپەیمانییەتەی ناوناوە "حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی". پێتوایە دەتوانێت ئەم ئامانجەی بپێکێت؟ سەرەتا دەتوانێت کابینەکە پێکبێنێت؟ دواتریش ئەو کابینەیە دەتوانێت بەردەوامبێ؟
رۆبێرت فۆرد: کەوابوو دوو پرسیار هەن. لەسەر پرسیاری یەکەم، پێدەچێت بتوانێ کابینەکە بەوشێوەیە پێکبێنێت، بەڵام لەبیرت بێت کە پێش ئەوە زۆر شت هەن کە پێویستە بڕیاریان لەسەر بدرێت. لەو ئەزموونە پێنج ساڵییەی کە من هەمە لە عێراق، لە ساڵانی پێشوودا، ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کە سیاسەتڤانە عێراقییەکان لە دانوستاندن دا زۆر تووندن. زۆر بە دژواری دانوستاندن دەکەن. وەزیر بە وەزیر، پۆست بە پۆست دانوستاندنیان لەسەر دەکرێت، تاوەکو دوا وردەکاری. بەم جۆرە دانوستاندنە پۆستی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکرێنەوە، دواتریش کابینەکە. ئەمەش واتای پرۆسەیەکی دانوستاندنی دوور و درێژە. جێگەی سەرسوڕمان دەبێت بۆ من، ئەگەر لە ماوەیەکی کورتدا هەموو ئەو هەنگاوانە ببڕدرێن، دڵنیام کاتێکی زۆری دەوێت. سەبارەت بە پرسیاری دووەمت کە ئایا کابینەیەکی بەوجۆرە دەتوانێت بەردەوام بێت یان نا. لە راستیدا وەڵامی ئەو پرسیارە کەمێک سەختە، بەڵام لە ساڵی 2005 ەوە، کە دەستووری عێراق پەسەندکرا، تائێستا، تەماشاکە، پەرلەمانی عێراق متمانەی لە هیچ حکومەتێک نەسەندووەتەوە. هەموو سەرۆک وەزیرانێک، هەموو وەزیرێک توانیویەتی بمێنێتەوە، بەڵام پێموایە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و پەیداکردنی ئەزموون، ئەوە دەگۆڕیت و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی نێو پەرلەمان، بەرهەڵستکارە یاساییەکان دەکەونە ئەوەی بەپێی مادەکانی دەستووری عێراق مامەڵە بە پێدانی متمانە و لێسەندنەوەی لە حکومەت بکەن.
رووداو: راستە رەنگە لە پەرلەمانەوە متمانەیان لێ نەسەندرابێتەوە، بەڵام کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیت بەبیر بێتەوە، کە ناچارکرا دەست لەکاربکێشێتەوە.
رۆبێرت فۆرد: بەڵێ، وایە.
رووداو: هەر لەسەر ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی لەوجۆرە، پێتوایە لەڕووی دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەوە، پاڵنانی مالیکی و نیوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ دەوەوەی دەسەڵات، بیرۆکەیەکی ژیرانە دەبێت؟
رۆبێرت فۆرد: بێگومان ئەمە ئاڵنگارییەکی جدی دەبێت. کرۆکی ئاڵنگارییەکەش پەیوەندی بە هاوپەیمانیی فەتحەوە دەبێت. ئایا فەتح دۆڕانی خۆی قبووڵ دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا و ئایا رازی دەبێت بەوەی ببێتە هێزێکی بەرهەڵستکار کە سەرسپێری (وەلائ)ی بۆ وڵاتەکەی خۆی هەیە؟ ئەمە پرسیارە. لە هەمانکاتدا تاقیکرندەوەیەکیشە بۆ عێراق و حکومەتەکەی لەژێر سایەی ئەو دەستوورەی ئێستا لە کاردایە. پێموایە رێککەوتنێک لەنێوان ئەو حکومەتە، ئەگەر پێکهێنرا، لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت لەسەر ئەو بابەتە. رێککەوتنێک کە تێیدا روونبکرێتەوە چی لە بەرنامەی کاری حکومەتەکەدا هەیە و چی تێدا نییە. بۆ نموونە، ئەگەر حکومەت بڵێت یەک و یەک دەردوو (بێ وەستان) هەموو میلیشیاکان ناچار دەکات بۆ داماڵینی چەک، ئەوە کێشەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنیت.
رووداو: پێتوایە تاقیکردنەوەیەکی لەو جۆرە، ئەگەری ئەوەی هەیە شەڕ و پێکدادن یان رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە وڵاتەکەدا بەدوای خۆیدا بێنیت؟
رۆبێرت فۆرد: ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە. رێی تێدەچیت. بۆ نموونە، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، جا هەر کەسێک بێت، یەک و یەک دەردوو فەرمانی چەکداماڵینی میلیشیاکان دەربکات، ئەگەری دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە هەندێک ناوچە یەکجار زۆر دەبێت.
رووداو: بەڵێ. بەدەر لەو ئەگەرانە، ترس و نیگەرانییەک هەیە سەبارەت بە نیازی سەدر بۆ ئەوەی دین و دەوڵەت تێکەڵ بکات و لە ئاکامدا، خۆی ببێتە سەرکردەی باڵای ئایینی و سیاسی لە وڵاتەکەدا. ئێوەش هەمان نیگەرانیتان هەیە؟
رۆبێرت فۆرد: ئەم پرسیارەش پرسیارێکە بۆ عێراقییەکان، نەک بۆ ئەمریکییەک کە لە شاری مەین دانیشتووە، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەی کە هەمە لە عێراق، لەکاتی نووسینەوەی دەستووردا، ئەو دەستوورەی کە ئەمڕۆ لە کاردایە، گرنگی زۆر درا بە جێگیرکردنی ئازادیی تاکەکەس، ئەگەر حکومەت پابەندبێت بەو دەستوورەوە، پێموایە تەنانەت ئەگەر حکومەتەکە تام و بۆنێکی ئایینییاشیان پێبدات، هێشتا مەودایەکی فراوان دەمێنێتەوە بۆ ئازادییەکانی تاکەکەس. کەوابوو ئەگەر رێککەوتنێک هەبێت بۆ رێزگرتن لە دەستوور، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانە کەم دەبنەوە.
رووداو: پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئایا هیچ ئاماژەیەک هەیە بۆ رێزگرتن لەو دەستوورە کە کاتی خۆی بەوشێوەیە نووسراوەتەوە؟
رۆبێرت فۆرد: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە و پرسیارێکی زۆر گرنگە. روونە کە کات هەبووە پێشێلکاریی دەستوور کراوە. بۆ نموونە رۆژنامەڤان خراوەتە زیندانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەستوور زۆر بەڕوونی باس لە ئازادی رادەربڕین دەکات. پێموایە دانپێدانانەوەیەکی نوێ لەلایەن حکومەتی بەغداوە کە رێز لە هەموو بنەماکان و بڕگەکانی دەستوور دەگرێت، یاریدەدەر دەبێت بۆ بەرەوپێشچوون.
رووداو: کاتێک تەماشای مامەڵەی ئەمڕۆی بەغدا دەکەیت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە کە دەبینیت لایەنی عێراقی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور هەر بە هەند وەرناگرێت، ئەگەر بەراوردی بکەیت لەگەڵ دوای 2003 کە کوردستان و سەرکردە کوردستانییەکان لە بەغدا زۆر بەهێزتر بوون، چی دەبینیت، پێگەی ئەمڕۆی کوردستان لە بەغدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
رۆبێرت فۆرد: پێش هەموو شتێک پێویست دەکات ئەوە بڵێم کە ئەمریکا، بە خۆشمەوە، لە ساڵانی 2004 و 2005دا هەڵەیەکی مەزنمان کرد کاتێک وەکو پێویست هەژموونی خۆمانمان بەکارنەهێنا بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140. ئەمە مانەی ئەوە نییە ئەو بابەتە کێشەیەک بووە بۆ ئەمریکییەکان چارەسەری بکەن. بێگومان کێشەیەکی عێراقی بوو کە پێویستبوو خودی عێراقییەکان چارەسەری بکەن، بەڵام ئێمە ئەوکات هەژموون و کاریگەریمان هەبوو، کەچی ئەو هەژموون و کاریگەریەمان بەکارنەهێنا. کەوابوو حەزدەکەم بە بینەران بڵێم کە ئەمریکییەکانیش بێ هەڵە نین. ئەمە با لەیادیان بێت کاتێک قسەکانی دیکەش دەکەم.
هەرچی پەیوەندی بە رۆڵی پارتە سیاسییە کوردەکانەوە هەیە لە بەغدا، من پێموایە ئەمڕۆش لە 2021 و 2022 دا، هێشتا رۆڵیکی زۆر زۆر گرنگیان هەیە. هەر ئێستا لەگەڵ ئێوە باسی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێمان دەکرد لە بەغدا؛ سەرۆککۆمارێکی نوێ، سەرۆکوەزیرانێکی نوێ و سەرۆکی پەرلەمانێکی نوێ و کابینەیەکی نوێ. لەم چوارچێوەیەدا، پارتە کوردییەکان رۆڵیکی زۆر گەورەیان هەیە لە پێکهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ هەڵهێنانی هەر هەنگاوێک. دەنگی ئەوان یەکلاکەرەوەیە بۆ بەدەستهێنانی دوو لەسەر سێی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە سەرۆکوەزیران وکابینەکەی. کەوابوو، ئێستاش هەژموون و کاریگەرییەکی زۆریان هەیە. خاڵی دووەم کە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم لەسەر ئەم بابەتە، پەیوەندی بەو کەسایەتییە کوردانەوە هەیە کە بەشداری لە حکومەتدا دەکەن لە عێراق. لەسەر ئاستی تاکەکەسیش لە توانایاندا هەیە کاریگەرییەکی زۆریان هەبێت لەسەر دیاریکردنی سیاسەتی حکومەت لە بەغدا. بۆ نموونە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەیە. بوونی کەسایەتییەکی وەکو ئەو لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا دەتوانێت کارێک بکات دەنگی کورد بگاتە نێو ئەنجوومەنی وەزیران و ئەو دەنگە رەنگدانەوەی هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا. پێموایە ئەوە شتێکی باش و گرنگە.
رووداو: باسی کەسایەتییەکانت کرد، مادەم وایە با منیش پرسیارێکی برادەرانەت لێبکەم! بەینی خۆمان بێ.. لەنێو سەرکردە کوردستانییەکاندا کامیان بە گونجاوترین دەبینیت بۆ ئەوەی بتوانێت وەکو سەرۆککۆماری نوێی عێراق ئەو رۆڵە کاریگەرە ببینێت کە خۆت باسی دەکەیت.
رۆبێرت فۆرد: بێگومان ناوی کەسیان ناڵێم. هەرگیز شتی وا ناکەم. هاوڕێم زۆر زۆرە لە کوردستان. ئەوەی کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە پێموایە کەسایەتی زۆر هەن لە کوردستانی عێراق کە خاوەنی ئەزموونن لە دانوستاندن و بەڕێوەبردنی حکومەتدا، هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەسانی رێزلێگیراون، لەبەرئەوەی سەرکردە و دیپلۆماتە بیانییەکان دەناسن و خاوەنی نێوبانگن. کەوابوو بژاردە زۆرە بۆ ئەوەی لەنێوانیاندا یەکێک هەڵبژێردرێت. هاوکات پێویستە ئەوەش بڵێم؛ لەدوای ئەوەی کە من ئەرکەکەم لە عێراق تەواو بووە تاوەکو ئەمڕۆ 15 ساڵ تێپەڕیوە. ئێستا نەوەیەکی نوێ هەن لە عێراق، بە هەمان شێوە نەوەیەکی نوێ هەن لە کوردستانی عێراق. زۆر گرنگە کە ئەم نەوە نوێیەش رێگە بۆ خۆی بکاتەوە تاوەکو بگاتە پلەکانی دەسەڵاتداری. بۆ نموونە، من دوای ئەنجامدانی ئەرکەکانم خۆم خانەنشینکرد، ئێستا دیپلۆماتی گەنجی ئەمریکی جێگەی منیان گرتووەتەوە. ئەوەش شتێکی زۆر باشە.
رووداو: هەر لەسەر پێگەی کوردستان لە بەغدا، چی پێویستە پارتە کوردستانییەکان ئەنجامیبدەن؟
رۆبێرت فۆرد: بەبۆچوونی من، یەکەم هەنگاو و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە رێککەوتنێکیان هەبێت لەنێوان خۆیاندا. لەو رێککەوتنەدا روونبێت کە چ شتێک لە هەمووی باشترە بۆ کوردستانی عێراق و، بەرژەوەندی هەولێر لە چ جۆرە مامەڵەیەکدایە کە لەگەڵ بەغدا بیکات. ئەگەر رێککەوتنێکی لەو شێوەیە هەبێت لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، ئەوە دەبێتە هەوێنی دەستپێکێکی باش. تەنیا دوای ئەوە دەتوانن دانوستاندن بکەن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی خواستەکانیان بچەسپێنن لە سیاسەتی حکومەتی نیشتیمانیی عێراق دا، جا سیاسەتی نێوخۆ بێت یان دەرەوە.
رووداو: زۆر باشە. ئێستا با باسی دوایین گەشتتان بکەین بۆ کوردستان. چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لێرە بوون. کەمێک باسی سەردانەکەتانم بۆ بکە. چیتان بینی و هەستتان بە چی کرد لە کوردستان؟
رۆبێرت فۆرد: بانگهێشتکراین بۆ بەشداریکردن لە دیداری زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک. ئەوە یەکەم گەشتم بوو بۆ دهۆک، بەدرێژایی تەمەنم. پێشتر سەردانی هەموو پارێزگاکانی عێراقم کردبوو، دهۆکی لێدەرچێت. سەرسامم بووم کە بینیم شارێکی گەورەیە، دووکان و بازاڕ و خواردنگەی زۆری تێدایە، هەمووشیان زۆر قەڵەبالخن. ئەوەی راستی بێت، من چاوەڕێی بینینی ئەوەم نەدەکرد. ئاستی خۆشگوزەرانی لە دهۆک زیادتر بوو لەوەی من پێشبینیم دەکرد. چەند رۆژێکم لەوێ بەسەربرد، بەڵام یەک بابەت هەیە کە دەمەوێت باسی بکەم، هەرچەندە ئەگەری هەیە بەشێک لە بینەرەکانتان دڵگران بکات. ئەوەی کە تێبینیم کرد، کاتێک دەچوومە دەرەوە بۆ خواردنگەکان بۆ نان خواردن، بینیم زۆربەی گەنجانی دهۆک عەرەبی نازانن. منیش کوردی نازانم. لیرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، چۆن کوردستانی عێراق دەتوانێت ببێتە پارچەیەک لە عێراق و ئاوێزانی کۆمەڵگەی عێراقی ببێت لە داهاتووی دوورمەودادا، ئەگەر زمانی عەرەبی نەزانن. بۆ خەڵکی بەغدا، بەسرە، نەجەف و رومادی رەنگە بەشێکیان پێویست بکات فێری کوردی ببن، بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان هەمووی پێویستە فێری عەرەبی ببن. پێموایە ئەگەر دانیشفووانی وڵاتێک هەموویان یەک زمانی هاوبەشیان نەبێت بۆ ئەوەی لە یەک تێبگەن ئەوە بارگرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. کەنەدا نموونەیەکی زۆر سەرکەوتووە. بۆ نموونە، هەرێمی کیوبیک بووە بەشێک لە کەنەدا و ئاوێزانی کۆمەڵگەکە بووە. لە ئەنجامی ئەوە فەرەنسی بووە زمانی دووەم لە کەنەدا، بەڵام دانیشتووانی کەنەدا بە ئینگلیزی قسە دەکەن و خەڵکی هەرێمی کیوبیکیش بەهەمان شێوە خۆیان فێری ئینگلیزی دەکەن. لەبەرامبەریشدا بەشێک لە کەنەدەییەکان فەرەنسی دەزانن، خۆیان فێرکردووە، بۆ نموونە دیپلۆماتە کەنەدییەکان، لەگەڵ ئینگلیزیدا بە فەرەنسیش قسە دەکەن. ئەمە شتێک بوو کە بینیم و وای لێکردن بیربکەمەوە، بڵێم کێشەیەک دەبینم بۆ ئایندە.
دوای ئەوە چوومە هەولێر و زۆر سەرسام بووم بەو جموجصوڵە زۆرەی لەوێ بینیم. کەسانێکم ناسی کە بزنسی بچووکیان دامەزراندبوو. پڕۆژەیەک هەیە بە هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردیی عێراق و یەکێتیی ئەوروپا بۆ پارەدارکردنی گەنجانی کارساز، بەمەبەستی ئەوەی ئەو گەنجە کارسازانە بزنسەکانیان فراوانبکەن و سەرکەون. کاتێک من سەردانم کردن پێشانگایەکیان هەبوو لە ژووری بازرگانی هەولێر. لەوێ چاوم پێیان کەوت.
رووداو: لەسەر ئەو تێبینییەی کە هەتبوو لەسەر خەڵکی دهۆک، هەولێر یان سلێمانی کە دەڵێیت عەرەبی نازانن و دەپرسیت چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە بەشێک لە عێراق و ئاوێزان ببێت لەگەڵی، ئەگەر دانیشتووانەکەی عەرەبی نەزانن، پێتوانییە کە خودی پرسیارەکەت ئەو راستییە دەخاتەڕوو کە سەد ساڵ پێش ئێستا کاتێک ئەم خاک و نیشتمانەی کورد بەزۆر لکێندراوە بە عێراقەوە، ئەوە سەد ساڵە ئەو پڕۆژەیە سەرینەگرتووە و کوردستان نەبووە بە بەشێک لە عێراق؟
رۆبێرت فۆرد: بێگومان وایە. ئەنجامەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆییش کە ساڵی 2017 ئەنجامدرا زۆر بەڕوونی ئەوەیان دەرخست، بەڵام لە هەمانکاتدا، من هەمیشە بە هاوڕێ کوردە عێراقییەکانمم گوتووە کە سەربەخۆیی بەبێ دانوستاندن زۆر قورسە. لەوەش قورستر ئەوەیە کە لایەنەکانی دانوستاندنەکە تەنیا بەغدا و هەولێر نین. با واقیعبین بین. وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا خۆیان دەکەنە بەشێک لە پرۆسەکە. ئەگەر بەڕوونی پێتان بڵێم، من لەو باوەڕەدانیم کە سەربەخۆیی بۆ کورد نە سبەی و نە هەفتەی داهاتوو و نە مانگی داهاتوو بێتەدی. گەلی کورد دۆستی منن و من زۆر سەرسامم پێیان. هەر بۆیە پێیان دەڵێم بۆ ئایندەی نزیک و ئایندەی مامناوەند، هەبوونی رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا کە مافی خۆبەڕێوەبردنی فراوان بداتە کورد لەڕووی ئابووری و ئیدارەی خۆجێیەوە، ئەوە باشترین بژاردەیە. لەم بژاردەیەشدا ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبێت و بۆ ئەو پەیوەندییەش ئەوە باشترە کە زمانێکی هاوبەشتان هەبێت قسەی پێبکەن.
رووداو: با بچینە سەر بابەتی سووریا. چەند رۆژێک دوای دەستنیشانکردنتان وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە سووریا، ساڵی 2011، دانیشتووانی سووریا راپەڕین و تۆ نەتتوانی لەسەر ئەرکەکەت بەردەوام بیت، ناچاربوویت سووریا جێبهێڵیت. ئێستا تۆ دەڵێیت ئەسەد توانی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و وڵاتانی دراوسێی هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە، جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵی. لەم گۆشەنیگایەوە، ئایا پێداگیری ئەمریكا لەسەر لابردنی ئەسەد لەسەر دەسەڵات، کارێکە کە ببێتە راست، یان تەنیا قسەیەکە وەک بەرپرسیارییەتییەکی ئەخلاقیی ئەمریکا؟
رۆبێرت فۆرد: پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم کە دڵگرانم بەوەی شەڕی ناوخۆ بەوشێوەیە پەرەیسەند لە سووریا. ئەوەی کە بینیمان تراژیدیایەکی گەورەی مرۆیی بوو. نیوەی دانیشتووانی سووریا ناچاربوون وڵاتی خۆیان جێبهێڵن. بیهێنە بەرچاوی خۆت! رێک نیوەی دانیشتووانەکەی. بێگومان ئەمە جێگەی دڵگرانییە بۆ من. مانەوەی بەشار ئەسەدیش هەر مایەی دڵگرانییە بۆ من، بەتایبەتی کە هیچ چاکسازییەکیش نەکراوە، بەڵام راستی راستییە و ناتوانی بیگۆڕیت. ئەمریکا ئامادە نییە سەربازی خۆی بنێرێت بۆ دیمەشق تاوەکو ئەسەد لەسەر دەسەڵات لابەرن. جارێکی دیکە ئەزموونی 2003 ی بەغدا دووبارە نابێتەوە. کەوابوو، وڵاتانی دراوسێی سووریا، بە عێراقیشەوە، پێویستە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. بۆ نموونە لەسەر ئەوە رێکبکەون کە پێکەوە چۆن رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. ئەوە کێشەیەکە کە یەخەی هەردووکیانی گرتووە. ئەوەش لەسەر شانی منە بە هاوڕێ عێراقییەکانمی بڵێم کە ئاگایان لە خۆیان بێت کاتێک دانوستاندن لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەن، لەبەرئەوەی ئەسەد پیاوێکی سەرڕاست نییە.
رووداو: باشە، با کەمێکیش باسی رۆژئاوای کوردستان بکەین. خۆت دەزانیت رۆژئاوای کوردستان و تەنانەت بوونی کورد لە سووریا تائێستا هیچ دانپێدانانێکی یاسایی و دەستووریی نییە لەو وڵاتەدا. لەم چوارچێوەیەوە کە تەماشای دەکەیت، چی دەبینیت لەسەر چارەنووسی کورد لە سووریا؟
رۆبێرت فۆرد: بارێکی زۆر گرانە، یەکجار گرانە. لەڕاستیدا بارودۆخی ئەمڕۆی رۆژئاوا و ناوچەی خۆبەبەڕێوەبەری بە گشتی، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ بارودۆخی 95 و 96 و 97ی کوردستانی عێراق. ئەوکات پاراستنێکی ئاسمانیی ئەمریکی هەبوو بۆ کوردستانی عێراق و لە سایەی ئەوەوە حکومەتی هەولێر و سلێمانی گەشەیان کرد. ئەمڕۆش لە سووریا هەمان شت هەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر، بەڵام ئەوەی دڵەڕواکێ لای من دروستدەکات ئەوەیە کە ئەمریکییەکان هەتا هەتایە لە سووریا نامێننەوە. هاوکات ئەمریکییەکان بەشار ئەسەد لانەبەن لەسەر دەسەڵات لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە، وەک ئەوەی ساڵی 2003 لە عێراق دژی سەدام حوسێن کردمان. جیاوازە. لێرەدا لەیەکدیو ئەزموونەکان جیادەبنەوە. لەسەر بنەمای ئەو جیاوازییەش کە لە سرووشتی هەلومەرجەکاندا هەن، چارەنووسی رێڤەبەریی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جیاواز دەبێت. سیاسەتی ئەمریکا بۆ سووریا جیاوازە. لەبەرئەوە، دەرەنجامەکانیش بۆ کوردی سووریا جیاواز دەبن. بۆیە پێموایە پێویستە ئەوانیش رێگەیەک ببیننەوە بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی دیمەشق. ئایا ئەوە کارێکی ئاسان دەبێت؟ نەخێر!! زۆر قورس دەبێت. ئایا ئەو خۆبەڕێوبەرییەی ئێستا هەیانە و ئەو کۆنترۆڵەی بەسەر ناوچەکانی خۆیاندا هەیانە دەمێنێتەوە؟ بە ئەگەرێکی زۆرەوە، نەخێر، لانیکەم لە سەرەتادا. پێموایە لە داهاتووی نزیکدا زۆر گرنگە بیکەن ئەوەیە هەوڵبدەن دانپێدانێک بەدەستبێنن بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی، بۆ نموونە. یان بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوون بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەک کە لە مافدا هاوشانی دانیشتووانی دیکەی سووریا بن؛ مافی بەناوکردنی موڵکیان هەبێت، مافی وەرگرتنی پاسپۆرتیان هەبێت، مافی دامەزراندنی بزنس و بەڕێوەبردنیان هەبێت، وەکو هەموو سوورییەکانی دیکە. خۆت دەزانیت، جیاکاری زۆر هەبوو، دەرحەق بە کۆمەڵگەی کوردی لە سووریا بۆ چەندان دەیە، لەژێر دەسەڵاتی بەعس و تەنانەت پێش بەعسیش. پێموایە ئەگەر سەرەتا تەنیا دانپێدانانیان دەستکەوێت وەک هاووڵاتی یەکسان، ئەوە هەنگاوێکە. ئایا دەسکەوتێکی گەورەیە؟ نەخێر! بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە چاوەڕێناکەم ئەمریکییەکان هەتاهەتایە لەوێ بمێننەوە. دەبێت راشکاو بم، راستییەکە بە هاوڕێیەکانم بڵێم.
رووداو: باشە، هەتاهەتایە نا، بەڵام هیچ نەبێت تاوەکو ئەوکاتەی کورد لە سووریا دەگەنە جۆرێک لە دانپێدانانی دەستووری و بەدەستهێنانی مافەکانیان، پێتوانییە ئەمریکا ئەو پاراستن و ئارامییەیان بۆ دابین بکات کە لە ساڵانی نەوەتەکاندا بۆ کورد لە عێراق دابینیان کرد؟
رۆبێرت فۆرد: نەخێر! نەخێر! پێموایە نییە. پێموانییە ئەسەد هیچ کاتێک قایل ببێت بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور کە گۆڕانکاری گەورە بهێنێتە کایەوە. دەبێ راستییەکە وەکو خۆی باسبکەین. هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە، بە سەرکردایەتی گێیر پیدەرسۆن و پێشتریش بە سەرکردایەتی ستافان دی میستورا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، هیچ ئەنجامێک! سفر ئەنجام! بیرت دێت، دۆناڵد ترەمپ هەوڵیدا سەربازانی ئەمریکا بەتەواوی لە سووریا بکێشێتەوە. جۆو بایدن ئێستا سەربازەکانی لەوێ هێشتووەتەوە، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت مانەوەیان زۆر روون نییە. زۆربەی نوێنەرانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا مانگی ئەیلوول دەنگیاندا لەسەر داڕشتنی پلانێک بۆ کشانەوەی کۆتایی هەموو هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا. راستە کاتێکیان دیارینەکرد، بەڵام بە حکومەت دەڵێن پێویستە کاتێک دیاری بکات و ستراتیژی روون بێت بۆ کشانەوەی تەواو لە سووریا.
رووداو: وەکو دوایین پرسیار حەزدەکەم لەسەر دانوستاندنی کوردی – کوردی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە پرسیارتان لێبکەم، لە رۆژئاوا. وەک خۆشت دەزانیت، تائێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە. لەهەمانکاتدا هەبوون و دەستتێوەردانی پەکەکە لە ناوچەکەدا بووەتە جێگەی پرسیار بۆ وڵاتان و داوودەزگا نێودەوڵەتییەکان. چ رێگەچارەیەک دەبینیت بۆ رۆژئاوا، تاوەکو بتوانێت بەسەر هەموو ئەم ئاڵنگارییانەدا سەربکەوێت.
رۆبێرت فۆرد: لەم بابەتەشدا زۆر روون و راشکاو قسە دەکەم. پرسیاری زۆر هەن لەسەر پەیەدە وەکو پارتێکی سیاسی و یەپەگە وەکو باڵە چەکدارییەکەی سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر ئازادی سیاسی و ئازادی بەرهەڵستکاری. هەمووی چەند رۆژێک پێش ئێستا ئۆفیسی یەکێک لە پارتە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچەی رێڤەبەری خۆسەر سووتێندرا. ئەگەر نەتوانن پارتە سیاسییەکانی دیکە قبووڵبکەن، یەکخستنی ریزەکانیان کارێکی قورس دەبێت. دەبێت ئەوەش بڵێم کە هەبوونی درز لەنێوان ریزەکاندا، دەبێتە دەرفەتێک بۆ حکومەتی دیمەشق کە زوو بێت یان درەنگ کەڵکی لێوەربگرێت. پێموایە ئەمە هەڵەیەکی تەکتیکییە کە پەیەدە و باڵە چەکدارییەکەی دەیکەن.
رووداو: ئایا ئەوە سیاسەتی پەیەدە خۆیەتی یان کە پەکەکە پێیان دەکات؟
رۆبێرت فۆرد: دەزانیت چۆنە؟! ئەوە گرنگ نییە. لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی کە سیاسەتەکە جێبەجێدەکەن کەسانی سوورین و کار لەگەڵ یەکەکانی دیکەی پەکەکەدا دەکەن. ئەگەر کەسایەتییە سوورییەکانی نێو پەیەدە نەتوانن بەسەر ئەو هێڵەدا سەربکەون کە ئەو کارانە دەکەن، دەبێت بەشێک لە بەرپرسیارییەتەکە هەڵبگرن.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز فۆرد، زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان لە شاری مەینەوە. ئومێدەوارم هەولێر بێبەشتان نەکات لە داهێنانەکانی لە بواری تەکنۆلۆژیادا و بەشێکی بنێرێت بۆ شارەکەتان، تاوەکو ئێوەش باشترین ئینتەرنێتتان هەبێت و ئێمەش لێرەوە دیمەنەکەتان بە کوالیتییەکی باشتر ببینین، لە بەرنامەی داهاتوودا.
رۆبێرت فۆرد: تەنیا تەکنۆلۆژیاکە بەس نییە، پێویستیمان بە بزنسی ئینتەرنێتیش دەبێت. کەسانی زۆر بەتواناتان هەن لە هەولێر کە ئەو کارە دەکەن. پیرۆزباییتان لێدەکەم.

