رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریخستووە، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی کوشندە و مەترسیدارە کە زۆرجار لێکەوتەی تەندروستیی درێژخایەنی هەیە و وەک یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی تەندروستیی گشتی لە جیهاندا دەمێنێتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە دەدات، هەوکردنی پەردەی مێشک بەهۆی چەندین زیندەوەری وەک بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو و مشەخۆرەکانەوە دروست دەبێت. جۆری بەکتریایی مەترسیدارترینە، چونکە لە هەر 6 تووشبوو 1 کەس گیان لەدەستدەدات و لە هەر 5 تووشبوو 1 کەس دووچاری ئاڵۆزیی توند دەبێتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەڵێت "لە رێگەی نەخشەرێگای جیهانییەوە کار بۆ نەهێشتنی پەتاکانی هەوکردنی بەکتریایی پەردەی مێشک دەکات و ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2030 حاڵەتەکانی هەوکردنی بەکتریایی خۆپارێز بە ڤاکسین بە رێژەی 50% و گیانلەدەستدان بە رێژەی 70% کەم بکاتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو بەکتریایانەی دەبنە هۆی هەوکردنی پەردەی مێشک لە لووت و قوڕگی مرۆڤدا دەژین و لەڕێگەی دڵۆپەی هەناسەدان یان دەردراوی قوڕگەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێنەوە. هەڵگرتنی ئەم بەکتریایانە زۆرجار بێ زیانە و یارمەتیی دروستبوونی بەرگری دەدات، بەڵام هەندێک جار دەچنە نێو جەستە و دەبنە هۆی نەخۆشییەکە و ژەهراویبوونی خوێن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیشانەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵانی ساوادا جیاوازە و بریتییە لە کەمبوونەوەی چالاکی، زوو هەڵچوون، گریانی بەردەوام، کەم خواردن و ئەستووربوونی سەر. لە حاڵەتە بەکتریاییەکاندا، بەهۆی ژەهراویبوونی خوێنەوە، نیشانەکانی وەک ساردبوونی دەست و قاچ، هەناسەدانی خێرا، دابەزینی پەستانی خوێن و دەرکەوتنی پەڵەی پێست.
بۆ پاراستنی تەندروستی و خۆپارێزی پسپۆڕان و رێکخراوەکە رێنوێنی دەدەن:
- کوتان کاریگەرترین رێگەیە بۆ پاراستنی درێژخایەن دژی جۆرە باوەکانی هەوکردنی بەکتریایی پەردەی مێشک.
- راوێژکردن بە پزیشک بۆ وەرگرتنی دژەبەکتریای خۆپارێزی ئەگەر لەگەڵ کەسی تووشبوودا بژیت.
- شوشتنی بەردەوامی دەستەکان، بەتایبەت پێش خواردن و دوورکەوتنەوە لە هاوبەشیکردنی پەرداخ، کەوچک و فڵچەی ددان.



