رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژیی جەستە هۆشداری لەبارەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە دەدات و رایدەگەیێنێت، هۆکاری زۆر هەن بۆ هەوکردنی پەردەی مێشک بەتایبەت (ڤایرۆس، بەکتریا، کەڕوو و نەخۆشییە بەرگرییە دژەخۆییەکان).
د. محەممەد میرزا، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە و مامۆستا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بە رووداوی گوت: ئەگەر کەسێک تا، رەقبوونی مل، سەرئێشەی تووند یان تێکچوونی هاوسەنگیی جەستەی هەبێت، پێویستە دەستبەجێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە؛ بە تایبەتی لە منداڵاندا.
ئەو پسپۆڕە باسی ئەوەش دەکات کە پشکنین بەردەستە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری ئەو هۆکارەی کە بووەتە هۆی نەخۆشییەکە و تەنانەت لە هەندێک دۆخدا پشکنینی تیشکیی MRI یاخود CT Scan پێویستە.
هەوکردنی پەردەی مێشک چییە و نیشانەکانی چین؟
هەوکردنی پەردەی مێشک (Meningitis) بریتییە لە هەوکردنی ئەو پەردە پارێزەرانەی کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، ئەم نەخۆشییە دەکرێت بەهۆی ڤایرۆس، بەکتریا یان کەڕووەوە رووبدات و زۆرجار منداڵان و قوتابیان زیاتر رووبەڕووی مەترسییەکانی دەبنەوە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
- بەرزبوونەوەی لەناکاوی پلەی گەرمیی جەستە (تا)
- سەرئێشەیەکی تووند و بەردەوام
- رەقبوونی مل و ئەستەمی لە جووڵاندنیدا
- دڵتێکچوون و رشانەوە
- هەستیاریی زۆر بەرامبەر رووناکی
- بێهێزیی زۆر، خەواڵوویی نائاسایی و تێکچوونی هۆش
- دەرکەوتنی پەڵەی سوور یان مۆر لەسەر پێست لە هەندێک حاڵەتدا
چۆن تووشی نەخۆشییەکە دەبیت؟
- بەرکەوتن بە کەسانی تووشبوو.
- ماچکردن، بەرکەوتن بە کۆکە و پژمەی کەسانی تووشبوو.
- نێرگەلە و ڤەیپکێشان.
- نەشووشتنی دەستەکان.
- نەشووشتنەوەی سەوزە و میوەکان بە باشی.
- مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخ بە بێ هەواگۆڕکێ.
- کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان (دەگمەنە).
- لاوازبوونی بەرگریی جەستە بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی تێکچوونی بەرگریی جەستە.
رێگەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە
* ڤاکسینی دژ بە هۆکارە باوەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک
* شووشتنی بەردەوامی دەستەکان.
* دوورکەوتنەوە لە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ کەسانی تووشبوو.
* چارەسەری زوو لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا.
پزیشک رێنوێنی دەدات لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا، بەتایبەتی بەرزیی پلەی گەرمی و رەقبوونی مل، دەستبەجێ نەخۆش بگەیێندرێتە لای پزیشک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
ئامارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک بەپێی تەندروستیی عێراق
لە ساڵی 2024دا سێ هەزار و 949 تووشبوو.
لە ساڵی 2025دا چوار هەزار و 129 تووشبوو.
لە سەرەتای ساڵی 2026 تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 358 تووشبوو کە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و پارێزگای واست 371 تووشبووی تێدا تۆمار کراوە.
لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە چۆنە؟
تۆمارکردنی حاڵەتەکانی (هەوکردنی پەردەی مێشک) لە عێراق رووی لە زیادبوونە، تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، سێ حاڵەتی نەخۆشییەکە لە سلێمانی تۆمارکراوە و دۆخیان جێگیرە، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەش هیچ حاڵەتێکی هەوکردنی مێشک تۆمار نەکراوە، "داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکرێت لە کاتی بوونی نیشانەکان بە زووی سەردانی نەخۆشخانە بکەن''.
د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: سێ حاڵەتی تووشبوون بە (هەوکردنی پەردەی مێشک) تۆمارکراوە و سەرجەمیان منداڵن، خۆشبەختانە تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: خۆشبەختانە تائێستا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە پارێزگاکە تۆمار نەکراوە و نەخۆشییەکە مەترسیدارە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە درەنگ پێی دەزانن، هەر بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین لە کاتی بوونی سەر ئێشە و تایەکی زۆردا بە زووی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و پشکنین بکەن.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "هیچ حاڵەتێکی هەوکردنی پەردەی مێشک لە دهۆک تۆمار نەکراوە و نەخۆشخانەکانی شارەکە سەرجەم ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ تۆمارکردنی هەر حاڵەتێک''.
لەو بارەیەوە، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "نە ئەمساڵ و نە پار هیچ حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە پارێزگاکە تۆمار نەکراوە''.



