رووداو - تەندروستی
زیاتر لە 100 ساڵ دوای دۆزینەوەی ئەنسۆلین، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک ناتوانن ئەنسۆلین و چاودێریی پێویست بۆ مانەوە لە ژیاندا بەدەستبهێنن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، یەکەمین رێنوێنییەکانی خۆی لەبارەی دەستنیشانکردن و بەڕێوەبردنی شەکرەی جۆری 1 لە کەسانی پێگەیشتوودا دەرکردووە، لەگەڵ راسپاردە بۆ هەموو بارودۆخەکان، لەنێویاندا شوێنە کەم دەرامەتەکان و باری لەناکاو و مرۆیی.
د. سۆرێن برۆسترۆم، بەڕێوەبەری نەخۆشییە نەگوازراوەکان و دەرووندروستی لە WHO گوتی، "ئەنسۆلین چارەسەرێکی بەسوودە، کە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر دۆزرایەوە. کەچی هێشتا زۆرێک لە تووشبووانی شەکرەی جۆری 1 ناتوانن ئەنسۆلینی هەرزان و کوالێتی بەرز بەدەستبهێنن."
لە ساڵی 2025ـدا، نزیکەی 9.5 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشبووی شەکرەی جۆری یەک بوون و لە هەمان ساڵدا 500 هەزار حاڵەتی نوێ دەستنیشانکراون. هەرچەندە زۆرجار وەک نەخۆشییەکی سەرەکیی منداڵان سەیر دەکرێت، بەڵام شەکرەی جۆری یەک کاریگەریی لەسەر کەسانی پێگەیشتووش دەبێت.
لە رێنوێنییە نوێیەکاندا، WHO ئاماژە بەوە دەکات کە تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک رۆژانە چەندین جار دەرزیی ئەنسۆلین وەربگرن و ژەمەکانیان بەپێی ئاستی گلوکۆزی خوێنیان رێکبخرێت. هەروەها پشکنینی بەردەوامی ئاستی گلوکۆزی خوێن بکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)