رووداو - تەندروستی
لەکۆی هەموو دەرچووانی خوێندنی بۆردی عەرەبیی پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە 22 وڵاتی عەرەبییەوە، پسپۆڕانی کورد پێشەنگیان گرتووە و زیرەکترینن. ئەوان حەوت کەسن کە یەکەمی سەر ئاستی پسپۆڕییە جیاوازەکان بوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی ئەو پسپۆڕانە کرد و ئەمڕۆ لە بووڵتەنی تەندروستیدا هەر یەک لە پسپۆڕەکان ئاماژەیان بە کێشە تەندروستییەکانی خەڵک کرد لە پسپۆڕییەکەیاندا و یەکێکیان گوتی: دەوالیی گون لەنێو نەوجەواناندا باو بووە. خانمە پسپۆڕێکی دیکەشیان ئامێرێکی هێناوە و دەڵێت، ''دەستنیشانی جۆری قژهەڵوەرین دەکات''.
''نەخۆشیی شەکرە باوە و گرووپە مەترسیدارەکان پشکنین بکەن''
د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی هەناو رایدەگەیێنێت، نەخۆشیی شەکرە باوە و لەنێو هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاد دەبێت، پاشانیش ئەوانەی تووشی شەکرەی جۆری یەک بوون پێویستە ئاگاداری وەرگرتنی دەرمانەکانیان بن.
بەگوتەی د. هێرش دەربەندی، جگەرەکێشەکان یاخود ئەوانەی قەڵەو و کێشزۆرن، پێویستە پشکنینی شەکرەیان بکەن، هەروەها ئەوانەشی کە لە ماڵباتەکانیان تووشبووی شەکرە هەیە.
لەبارەی نیشانەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات، زۆرخواردنەوەی ئاو، وشکبوونی لێو و دەم لەگەڵ زوو زوو میزکردن نیشانەی باوی شەکرەن و بۆ دڵنیابوونەوە دەبێت پشکنین بکرێت و دوا نەکەوێت.
لەبارەی پسپۆڕی و خوێندنەکەیەوە گوتی: تەنیا تەواوبوونی کۆلێژی پزیشکی، ناتکاتە پزیشکێکی سەرکەوتوو، بەڵکو خوێندنەوەی پزیشک هەمیشەییە.
''شیری دایک دەرمانە بۆ کۆرپە''
د. زاریا شێروان، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون کە یەکێکی دیکەیە لەوانەی یەکەم بووە لەسەر ئاستی پسپۆڕییەکەی باسی شیری دایکی کرد و بە رووداوی گوت: ئەوە تەنیا خۆراک نییە، بەڵکو وەکو دەرمانێکە کە دەدرێت بە منداڵ و بەرگریی بەهێز دەکات.
د. زاریا شێروان دەڵێت: شیری دایک منداڵ لە شەکرە، قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن و پەتاکان دەپارێزێت، چونکە منداڵ پتەو دەکات و بە سرووشتی گەشەی پێدەگەیێنێت.
لە کۆتاییدا باسی چاودێریی ماوەی دووگیانی کرد و گوتی ''لە بنکە تەندروستییەکاندا دایکان پێویستە جەخت لە چاودێریی خۆیان بکەنەوە لەماوەی دووگیانیدا و بچنە ئەو بنکانە بۆ ئەوەی رێنوێنیی پێویست وەربگرن''.
ئامێرێک بۆ دەستنیشانکردنی جۆری قژهەڵوەرین
د. هێلین بورهان، پسپۆڕی پێست بەشداربوویەکی دیکەیە و ئامێرێکی هێناوەتە نێو ستۆدیۆ کە دەستنیشانی نەخۆشییەکانی پێست و جۆرەکانی قژهەڵوەرین دەکات ئەو دەڵێت: شێوە و جۆری تاڵ هەروەها جۆرەکانی قژهەڵوەرین بەو ئامێرە دیاریدەکرێت و زۆر وردە.
د. هێلین بورهان ئاماژە بەوە دەکات، گوشاری دەروونی باوترین هۆکاری قژهەڵوەرینە. لەکۆتاییشدا دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە متمانەی تەواویان بە پزیشکانی کورد هەبێت.
هۆکاری بەئاگانەهاتنەوەی نەخۆش دوای نەشتەرگەری چییە؟
د. هەورین عوسمان، یەکەمی سەر ئاستی پسپۆڕیی بێهۆشکاری لە بۆردی عەرەبی گوتی: ئاستی پزیشکانی کورد بەرزە و ئەوەی پێویستی بە باشتربوون بێت، ئاستی ئامێر و ئەو پێداویستییانەیە کە لەبەردەستی پزیشکانن.
بەگوتەی د. هەورین، پێش نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەری یاخود ئەوانەی لە چاودێریی چڕ خەوێنراون، بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆی پزیشکانی بێهۆشکارییە.
ئەوەش روون دەکاتەوە کە ئەو دەرمانەی بۆ بێهۆشکردن بەکاردەهێنرێت، مەترسیدار نییە، هەرچەندە کاریگەرییەکەی بە پێی نەخۆشەکان دەگۆڕێت، پاشانیش پێشکەوتنی کەرتی پزیشکی مەترسییەکانی بێهۆشکاریی کەم کردووەتەوە.
بەئاگانەهاتنەوەی نەخۆش دوای نەشتەرگەری پەیوەندیی بە جۆری بێهۆشکارییەکەوە نییە بەڵکو دەبێت هۆکاری دیکە هەبێت بۆ ئەوە.
''خەمۆکی نیشانەکانی درێژخایەنن''
د. عومەر لوقمان، پسپۆڕی دەروونی لەبارەی جیاوازیی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی گوتی: لە خەمۆکیدا ئەگەر نەخۆش نیشانەی درێژخایەنی هەبوو وەکو دڵەڕاوکێ، کێشەی بیرچوونەوە، کەمخۆری، تێکچوونی خەو و دڵتووندی بەتایبەت کە بۆماوەی دوو هەفتە بەردەوامبن، ئەوا بە خەمۆکی دەناسرێت.
د. عومەر لوقمان هۆشداریشی دا بە دایک و باوکان و گوتی: منداڵ تاوەکو تەمەنی دوو ساڵی نابێت هیچ ئامێرێکی زیرەک و ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت، لە سەروو دوو ساڵیشدا رۆژانە کاژێرێک بەکاریبهێنێت.
لەبارەی تێکەڵاویی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەی، بە باشی دەزانێت کە دایباب هەمیشە لەگەڵ منداڵەکانیان تێکەڵ بن و لەڕووی دەروونییەوە هەست بە ئاسوودەیی بکەن.
دەوالیی گون باو بووە و رێگەنەدانی مامۆستاکان لە چوونە دەرەوەی قوتابی لەنێو پۆلدا هۆکارێکی تێکچوونی سیستمی میزکردنی منداڵە
د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ لە منداڵان و د. عەلی ئیبراهیم، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ هەردووکیان یەکەم بوون لەسەر ئاستی پسپۆڕییەکەیان لە بۆردی عەرەبی و جەخت لەوە دەکەنەوە، میزبەخۆداکردنی منداڵ لەکاتی خەودا بەشێکی بەهۆی بۆماوەییەوە بەشێکی دیکەشی دەشێت (خەوی قووڵ، خواردنەوەی شلەی زۆر لە شەودا، کەمدەردانی هۆڕمۆنی دژەمیزتن و گەشەنەکردنی تەواوی قەبارەی میزڵدان).
د. بەیار عەبدوڵڵا دەڵێت: پێویستە لە قوتابخانەکان هۆشیاری لەوە بدرێت کە منداڵ ئەگەر حاڵەتێکی میزبەخۆداکردنی هەبوو، نەیشارێتەوە. بەڵام ئاماژەی بە سێ کێشەی باوی نێو قوتابخانەکان کرد کە ''دەبنە هۆی تێکچوونی میزکردنی منداڵ''؛
1- پیسیی توالێتەکان.
2- رێگەنەدانی مامۆستاکان لە چوونە دەرەوەی قوتابی لەنێو پۆلدا.
3- شەرمکردن بەتایبەت لەنێو کچاندا.
د. عەلی ئیبراهیم چەند رێنوێنییەک لەبارەی دەوالیی گون باس دەکات و رایگەیاند، ''نەشتەرگەرییەکانی دەوالیی گون لەنێو نەوجەواناندا باو بووە و رۆژانە لەنێو راوێژکارییەکاندا دەبینرێت.
بەگوتەی د. عەلی ئیبراهیم، تەنیا چارەسەری دەوالی نەشتەرگەرییە، بەڵام رێژەیەکی کەمی تووشبووان پێویستییان پێیانە و ئەوانی دیکە بە چارەسەری دیکە دەکرێت رزگارییان ببێت لە کێشەکە.


.jpg&w=3840&q=75)