رووداو - تەندروستی
دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، یاریزانان بەدووربن لە ماندووبوونی دەستەکانیان بەهۆی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەت کە ئێستا لە سەروبەندی خستنەبازاڕی نوێترین وەشانی GTAـین.
پسپۆڕانی بواری تەندروستیی بەریتانیا پێشنیاز دەکەن، چەند پشوویەک لە دوای هەردوو کاژێرێک هەبێت بۆ ئەوەی مەچەک و پەنجەکان تەندروست بن.
هەر بۆیە ئەمانەی خوارەوە پێشنیاز دەکەن کە یاریزانان پەیڕەویان بکەن؛
هەموو 20 خولەک جارێک، 20 چرکە سەیری دوورییەکی 6 مەتری بکە.
30 خولەک جارێک هەڵبستە و پیاسەیەک بکە.
مەترێک شاشەی یارییەکە لە چاوتەوە دوور بێت.
رووناکیی شاشەکە لەگەڵ رووناکیی ژوورەکە هاوسەنگ بێت.
2 کاژێر پێش خەوتن، یاریی ئەلیکترۆنی نەکرێت.
خۆت بپارێزە لە جووڵەی تووندڕەوانە.
با قاپێک میوە لە تەنیشتت بێت.
بەگوێرەی مایۆکلینیک، بەشێکی زۆری ئەوانەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن بەهۆی زۆربەکارهێنانی پەنجە و مەچەک و دەستیانەوە، دووچاری حاڵەتێک دەبن کە پێی دەڵێن پەککەوتن یاخود گیرانی بەستەرەکانی مەچەک. بۆ رێگەگرتنیش لەوە پێشنیاز دەکرێت، بە هێواشی دووگمەکان بەکاربێن، وەرزشی کشانی مەچەک و ماسوولکەکانی دەست بکرێت، کیبۆرد یاخود دەسکی یاری لە ئاستی قۆڵدا بێت و پەنجەکان نەنووشتێنەوە، دانیشتنی دروست هەبێت.
پێنجشەممە 19-11-2026 نوێترین وەشانی GTA بڵاو دەبێتەوە و دەخرێتە بەردەم بەکارهێنەران. بڕیارە کاژێر 8ـی بەیانی بەکاتی هەولێر لە ئەمریکا بڵاو ببێتەوە. لەکاتێکدا ئێستا لە هەندێک وڵات بڵاو کراوەتەوە و بەردەستە.
کۆمپانیای رۆکستار تەنیا بە فرۆشتنی پێشوەختە، یەک ملیار دۆلاری کۆکردووەتەوە، یارییەکەش بۆ هەشت خەڵاتی تایبەت بە یارییە ڤیدیۆییەکان بەربژێر کراوە. لە یارییەکەدا دەنگی 861 کەس بە دۆبلاژ بەکارهاتووە، بەشێکی زۆریشیان کەسانی بەنێوبانگ و هونەرمەندن. جی تی ئەی دوو وەشانی هەیە، ستاندارد بە 80 دۆلار و ئەڵتیمت بە 100 دۆلاری ئەمریکییە.



