رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی پەتای ئەنفلوەنزا (هەڵامەت) و پڕبوونی نەخۆشخانەکان، بڕیاری دا سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە شاری بۆکان بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بکاتە پشوو.
عەلی ئەکبەر سەمیمی، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای ئەنفلوەنزا لەناو قوتابیاندا، بڕیارماندا سەرجەم قوتابخانەکانی شاری بۆکان بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بکەینە پشوو."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، بەڕێوەبەری پەروەردەی ورمێ روونیکردەوە کە توانای وەرگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی بۆکان سنووردار بووە و بۆ پاراستنی تەندروستیی قوتابیان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاکە، ئەم رێکارە خۆپارێزییەیان گرتووەتەبەر.
عەلی ئەکبەر سەمیمی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و قوتابخانەکانی شارەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندن تێیاندا بەردەوامە.
لە شاری بۆکان و گوندەکانی سەر بە شارۆچکەکە، نزیکەی 50 هەزار قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندندا هەن.




