رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی شاریقە ئەنجامدراوە، دەریدەخات شیرپێدانی سرووشتی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کەمبوونەوەی نیشانەکانی خەمۆکی لەنێو دایکاندا هەیە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (Discover Mental Health) بڵاوکراوەتەوە و چوار وڵاتی (لیسۆتۆ، مۆزەمبیق، نیپال و بەنگلادیش)ی گرتووەتەوە، ئەو دایکانەی شیری خۆیان بە منداڵەکانیان دەدەن، کەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی هەیە.
خەمۆکیی دایکان کاریگەری لەسەر نزیکەی 13%ی دایکان لە جیهاندا دەکات، بەڵام ئەم رێژەیە لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەنددا بۆ نزیکەی 20% بەرز دەبێتەوە.
توێژینەوەکە، کە زیاتر لە 12 هەزار دایکی تەمەن 15 بۆ 49 ساڵی گرتووەتەوە، چەند دەرەنجامێکی گرنگی خستووەتەڕوو:
- پەیوەندییەکی پێچەوانە لەنێوان شیرپێدانی سرووشتی و خەمۆکیدا هەیە، واتە هەرچەندە شیرپێدان زیاتر بێت، خەمۆکی کەمتر دەبێتەوە.
- لە نموونەی توێژینەوەکەدا، 96.1%ی دایکان شیری خۆیان بە منداڵەکانیان داوە، لە کاتێکدا تەنیا 5.7%یان نیشانەکانی خەمۆکییان هەبووە.
توێژەران، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم دەرەنجامانە گرنگیی پەرەپێدانی بەرنامەکانی هاندانی شیرپێدانی سرووشتی دەردەخەن، نەک تەنیا بۆ تەندروستیی کۆرپە، بەڵکو بۆ پاراستنی دەروونیی دایکانیش.



