رووداو - تەندروستی
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یارییە ڤیدیۆییە گەورەکانی وەکو GTAـی شەش Grand Theft Auto VI، کە وا دەکات یاریزانان بۆ چەندین کاژێری بەردەوام لەبەردەم شاشەکاندا بمێننەوە، ناوەندە تەندروستییە جیهانییەکان هۆشداری لەبارەی زیانە جەستەییەکانی دانیشتنی زۆر دەدەن.
هەرچەندە یاریکردنی مامناوەند توانای سەرنج و هاوئاهەنگیی نێوان دەست و چاو بەهێز دەکات، بەڵام یاریکردنی بەردەوام بۆ ماوەیەکی زۆر، گوشارێکی بەرچاو لەسەر چاوەکان و کۆئەندامی دڵ دروستدەکات.
بەگوێرەی کۆمەڵەی پزیشکانی چاوی ئەمریکی، لەکاتی یاریکردنی بەردەوامدا، رێژەی چاوتروکاندن لە مرۆڤدا لە 16 جار لە خولەکێکدا بۆ نزیکەی 8 جار کەم دەبێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ماندووبوونی چاو، وشکبوونەوە، لێڵبوونی کاتیی بینین و سەرئێشە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە چوار کاژێر یاریکردنی بەردەوام، توانای ماسوولکەکانی چاو بۆ سەرنجدان لاواز دەکات.
بۆ رێگریکردن لەمە، دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS)، پێشنیازی یاسای 20-20-20 دەکات: هەموو 20 خولەک جارێک، بۆ ماوەی 20 چرکە سەیری شتێک بکە کە لانیکەم 20 پێ (نزیکەی شەش مەتر) دوور بێت.
جگە لە ماندووبوونی چاو، دانیشتنی بێ جووڵە بۆ چەندین کاژێر مەترسیی جیدی لەسەر تەندروستی دروستدەکات، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، هۆشداری دەدات کە دانیشتنی زۆر لەبەردەم شاشەکاندا، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو و مردنی پێشوەختە زیاد دەکات. هەروەها توێژینەوەکانی تۆڕی JAMA جەخت لەوە دەکەنەوە کە دانیشتنی بەردەوام سووڕی خوێن خاو دەکاتەوە، ماسوولکەکانی مل و شان رەق دەکات و سووڕی خەو تێکدەدات.
چۆن بە سەلامەتی یاری بکەین؟
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، پێویست ناکات واز لە یاریکردن بهێنیت، بەڵکو دەتوانیت ئەم رێکارە سادانە پەیڕەو بکەیت:
- پشووی کورت: هەموو کاژێرێک بۆ ماوەی پێنج خولەک هەستە سەرپێ و پیاسە بکە بۆ چالاککردنەوەی سووڕی خوێن.
- ژینگەی گونجاو: رووناکیی ژوورەکەت لەگەڵ رووناکیی شاشەکە بگونجێنە و بە ئەندازەی درێژیی قۆڵێک لە شاشەکەوە دوور دابنیشە.
- وەرزشی هەفتانە: کەسانی پێگەیشتوو پێویستە هەفتانە لانیکەم 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دانیشتن.
- کاتی خەوتن: لانیکەم کاژێرێک پێش خەوتن یارییەکە بکوژێنەرەوە بۆ دڵنیابوون لە خەوێکی ئارام و قووڵ.


.jpg&w=3840&q=75)
