رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆمۆنوێلسی ڤێرجینیا لە ئەمریکا کە زیاتر لە 11 ملیۆن کۆرپە لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون دەرکەوتووە، بەهۆی کەم وەرگتنی ڤیتامین K، خوێنبەربوون بەهۆی کەمیی ڤیتامین K لەنێو کۆرپەکاندا زیادی کردووە.
د. ئەلیزابێس وۆڵف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: لێکۆڵینەوە پێشوەختەکان پێیان گوتبووین کە رەتکردنەوەی ڤیتامین K لە ئەمریکا لە زیادبووندایە و ویستمان بزانین هیچ دەرئەنجامێکی راستەقینەی ئەم رەوتە هەیە یان نا، بۆمان دەرکەوت کە وەڵامەکەی بە دڵنیاییەوە بەڵێیە، چونکە رێژەی کەم وەرگتنی ڤیتامین k و خوێنبەربوون بەهۆی کەمیی ڤیتامین K لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەماندا بە رێژەی 347% زیادی کردووە.
ڤیتامین K بۆ چالاککردنی ئەو پرۆتینە تایبەتمەندانە گرنگە کە بۆ مەیینی خوێن پێویستن، منداڵانی تازە لەدایکبوو کەمیی ڤیتامین Kـیان هەیە بەهۆی گواستنەوەی نائاسایی ڤیتامین K لە وێڵاشەوە، هەروەها هەڵمژینی خراپی لە ریخۆڵە و گەدە و نەبوونی لە نێو شیری دایکدا.
کەمیی ڤیتامین K، لەنێوان تەمەنی یەک هەفتە بۆ 6 مانگیدا روودەدات، 30% بۆ 60% مەترسیی خوێنبەربوونی ناوەکیی زیاددەکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە مێشک یان مردن.
ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکیی منداڵان لە ساڵی 1961ـەوە پێشنیازی یەک ژەمە دەرزیی ڤیتامین K بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو دەکات، بەڵام لە دەیەی رابردوودا دایکان و باوکان زیاتر وازیان لەو دەرزییە هێناوە.



