رووداو - تەندروستی
د. ئاڵا بەرزنجی، پسپۆڕ و توێژەری ژیریی دەستکرد لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ژیریی دەستکرد لەنێو پەروەردە و فێرکردندا بەکاردێت و AI لەنێو هەموو قوتابخانەیەکدا هەیە.
ئەو ئاشكرای دەکات، ژیریی دەستکرد هاوکارە لە کارەکانی قوتابییان لە هەموو قوتابخانەیەک و لە بەریتانیاش ژیرییە دەستکردەکان لە بواری تەندروستیدا زۆر بەکاردێن بەتایبەت بۆ دۆزینەوەی دەرمانی نوێ.
رۆز دڵشاد، ئەندازیاری تەکنەلۆژیای زانیاری لە بەریتانیا داهێنانێکی کردووە کە ژیریی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ چارەسەری کێشەی بەساڵاچووان یاخود ئەوانەی بیریان دەچێت دەرمانەکانیان بخۆن، لەوەی کە بڕ و کاتی خواردنی دەرمانەکانیان پێدەڵێت.
ئەو روونی دەکاتەوە، بۆکسێکیان دروستکردووە کە هەموو دەرمانەکانی تێدا بێت و بە پێی کاتی خواردنی دەرمانەکان، بۆکسەکە دەکرێتەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی.
هەرچەندە ئەوە هێشتا بڵاو نەبووەتەوە لەنێو بازاڕەکاندا، بەڵام رۆز دڵشاد گوتی کە کاری جیدی لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەردەست بێت بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە و ئەڵزهایمەر بوون.


