رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی راپەڕین ژیریی دەستکرد بۆ زوودەستنیشانکردنی شەکرە بەکاردێت و توێژەری سەرەکی دەڵێت: ئەو زانیارییانەی بەکارهاتوون، جگە لە کەسی تووشبوو، ئەوانەشی پێ دەستنیشان دەکرێن کە لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە.
لە توێژینەوەیەکی ماستەرنامە کە دواتر لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی AIMS Bioengineering – 2026 بڵاو کراوەتەوە، هەوڵێکی ورد و نایاب دراوە بۆ ئەوەی لەمەودوا بە کردەیی ژیریی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا بەکاربێت و ئامانجەکەش زوودەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8-11-2026 دیدار عەبدولڕەحمان، پسپۆڕ و توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەم چوارچێوەیە بە بەکارهێنانی چەندین مۆدێلی زانیاریپێدەر و ژیریی دەستکرد دروستکراوە کە کۆنتڕۆڵکردن، هاوسەنگکردن و ئەگەری پێشبینیکردنی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە دەستنیشان دەکات.
دیدار عەبدولڕەحمان روونی دەکاتەوە، توێژینەوەکە لەسەر دوو داتاسێتی PIMA و CDC، بە بەکارهێنانی زانیارییەکانی 254 هەزار و 448 کەس تاقیکراوەتەوە و توانای ناسینەوەی زۆر باشی بەدەست هێناوە.
لە کۆتاییدا ئەوەش باس دەکات کە تەکنیکەکە دەتوانێت یارمەتیی پزیشکان بدات بۆ ناسینەوەی زووی کەسانی مەترسیدار بە نەخۆشیی شەکرە یاخود ئەوانەشی کە شەکرەیان هەیە و پێیان نەزانیوە.
لەگەڵ دیدار عەبدولڕەحمان، ئارام رەسووڵیش توێژەری ئەم توێژینەوەیە بووە و بڕیارە لە داهاتوودا زانیارییە بەدەستهاتووەکان بکرێنە ئەپلیکەیشنێک بۆ ئەوەی بە کردەیی هاوکارێکی باشی بەکارهێنەران بێت بەتایبەت پزیشکان.



