رووداو - تەندروستی
راپۆرتێک کە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییەوە کە بنکەکەی لە هیندستان و ئەمریکایە ئاشکرای دەکات، قەبارەی بازاڕی جیهانیی دڵی دەستکرد لە ساڵی 2025ـدا گەیشتە 3.41 ملیار دۆلار. پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بەهاکەی بۆ 3.83 ملیار دۆلار بەرزببێتەوە. هەروەها، چاوەڕوان دەکرێت بازاڕەکە تا ساڵی 2034 بە رێژەی گەشەی ساڵانەی 10.2% گەشە بکات و قەبارەکەی بگاتە 8.35 ملیار دۆلار.
تیمێکی پزیشکی و پسپۆڕانی نەشتەرگەریی دڵ لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ئەمریکا و ئەورووپا رایانگەیاند، تەکنەلۆژیای نوێی دڵی دەستکرد ئێستا بە سەرکەوتوویی وەک چارەسەرێکی هەمیشەیی بەکاردەهێنرێت. ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە لە قۆناخی کۆتایی پەککەوتنی دڵدان.
د. مایکل گریفیس، پسپۆڕی دڵ دەریخستووە، نەوەی نوێی دڵی دەستکرد بەهۆی سیستمی پێشکەوتووی مەگناتیسییەوە، بە سەرکەوتوویی وەک چارەسەرێکی هەمیشەیی بەکاردەهێنرێت و کوالێتیی ژیانی نەخۆش بۆ ماوەی چەندین ساڵ باشتر دەکەن.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا و فیدراسیۆنی جیهانیی دڵ، زیاتر لە 64 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست پەککەوتنی دڵەوە دەناڵێنن،بەشێکی بەرچاویان پێویستیان بە چارەسەری پێشکەوتوو هەیە. بەهۆی کەمیی دڵی بەخشراوەوە، ساڵانە تەنیا نزیکەی 5,000 بۆ 6,000 نەشتەرگەریی چاندنی دڵ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وا دەکات زۆرینەی نەخۆشانی چاوەڕوانکراو بۆ مانەوە لە ژیاندا پشت بە دڵی دەستکرد یان ئامێرە یارمەتیدەرەکان ببەستن.
بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ و دوورکەوتنەوە لە قۆناخە مەترسیدارەکان، پزیشکان ئەم رێنوێنییانە دەدەن؛
- کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن، شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
- سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکانی ماندووبوون و تێكچوونی لێدانی دڵ.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، خواردنی ناتەندروست و ئەنجامدانی وەرزش.



