رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن پەیمانگەی کارۆلینسکا لە سوێدەوە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری پزیشکیی (Neurology) بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندیی نێوان ماوەی وەچەخستنەوە و بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان لەگەڵ تەندروستیی مێشک دۆزیوەتەوە.
پڕۆفیسۆر د.ئانا مارسیلیا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "خانمان زیاتر لە پیاوان تووشی نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر دەبن، ئەمە لەوانەیە پەیوەندیی بە گۆڕانی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجینەوە هەبێت بە درێژایی ژیان، ئیسترۆجین هۆرمۆنێکە کاریگەریی پارێزەری هەیە لەسەر خانە دەمارییەکان و خوێنبەرەکانی مێشک."
توێژینەوەکە، 352 خانمی تەمەن 70 ساڵی گرتووەتەوە کە لە سەرەتادا کێشەی ژیرییان نەبووە، توێژەران ماوەی وەچەخستنەوەی هەر خانمێکیان هەژمار کردووە، کە بریتییە لە ژمارەی ساڵەکانی نێوان یەکەم سووڕی مانگانە و تەمەنی نائومێدی، دەرکەوتووە ئەو خانمانەی ماوەی وەچەخستنەوەیان درێژتر بووە، 8% کەمتر نیشانەکانی نەخۆشیی خوێنبەرە بچووکەکانی مێشکیان هەبووە.
هەروەها، ئەو خانمانەی چارەسەری هۆرمۆنیی تەمەنی نائومێدییان بەکارهێناوە، 59% کەمتر لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرە بچووکەکانی مێشکدا بوون.
نەخۆشیی خوێنبەرە بچووکەکانی مێشک، کاریگەری لەسەر خوێنبەرە وردەکان دەکات و پەیوەندیی بە جەڵتەی مێشک، تێکچوونی ژیری و بیرچوونەوەوە هەیە.
سوودەکانی چارەسەری هۆرمۆنی جێگرەوە (HRT) بۆ خانمان بریتین لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەک گۆرانی کەیف، ئارەقکردنەوەی شەوانە، پارێزگاریکردن لە تەندروستیی ئێسک و کەمکردنەوەی مەترسیی پووکانەوە، باشترکردنی باری دەروونی و خەو، چارەسەرکردنی وشکبوونی زێ، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسیی هەندێک نەخۆشیی درێژخایەن وەک نەخۆشییەکانی دڵ. بێگومان، بەکارهێنانی ئەم چارەسەرییە دەبێت بە رێنوێنی پزیشکی پسپۆڕ بێت.



.png&w=3840&q=75)